لە ٨ مارسدا بۆ دوو شاژنی مامۆستای کوردایەتی

ئاری هەرسین

زیاد لە سەدە و نیوێک بەر لە ئێستا کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) فەیلەسوف، ئابوریناس و سیاسەتمەدار و داڕێژەری قوتابخانەی مارکسیزم لە پێناسەکردنێ مەحرومیەتی (چینی چەوساوە) کە ئەو بە چینی کرێکار ناوی دەبات، شتێک لەم بابەتە دەڵێت: "بە درێژایی مێژوو، بارە گرانەکەی کۆمەڵگای ئینسانی لەسەر شانی ئەوانە، کەچی کەس لەوان مەحرومتر نیە" . بە ھەمان مەنتیقی مارکس ئەم دەربڕینە لەسەر ئافرەتیش لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا ڕاستە... نەک ھەر ڕاستە، لەوانەیە ئەم مەنتیقە بەھێزتریش بێت. چونکە ئەگەر چینی (مەحرومەکان/کرێکار) دینامۆ و دینامیکی کۆمەڵگە بوبن، ئەوا ئافرە ت لە کۆ مەڵگەی بەشەریدا ئەندازیاری ڕێکخەری پەیوەندیە کۆماڵایەتیەکانە، کۆڵەکەی بچوکترین حکومەتی کۆمەڵگە (خێزان) ە، یەکەم ڕاھێنەرو مامۆستای پەروەردەیی ئینسانە

باسکردن لە مافەکای ئافرەت لە کۆمەڵگە مژارێکی ھێندە بەرفراوان و ئاڵۆزە، کە بۆ گوتارێکی لەم جۆرە متەوازیعە، ئینسان بەرەو درێژدادڕیەکی زێدەڕەوی دەبات. ھەر بۆیەش بەسەرچڵی ڕێگا بە خۆمان دەدەین لەم ساڵیادە زۆر گرنگ و پیرۆزەدا، ھەڵوێستەیەکی کورت و متەوازیع لەسەر پێگەی ئافرەتانی کورد بکەین، بەڵام زۆر بە مێژوودا ڕۆناچین

بە درێژایی سەردەمی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی لە کوردستان، بە تایبەتیش لە دەسپێکی شۆڕشی ئەیلولەوە، زۆر ئافرەتی ئازا و عەبقەری، ھاوبیرو مامۆستاو سەرکردەمان بوون. ژمارەی ئەم خانمە یەکەمانەی میللەتی کورد کەم نین، کە لە ڕێکخراو و قەوارەی سیاسی جیاوازدا بەرجەستەی سەردێر و ژێردێڕی مێژووی نەتەوەکەمان بوون. باسکردن و ناوھێنانی ھەمویان لەم گوتارەدا ئەستەمە. بۆیە وەک سیمبۆلیک و وەفایەک بۆ ئەفرەتانی شۆڕشگێڕ و بلیمەتی میللەتەکەمان، دایە حەلاو و حاجی پیرۆز بە نموونە دەھێنینەوەو، ھەندێکیش لەسەر ئێستا قسە دەکەین

دایە حەلاو خێزانی شەھید مەحمود نەسروڵا (١٩٦٥ لە چیای سورکێو شەھید بوو). دایکی ھەردوو شەھید عومەری حەلاو (١٩٨٣ لە شارباژێڕ شەھید بوو) و جەمالی حەلاو (١٩٩٣ لە سلێمانی شەھید بوو). حاجی پیرۆز دایکی شەھید کەریم دانزێڕ ( ساڵی ١٩٦٧ لە سلێمانی) و نەنکی ڕێبوار کەریم دانزێڕ (١٩٩٦ لە زیارەت شەھید بوو). ئەم دوو ئافرەتە بە مانای ووشە شۆڕشگێڕبوون و تا سەر ئێسقان کەسانی نەتەوەیی و عاشقی خاکی پیرۆزی کوردستان بوون. لە بواری (ئیشە قورسەکەی) ڕێکخستنەکانی ناوشاریش پسپۆر بوون. بەشێکی گرنگی ئەرکی لۆجستیکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێکخستنەکانی ناوشاریان لەسەر شان بوو. ئەو سەردەمەی ئەوان ئازا بوون، زۆر (پیاو) جورئەتی ھێنانی ناوی پێشمەرگەی نەبوو و، تەنانەت مەرحەبای کەس و کاری پێشمەرگە (بۆ زۆر پیاو) غیرەتێکی دە ویست. تولەڕێی مەفرەزەی پێشمەرگە نەما ئەم دوو شێرە ژنە پاپوجە لاسیکەکانیانیانی تێدا نەدڕن و، دێھاتی کوردستان نەما نەبێتە مەنزە ڵیان.

لە ئێستادا پاش ٥٠ ساڵ لە مێژووی خەباتی کوردایەتی ڕەسەن و ڕەوانی دایە حەلاو و حاجی پیرۆز، ئافرەتی کورد پێگەکەی لەکوێدایە؟...

زۆر بەداخەوە لە ئێستادا ئافرەتی خاوەن باوەڕ و کوردستان پەروەر دەبێت سەر بە کوتلەیەکی (پیاوانە) لە حیزبەکەیدا بێت، ئینجا دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی حیزب یان ئەندامی پارلەمان یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا. ھەتا ئێستاش ئەندامەتی مەکتەبی سیاسی لە ھەر سێ حیزبی پارتی و یەکێتی و گۆڕان( وەک سێ گەورە حیزبی ھەرێمی کوردستان بە قەوارە) بۆ ئافرەت وەک قەدەغە بێت وایە. بەرپرسی مەکۆ و مەڵبەند و لق بۆ ئافرەت، وەک حەرام بێت وایە. ئەوە باسی ئەو ڕێکخراو و قەوارە تازانە ناکەین کە ناویان ھاتۆتە ناو ناواناوە، کە ھەر وەک مانگە شەوێک وان کە سەر لە ئێوارە کەیان زۆر بە ڕوونی دیارە

بە ویژدانەوە دەڵێین لەم خولەی پارلەماندا ڕۆڵی ئافرە تی کورد و تواناکانی، زیاد لە خولەکانی پێشوو بەرجەستەبوو ( ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئافرەتانی خولەکانی پێشووتر جێ پەنجەیان دیار نەبێت). گەورەترین شانازی پێگەیەی خاتوو پێگەرد تاڵەبانی سکرتێری پارلەمانە ( یەکەم ئافرەت لە مێژوماندا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمانی کوردستان) وەک خانمی یەکەمی پۆستی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان (لە دەرەوەی حیزب)، ھەروەھا دەوری ئافرەتانی دیکە لە لیژنە جیاوازەکان لە سەرجەم فراکسیۆنەکان ( کە بە مەبەستی بازدان بەسەر کەلێنی موزایەدەی سیاسی و شەخسی ناویان ناھێنین). ئەگەر (پیاوەتی) ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتی بێت و، (عاقڵ بوون ) یەک لە سیفاتی پیاوەتی بێت، ئەوا ئەو بەڕێزانە لە ھەندێک ھەڵوێستیاندا زۆر لە (ئێمەی پیاو) پیاوتر بوون

لە بواری ڕاگەیاندندا (کە بە دەسەڵاتی چوارە م ناوی دەبرێت) ئافرەتانی کورد پێ بە پێی پیاو کۆڵبەری ئەم ھەورازە سەختەی پرۆسێسی دیموکراسی کۆمەڵگەکەمان بوون، ئازان، نیشتیمان پەروەرن و شەھیدیش بوون (وەک شیفا گەردی)، ئیتر مەبە ستمان لە ستافی ئافرەتانی ھەموو کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندنەکانە

ساڵ ساڵی ٢٠١٨ یە و کورد ھەر یەکڕیز نیە. ساڵی ١٩٩٣ دایە حەلاو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ( بڕوانە ئەرشیڤی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان) لە چلەی دواھەمین پیاوی خێزانەکەی (کاک جەمالی حەلاو) گوتی: "با خوێنی کوڕەکەی من دوا دڵۆپی خوێنی براکوژی بێت. داوا ئەکەم لەپارتی و یەکێتی ھێزی پێشمەرگە و مالیە یان بکەن بە یەک. با لەوە زیادتر ماڵمان وێران نەبێت". حاجی پیرۆز ئەوکاتەی لە پرسەی کوڕەکەیدا سەرخۆشیان لێدەکرد گوتی:" من کوڕم بۆیە گەورە کردوە، بۆ ئەوەی بیکەمە قوربانی بۆ کوردستان، کوڕی من ھەر بە شەھید بوونە کە ئەتوانێ ئەجری ئەو نۆ مانگەم باتەوە کە بە سک ھەڵمگرتوە". دایە حەلاو و حاجی پیرۆز نەخوێندەوار بوون، بەڵام پێشمەرگەی حیزبەکانیان لێک جیا نە دەکردەوە... چونکە خۆیان بە دایکی ھەموو پێشمەرگەی کوردستان دەزانی.

ئافرەتی کورد لە ھیچ پیاوێکی سەر ئەم گۆی زەویە کەمتر نیە، بەڵام مەحرومە و دەسەڵاتی نیە. لەوانەیە جوانترین دەربڕین لەم ڕۆژەدا بۆ دایە حەلاو و حاجی پیرۆز و گشت ئافرەتە بەھرەدارەکانی نەتەوەی کورد، ئەم بەیتەی (گۆران) ی شاعیر بێت

ئەگەر خەڵقەت نەسیبی تۆی مەحکومی ئەم دەورە نەکردایە، خوا عالەم... لە کام عەرشت ئەسو داوێن

08/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر