دنیایەکی پیس و سەیرە گوڵم!

عەلی کەریمی


دنیایەکی پیس و سەیرە گوڵم!
عەجایب سیاسەت سوک بوە!
تۆ وەرە سەیر کە کێ بۆتە میراتگری شۆرشە مەزنەکەی فەرانسە و شۆڕشگێرانی گرتنی باستیل!
تۆ وەرە دوای زیاتر لە 220 ساڵ کێ پێشوازی و بۆتە هاوشانی سەرۆکی وڵاتێک کە بونیادگەری دیموکراسی و سێکۆلاریزم و ئازادی ژنە!
تۆ وەرە بزانە چلۆن ئەخلاق لە سیاسەتدا بزر بوە، نوێنەری نەتەوەی فەرانسی لە گەڵ نوێنەری دواکەوتووترین خێل و عەشیرەی سەر زەوی دەبێتە هاوشان و بۆ بەرژەوەندی مادی و دەسەڵات پێ لە هەموو بەها ئەخلاقی و سیاسییەکان دەنێت!
سەیرە کورد لە هەزارەی سێهەم بڕوای بەم جۆرە عەهد و پەیمانە درۆزنانەیەی سەرکردە بێ ئەخلاقەکانی ئەم جیهانە بکات و دڵی پێیان خۆش بێت!
سەیرە سەرکردە و ئێعلامی کوردی بەم چەشنە میللەتی خۆیان بە ڕاڕێدا بەرن و راستییەکان بە چەشنی ئەمڕۆی "رۆشنبیر" نا! (میرزا) کۆیلەکانی پارتی و بنەماڵە، لە خەڵک بشارنەوە!
بێز دەکەم لە هەرچی میرزاکانی بنەماڵە کە چۆن ئەم خەڵکە هەژارە چەواشە دەکەن!
ئەرێ بەراست بۆ ئەم جۆرە سەرۆکانەی وەک ئۆلاند زۆر زەحمەتە ئەگەر راست دەکەن لە نەتەوە یەکگرتوکان داکۆکی لە نەتەوەی کورد بکەن و هیچ نەبێ بڵێن کورد شایانی بە نەتەوە بوونە!
ئەی ئەگەر دڵسۆزی کوردن بۆ بە سەرکردە خێڵەکانمان ناڵێن وا نابێ وڵات بەرێوە بردن!
بەراستی ئەمڕۆی جیهان خاوەنی بێئەخلاقترین سەرکردەکانە!
دەبێ چەند عەیب بێ بۆ سەرۆکی وڵاتێکی دیموکرات و سێکولار و ئازادی و ژن و... شەرعیەت بدا بە سەرۆک خێلێک کە ئازادی و دیمۆکراسی و ژن و رۆژنامەنووسی خستۆتە ژێر قۆندەرەکانی و هەموو میللەتی کورد بە قوربانی یەک سەعاتی ماڵ و مناڵی خۆی و کورسێکەی دەکا!
خوا دەزانێ ئەم ئۆلاندەش وەک گالبرێس و خەلیلزاد و گارنەرەکان و... کەی و لە کوێ ماڵ و قوتی مناڵانی هەژاری کورد وەک موستەشاری بنەماڵە هەڵدەلووشێ!


03/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر