2017-04-04
زیاتر لە 50 ساڵە و پێشتریش
لە جولانەوەکانی گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد، دیمۆکراسی و چەپ بوون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی
و پێشکەوتوویی و بەراوردکردن بە وڵاتانی رۆژئاوا بۆتە هەوێنی شۆرشەکان و لەم دوایانەش
دا دوای راپەرینە مەزنەکە، خۆمان و دەروجیران و دۆست و دۆژمنانمان بە حکومەتە جۆجێیەکەی
هەریم گیڤ کردوە و گۆیا جیاوازی ئێمە لە گەڵ دەوروبەر و ئەم وڵاتانەی داگیرکەرمانن،
ئەوەیە کە ئێمەی کورد و حکومەتەکەی هەرێمی باشورمان لە سێستمی بەرێوەبەریماندا، شاخ
لە شاخی وڵاتانی سکاندیناوی و ئوروپا دەدەین و رۆژانە خۆمان و دیمۆکراسێکمان و مافی
مرۆڤەکەمان و پەرلمان و حکومەت و رێکخراوەکانمان
بە وان شوباندوە و گۆیا چاوی دوژمنانمان بەم حکومەتەی هەرێم کە بڕوای بە شەرعییەتی
کۆمەڵانی خەڵک هەیە کوێر کردوە و ئەوە ئێمەین دەبێ بەغدا و تاران و ئانکارا لێمان فێر
بن چۆن دیمۆکراسی و مافی خەڵکی خۆیان لە رێی دام و دەزگا شەرعییەکان بپارێزن.
ئەوە دووسێ ساڵە سەرنجام
رووی راستەقینەی دەسەلاتدارانی هەرێمی کوردستان لە بن عەبای تەزویر و موئامرە و دزی
و تاڵان دەرکەوتوە و زۆر خەڵکی وشیار لێی حاڵی بوو ئەم دنیایەی ئەوان سازیان کردوە
و دەرخواردی خەڵکی فەقیر و هەژاری دەدەن چەندی بە چەندە و مەرامی راستەقینەی ئەم دەسەڵاتە
لە ناوئاخنی خۆیدا چییە و بۆ چ مەبەستێکە؟!
سەرنجام دوای دوو ساڵ کێشمە
کێش و و خۆل بە چاوانی خەڵک داکردن و قۆرغی پەرلمان و ئیفلیج کردنی حکومەت و خەساندنی
دەزگای قەزای لە لایەک و خەڵک لە شک و گومان هێشتنەوە بە بیانوی شەڕی داعش و ناکۆکی
لە گەڵ بەغدا و دەیان بیانووی پڕ وپوچی تر و هەڕەشە بە بیانوی سەربەخۆیی و بێدەنگ کردنی
هەموو دەنگێکی رەخنە و دڵسۆزانە، تاقەتیان نەهینا بە بیانووی رێفراندوم دۆینێ رووی
راستەقینە و دژە دیمۆکراسی و حمەرەزاشایانە، سەدامانە، قەزافیانە، موبارەکانە و...یان
دەرخست!
کاکە زووتر بە زمانی سادە
نەک درۆزنانە ئێمە و ئەم میللەتەتان تێگەیاندبا باشتر نەبوو؟!
کورت و کرمانجی ئەم کوردستانەی
ئێوە گەرەکتانە ئەوە نییە کە دەیان ساڵە بە درۆ بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو بەڵێ هەرێمی
کوردستان پەرلمانی دەبێ، حکومەتی دەبێ، دەزگای دادوەری دەبێ و هەموو شتە جوانەکانی
ولاتێکی دیمۆکراسی دەبێ، بەلام بۆ دیکۆر و رازاندنەوەی ماڵەکەمان کە حکومەتی هەرێمی
کوردستان بێت، دەنا ئێمە چۆن ئیجازە دەدەین نوێنەرانی خەڵک بێن و لە پەرلمان قسەمان
بۆ بکەن و بریارمان بۆ بدەن؟! بۆ خۆمان دیوەخانمان نییە بۆ خۆمان وەلیعەدمان نییە بۆ
خۆمان کوێخا و نۆکەر و گزیرمان نییە؟! پەرلمان و حکومەت و ئەم شتە کارتونیانە دەبێ
هەبن، بەس تەنیا بۆ مواجیهە و بێدەنگ کردنی وڵاتان و رێکخراوە گەلی جیهانی گرەکمانە
نەک بۆ ئەوەی بەراستی بەکاریان بێنین!
بەراستی ئەوەی دۆینێ لە زاری
دوو بەرپرسی باڵای حیزبی بنەماڵەی بارزانی گوێبیستی بووم و دڵنییان کردینەوە تەنانەت
پرسێکی گرنگ و موقەدەسی وەک رێفراندوم و سەربەخۆیش پەرلمانی نەگەرەکە و هەر حیسێبی
بۆ ناکەین و خۆمان لە گەڵ هاوپەیمانەکەی ستراتیژی جارانمان و ئێستامان قەراری لێدەدەین
و گوێ بە کەسیش نادەین؛ بەش بە حاڵی خۆم دەبێ بڵێم زۆرتان لێ مەمنونم و ئەمە تەنیا
جارە زۆر بە راشکاوی و بە بێ درۆ و فریودان لە گەڵ میللەتی خۆتان قسە دەکەن!
لەم پەیامە ئیتر روونتر و
رۆشنتر دەبێ چی بێ کە ئەی ئۆمەت ئێوە هەمان خەڵکی سەردەمی دیکتاتۆرەکانن و ئەم زەرق
و بەرقی دیمۆکراسی و پەرلمان و شەرعییەت تەنیا بۆ نومایش و جوانکارییە دەنا ئێوەی خەڵکی
بەستەزمان و هیچ نەدیو و باسی دیمۆکراسی و ئەم شتانە کوجا مەرحبا؟!
جیلوە و ناوەرۆکی ئەم حکومەتەی
کە قەرارە دایمەزرێنن هیج پێچ و پەنای تیدا بەدی ناکەم و خەڵکی عاقڵ ئیشارەتێکی بەسە
کە چی ئەوان بۆیان لە بنی کولەکەش داوین؛ ئێمە جارێ زۆرمان ماوە بۆ دیمۆکراسی و پەرلمان
و حکومەتی راستەقینە، وڵاتی کوردستان ئی وانە و وەک هەموو وڵاتانی رۆژهەلاتی ناوەراست
بنەماڵەیەکی بەسە و باب و کوڕ و نەوە زۆرن بۆ بەرێوەبەرایەتی وڵات و سەرکوتی ئێوەی
خەڵک فەقیر و هەژار و داماو!
دیسان با ئارەزوو بکەین و
دوعا بکەین ئەم بنەماڵانە رێفراندوم بکەن و خۆیان ئاغا بن بەڵکو بتوانن لە داگیرکەری
و زوڵم و ستەمی بێگانە و رۆم و عەجەم رزگارمان کەن دواتر دەبێ لە ناعیلاجی بڵێین بۆ
عەدالەتەکەش خۆا کەریمە، ترسەکەی من ئەوەیە ئەمجارەش زۆرتر خزمەتی بێگانەی تێدا بێ
نەک وڵات و خەڵک!