لەڕۆژی جیهانیەکەیدا، لەهەرێمی کوردستاندا کۆکردنەوەی پارە(داهاتی)ئاو دەدرێتە کەرتی تایبەت:

عەبدولرەحمان عەلی

ساڵانە وڵاتانی دنیاو ئەوانەی لەگرنگی وبەهای ئاو دەڕوانن لەبەرواری( ۲۲-۳)دا کەلەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕۆژی جیهانی ئاو دیاریکراوە ، باس لەگرنگی ئاو ، بەڕێوەبردنی  ، پاراستنی ، مەترسیەکان وکەمبونەوەی ئاو دەکرێت .
لەم ڕۆژەدا شارەزایانی بوارەکە لەوڵاتاندا سەرقاڵی پلان و بەرنامەڕێژین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان بۆئاوی خاوێن وشیرین ، ئاوی پێویست بۆکشتوکاڵ ، کەرتەکانی پیشەسازی وگەشتیاری و...... هتد.
لەئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم مەترسی بێ ئاویدایە ، عێراقیش لەو وڵاتانەیە کە هەڕەشەی تینوێتی لەسەرە ، ساڵانی دادێ ئاولەعێراقدا بەتەواوی کەم دەکات کەهۆکارێکی سەرەکی وشکەساڵیەو هۆکارێکی تریشی ئەو ڕێوشوێنانەیە کەوڵاتانی تورکیا ، ئێران، سوریا گرتویانەتەبەر.
عێراق ساڵانە پێویستی بە لانی کەمی ( ٥۰)ملیارمەترسێجائاوهەیە بۆهەموو کایەوسێکتەرەکان ، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی وڵاتەکەی بەم شێوەیە پۆلێنکردوە :
 لە( ۷٥٪)بۆ بواری کشتوکاڵ ،لە ( ۱۲٪) لەهۆڕەکاندا بەکاردێت، لە ( ۸٪)ی لەناوماڵاندا ، لە( ۲٫٥٪)ی بۆکەرەستەی بیناسازی ، لە ( ۲٫٥٪)یشی بۆحەوزەکانی ماسی .
ئەمەجگەلەوەی توێژینەوەکانی هەمان وەزارەت ئاماژە بەوەدەکەن کەلەئێستادالە(۳۰٪)ئاوکەمیکردوەو ساڵی داهاتوش ڕێژەی کەمکردنەکە بەرزدەبێتەوە بۆلە( ٥۰٪) ، کەهۆکارەکانی کەمئاویشی گەڕاندۆتەوە بۆ دروستکردنی بەنداولەوڵاتانی دراوسێ ، زۆربونی دانیشتوانی عێراق ودراوسێکان ، سەرپێچیکردن وبەفیڕۆدانی ئاو .
لەگەڵ ئەوەی سێ بەشی ئاوی عێراق بۆکشتوکاڵ بەکاردێت کەچی هەرلەمساڵدا یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی کەبۆگەنم بەکاردەهێنران بونەتە دێم وبیابان .
 لەهەرێمی کوردستاندا لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئاوێکی زۆرین لەڕووی شیرینی وسازگارییەوە بەڵام نەتوانراوە ئاوی پاک وپێویست بۆهاوڵاتیان دابین بکرێت ، نەتوانراویشە زەوییەکشتوکاڵیەکانیشمان بەراوبکرێت لەڕێگەی پڕۆژەی ئاودێریی و شێوازی ئاودانی پێشکەوتوودڵۆپاندنەوە .
بەواتایەکی تر لەگەڵ هەبوونی ئاو لەهەرێمدا بەڕێژەی چەندین هێند زیاتر لەو بڕەی کەهەیە بەپێی پێداویستی ژمارەی دانیشتوانەکەی ،کەچی  کێشەی ئاو لەهەرێمدا ساڵانە زێدەتردەبێت بەشێوەیەک کەبۆتە کێشەیەکی درێژخایەن وهەمیشەیی وبێ چارەسەر.
ئەوەی وایکردوە کە لەهەرێمدا نەتوانرێت چارەسەری ڕیشەیی بۆسێکتەری ئاوو گرفتەکانی بدۆزرێتەوەجگەلە نەبونی پلانێکی وردو تۆکمە ، نەبونی یاسایەکی تایبەتە بەبەڕێوەبردن وپاراستنی ئاو، هەرچەندە ئێمە وەک لیژنەی کشتوکاڵ وئاژەڵداری وئاودێری وبەنداوەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبەرواری (۱٦-۱۱-۲۰۱٤) پڕۆژەیەکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرد و دوای مانگێکیش خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا و دواتریش بۆدەوڵەمەندترکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەت ، زانکۆکانی کوردستان ، ڕێکخراوەکانی تایبەتمەندوشارەزایانی بوارەکە دیبەیت و وۆرک شۆپمان ئەنجامداوە ، دواین هەوڵیش بۆکردنی پڕۆژەکەبەیاساوخستنەبواری جێبەجێکردنەوە لەمانگی (۱۱)ی ساڵی (۲۰۱۷)بوو کە کۆبونەوەمان لەگەڵ لیژنەی یاسایی کرد تاکو ڕاپۆرتی هاوبەشی بۆ بنوسرێت و بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان ، بەڵام بەبینانوی دروستکردنی ئیلتیزاماتی دارایی بۆحکومەت ،دەبێت ڕای حکومەتی بۆوەربگیرێت ئینجا بخرێتە بەرنامەی کارودواتربکرێتەیاسا ، بەڵام تائێستاش نەحکومەت ونەبەرپرسەکانیشی وەڵامێکی ڕاست وڕونیان نەداوەتەوە بەپەرلەمان ولیژنەپەیوەندیدارەکان تاکو ئەویاسایە دەربچوێنرێت وهەرێم ببێتە خاوەنی یاسایەکی تایبەت بەبەڕێوەبردن وپاراستنی ئاوەکەی ،بەوەش  ئەوڕاستیەمان بۆڕووندەبێتەوە کەئەم  هەرێمەودەسەڵاتدارەکانی ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە ئاووسەرچاوەکانیەتی  کەپێداویستیەکی ڕۆژانەو بەردەوامی ژیانی مرۆڤەکانە.
لەمساڵیشدا واتا (۲۰۱۸) حکومەتی هەرێم ولایەنی پەیوەندیدار بڕیاریانداوە کە کۆکردنەوەی داهاتی ئاو بداتە چەندکۆمپانیایەک ودانانی پێوەری ئاو بۆماڵان وشوێنەگشتی وپیشەسازی وبازرگانیەکانیش دەبێتە بڕیارو هەرماڵ وشوێنێکیش پێوەردانەنێت ئەوا لەقۆناغی یەکەمدا بەبڕی (۱۰۰) هەزار دینار سزا دەدرێت ،و گەر هەرپێوەریان دانەنا سزاکان مانگانە زیاتردەبن بۆ(۲۰۰)هەزاروزیاتریش.
هەرێمی کوردستان بۆئەم مەبەستە کراوەتە چوار زۆنگ وهەرزۆنگێکیش دەدرێتە کۆمپانیایەک ،کەزۆنگەکان بەم شێوەیەدابەشکراون ( پارێزگای هەولێر ، سلێمانی ، دهۆک ، هەڵەبجەوئیدارەکانی گەرمیان وڕاپەڕین ) .
یەکێک لەداواکارییەکان کەبەسەرکۆمپانیاکاندا دەسەپێنرێت ئەوەیە کەدەبێت ڕوپێویەکی زۆنگەکان بکەن تاکو بزانرێت چەند هاوبەشی ئاو هەیە ، و چەندیان پێوەری ئاویان بەستوە گەر پێوەرێیان نەبەستبوو ئەوا کاتێکیان کەزیاترنەبێت لە ( دوومانگ ) بۆدیاریدەکرێت تاکو لەو ماوەیەدا پێوەرەکان ببەستن .
کۆمپانیاکان کەدەچنە ئەو زۆنگانە ئۆفیسی تایبەت بەخۆیان دەکەنەوەوداتابەیس دادەنێن  ، وەکارمەندانی بەشی داهات لەبەڕێوەبەرایەتی ئاوی شاروشارۆچکەکان وەک پێشتر بەردەوام دەبن لەسەرکارەکانی خۆیان ودواتر موچەکەیان
لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پێدەدرێت بەبێ پاشەکەوت .
کۆمپانیاکان لەسەرەتای مانگی (۱)ی ساڵی ( ۲۰۱۸) وە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوەو ماوەی ( ۱۰٥)ڕۆژیان پێدراوە تاکو ئامادەسازی خۆیان بۆکارەکان بکەن و ئامێرەکان پەیدابکەن بۆ گرتنی وێنەی کەش وڕوپێوی شارەکان .
وەپێدەچێت گەر ماوەیەک کاتەکەیان بۆدرێژنەکرێتەوە بەهۆی باران وخراپی کەش وهەوا ئەوا لەبەرواری ( ۲۰-٤-۲۰۱۸)وە کارەکان تەواوبکرێت ودەست بکەن بەخوێندنەوەی پێوەرەکان وکۆکردنەوەی پارەی ئاو ، دواتر کارەکانی دانان وچاودێریکردنی پێوەری ئاوو کۆکردنەوەی داهاتەکەشی بۆماوەی ( ۷)ساڵی تەواو دەدرێتە کەرتی تایبەت لەڕێگەی ئەو چەند کۆمپانیایەوەکە گرێبەستیان لەگەڵداکراوەلەلایەن حکومەتەوە .
بەپێی وتەی بەرپرسانی بوارەکە کەبەدواداچونمان بۆکردوە دەڵێن ئامانج لەکارەکە ئەوەیە بتوانرێت چیدیکە ئاو بەفیڕۆ نەچێت و ئاوبپارێزرێت وبشتوانن ئاوی پێویست بۆهاوڵاتیان وشوێنەکانی تر دابین بکەن ، ئەمەجگەلەوەی کەحکومەت نەیدەتوانی داهاتی ئاو کۆبکاتەوە.
ماوەتەوە بوترێت پێویستە ئامانجی گەورە لەکارێکی لەوشێوەیە بریتی بێت لە پاراستنی ئاو ، پێدانی ئاوی پێویست بەهاوڵاتیان بەپێی ستاندارد کەڕۆژانە بۆ هەرهاوڵاتیەک پێدانی ( ۲٥۰) لیتر بێت، پاراستنی مافی تەواوی کارمەندانی کەرتی گشتی کەپێشتر لەوشوێنانە کاریانکردوە ،هەروەها لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی هاوڵاتیان لەڕووی ئابورییەوە بێت ، نەک مەبەست لێی دەوڵەمەندکردنی چەند کۆمپانیایەکی حیزبی و خۆدزینەوەی حکومەت بێت لەبەرپرسیارێتی ، چونکە لەبنەڕەتدا دەبێت حکومەت خزمەتکاری هاوڵاتی بێت نەک ببێتە باروپێشێلکردنی مافەسەرەتاییەکانی کەدابینکردن وپێدانی ئاوی پێویست یەکێکیانە  .

ـــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا ..... ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وئاژەڵداری وئاودێری وبەنداوەکان لەپەرلەمانی کوردستان.
 ۲۲ ی ئازاری ۲۰۱۸ .


23/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر