کارەبای هەرێم لەکوێ باشترە ؟

عەبدولرەحمان عەلی
مانگێک پێش ئێستا هاوڵاتیانی ئەڵمانیا سەرقاڵی ئاهانگ گێڕانی جۆراوجۆر بوون بەهۆی ئەوەی کەبۆ ماوەی ۳۲ ساڵ تەنها بۆ خولەکێکیش تەزووی کارەبا لەو وڵاتە نەپچڕاوە لەهیچ ماڵ وشەقام وگەڕەک وشارێکدا ، ئەمە جگەلەوەی لەهەر وڵاتێکی پێشکەوتووتێگەیشتوی دنیادا گەر بۆ چەند چرکەیەکیش تەزوی کارەبا بەهەرهۆیەک نەمێنێت ئەوا بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هەر زوو داوای لێبوردن لەهاوڵاتیانی خۆیان دەکەن لەوبارەیەوە .
لەم هەرێمی کوردستانەشدا کەکورد چارەکە سەدەیەکە خۆی حوکمڕانی دەکات وتاکو ئێستاش هەشت کابینەی حکومی دروستکراوە کەچی هەرئالەم ئان وساتەدا هێندەی ژمارەی کابینەکان کاتژمێری کارەبا یان هەندێ جار کەمتریش کارەبا دەدرێتە هاوڵاتیانی .یان دەکرێت ئەوەش بپرسین گەرلەماوەی ۲٤ساڵی بنیادنانی حکومەتی هەرێمدا هەرساڵەو چارەسەر بۆتەنها کاتژمێرێکی کارەبای هەرێم بکرایە بۆ دۆخی کارەبالەئێسادا بەو شێوەیە دەبوو .
باشە بۆدەبێت دوای چارەکە سەدەیەک لەحوکمڕانی دانیشتوانی ئەم هەرێمە ژیانی مرۆڤەکانی وەک چاخی بەردین تاریک ونوتەک بێت ؟
ئاخەر من نازانم بۆدەبێت لەم مەملەکەتەی ئێمەدا هێندە باسی کارەبای موەلیدەو ڕەئیسی کرابێت ،کاتی کەمنداڵێکی تازەلەدایک بوو زمانی قسەکردنی دەپژێت لەجیاتی گڤەوبڤەو دایەوبابە یەکەم قسەی بریتی بێت لەوەی کەکارەبا موەلیدەیە یان ڕەئیسی .
چەندین ساڵە مژدەی باشبونی سێکتەری کارەباو ئاو بەگوێی خەڵکیدا دەدرێت وپێیان دەوترێت گەرحکومەت نەیتوانی چارەسەر بۆئەم کێشانە بدۆزرێتەوە ئەوا هەقە ئەم حکومەتە ماڵئاوایی بکات ،
کەچی نەک چارەسەریان بۆ نەدۆزرایەوە بەپێچەوانەوە قەیران وکێشەکان هێندەیتر زیادیانکردوە بەشێوەیەک خەریکە بەتەواوەتی پڕسک لەهاوڵاتیان دەبڕێت وبەتەواوەتی نائومێدیشیان دەکات .
بەداخەوە بەرپرسانی ئەم هەرێمە لەبری داوای لێبوردن لەخەڵکی  وداننان بەشکستی حوکمڕانی لەچارەسەرکردنی گرفت وقەیرانەکاندا کەچی قوڕوقەپی لێکردوەولەئاست ئەم هەموو نەهامەتیانەدا خۆی لێکردۆتە کەڕڕەی شەربەت ومێشێکیش میوانی نیە .
من تێناگەم هەرێمێک کارەباکەی بەسەرەبێت ، پێدانی ئاو بەسەرەبێت ،موچەپێدانیشی بەچارەک ونیوە بێت ،سوتەمەنی هەرنەبێت ،کاری تێداوەستابێت .....هتد .
تۆبڵێیت دوای ساڵانێکی ترکەنەوەکانمان مێژووی ئەم سەردەمە دەخوێننەوە ، وسەیردەکەن کەژیان لەئەستەم نزیکبۆتەوەو پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیش بەسەرە دراونەتە هاوڵاتیانی چ کۆمێنتێکیان بۆدەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەبێت .
لەدواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆدیاریکردنی ئەو وڵاتانەی کەزۆرترین گەندەڵیان تێدایە یان کەمترین ڕێژەی گەندەڵی ، عێراق هەشتەمین وڵات بوو لەدنیادا لەڕووی زۆربوونی گەندەڵی تێیدا و سێهەمین وڵاتی جیهانیش سودان بوو ،کەماوەیەک پێش ئێستا کاتێ کونسوڵگەری سودان و وەزارەتی کارەبای هەرێم پێکەوە کۆبونەوەیەکیان سازکردبوو ،وەزارەتی کارەبای هەرێم بەکونسوڵگەری سودانی وتبوو کە دەیانەوێت سود لەئەزمون وشارەزایی وڵاتی سودان وەربگیرێت بەتایبەت لەبواری کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی کارەبا .
ماوەتەوە بڵێین هەرێمێک کەبیەوێت لەم دنیا فراوانەدا سود لەئەزمونی سێهەمین وڵاتی گەندەڵی جیهان وەربگرێت کەسودانە ، هەرێمێک کەخەڵکەکەی هەفتانە شەوێک ماڵەکەکەی بکەیتە تاریکستان بەناوی سەرەمحەویلە ، هەرێمێک هێندە کارەبا نەداتە هاوڵاتیانی تاکو مۆبایل وکۆمپیوتەرەکانیان پڕی شەحن بێت ، ئاخەر پێمان ناڵێیت بەڕێز کارەبای هەرێمی کوردستان لەکارەبای چ وڵات و تەنانەت کۆلکە وڵاتێکیش باشترە .
بۆیە هەندێ جارگەر قسەکردن زیو بێت ئەوا نەکردنی زۆرباشترە.

16/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر