نەورۆز وەک ڤیستیڤاڵی تێگەیشتن لەکوردبون

فارس نەورۆڵی

لەمێژوی کورددا نەوە لەدوای نەوە شۆڕش لەدوای شۆڕش یەکێک لەبنەماکان و ھاندەرەکانی خوڵقێنەری حەماسەتی نەتەوەی کورد بۆ جۆش دانی شۆڕش ودروست کردنی شۆڕشگێڕ داستانی کاوەی ئاسنگەرو نەورۆزبو، تائەو ئاستەی زۆرێک لە منداڵانی کورد بەناوی کاوە ناودەنران ، ئەم داستانە لەماڵاندا ببوە چیرۆکی بەر ئاگردان، وێنەی کاوەی ئاسنگەر لەوێنای تاکی کورددا ، مرۆڤی باڵا بوە، لەدوای ڕاپەڕین لە شارەکان پەیکەریان بۆکاوەی ئاسنگەر دروست کرد، چەندان ناوەندو شەقام و قوتابخانە بەناوی کاوەناونران ، بەڵام  دوای بەدواداچونی مێژو دەرکەوت کاوە کوردنیەو  زوحاک کوردە  کەدەیان  ساڵە لەلایەن نەوەکانییەوە نەفرەتێ لێدەکەن، ئالێرەوە دەبو کورد توشی شۆک ببێت ،  بەڵام ئێمە بۆ ھیچ توشی شۆک نابین، بەدرۆ دەرچونی ئەم چیرۆکە ئەوەمان پێ دەڵێ  پێویستە بەکۆی مێژومان دابچینەوە،  چونکە دوژمن بەویستی  خۆی مێژویان بۆ کورد نوسیوەتەوە بۆیە ئێمە نەتەوەیەکی خاوەنی نایەکانگیرین  یەکانگیری نەتەوەش تەنھا لەڕێی  پەروەردەو فێردکردنەوە دابین  دەکرێ،  کورد لەم بوارەدا  دەسە پاچەیە ، بۆیە ئێمە لەدروشم و خوێندنەوەی مێژودا  کورت دەھێنین، لەم بارە یەوە بەکرجاف دەڵێ (دروشمە ئایدۆلۆژییەکانی سەربەخۆبون و ڕزگاری جڤات و نەتەوەیەک،  پێش ئەوەی پرسێکی سیاسی بێت  لەناودروشمی  ئایدۆلۆژی و سیاسەتی بێفیکری  ئێمەدا ، دەبێ پرۆژەو پرۆسەیەکی بەخۆبون بێت ، بۆیە جەستەی  کورد جەستەیەکی  فشۆڵ ، پڕلە کەلێن ، جەستەیەک  کەدەرەنجامی  لێکەو تەکانی  ھێزگەلێک  کەلەناو بەریەک کەوتنی  ھێزەکاندا  بەرھەم ھاتوە )  ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێ،   وەک خۆمان بیرمان نەکردوەتەوە ، وەک خۆمان نەمانخوێندوەتەوە ،  وەک خۆمان نەمان نوسیوەتەوە،  بۆیە پێویستە کورد،  بەتایبەتی  خوێنەوارانی خاوەن فیکر و مێژونوسان وزانکۆکان  بەھاوکاری حکومەت لەگوتاری شێواوی نەورۆزەوە ، لەدەرەوەی ناسیۆنالیستی ناو چەکە  خوێندنەوە یەک بۆ مێژوی  کورد بکەنەوە ، واتە کورد ناسی بەدیدێکی نوێی کوردی بۆکورد بون  بکەینەوە،  بۆئەم مەبەستە  دەکرێ نەورۆزو ساڵی نوێی کوردی بکرێتە  ڤیستیڤاڵ، ڤیستیڤاڵێک بۆتێڕامان  و بەخۆداچونەوە ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یۆنانی کۆن  ، تراژیدیای یۆنانی لەھەناوی  فیستیڤاڵەکانەوە دروست بوە ، لەوێ ڤیستیڤاڵی خواکان ھەبوە ،  ڤیستیڤاڵ بریتی نەبوە لەدەر بڕینی خۆشی  وەک ئێستا لای ئێمە بەڵکو تەنھا بۆ تەنفیسە ڤیستیڤاڵ نمایشی ژیان بوە ، سک پڕ بوە بە مانا  ، جۆرێک بوە لەخۆشی ، بەڵام بۆ وەزیفەیەک وجودیان  ھەبوە،  بەمانا یۆنانیەکەی ڤیستیڤاڵ ئاینی بوە ، بریتی بوە لەوزەبەخشین   بەڵام ئێمە ڤیستیڤاڵمان نیە بە مانا مەعریفیەکەی  داگیرکەر ھەموشتی شێواندوین ،  بۆیە بۆھەستانەوەمان وڕاستکردنەوەی مێژومان  ، دەکرێ لەنەورۆزەوە دەس پێبکەین   ، واتە نەورۆز بکەینە ڤیستیڤاڵ ،  شیکردنەوە بۆ ئاگرو ماناکانی بکرێت  بەکۆمەڵێک مەرجەوە لەچوارچێوەی مەعریفی و بەرھەمھێنانی حەقیقەتی  کوردی یان بەکوردی کردنەوە  چونکە تائێستا نەورۆز بۆئێمە یەکلا نەبوەتەوە   بۆیە دەکرێ نەورۆز بکەینە ڤیستیڤاڵ  بەمانا وێنانیەکەی   لەئاستی گشتیدا دەکرێ تەرفیھی بێت  بەڵام پێویستە لەئاستی نوخبە  دەبێ مەغزاو مانای خۆی پێبدەین لەئاستی تراژیدیای کوردی بێت  چونکە دواجار ڤیستیڤاڵ  دەبێتە ڕەحمی تراژیدیا بۆ لەدایکبونی نوێ ، میللەتان و نەتەوە گەورەکان لەڕێی ڤیستیڤاڵەوە ھاوسەنگی دروست دەکەن ،  بۆسیاسەت ، بۆژیانی جڤات،  ڤیستیڤاڵ  ئەوڕۆڵەی دیوەو دەبینێت لەژیانی کۆمەڵایەتی  وسیاسی  چونکە سیاسەت پایەکانی خۆی لەناو ئاین و ئەفسانەکاندا داکوتاوە ، بەڵام کورد نەیتوانیوە نەلەئاین و نەلەئەفسانە   ھیچ بەرھەم بھێنێ وکوردبونی خۆی پێناسەبکات چونکە دواجار ئاین وئەفسانە لەگەڵ ناسیۆنالیزم یەکتر بەرھەم دەھێنن، نمونەی ناسیۆنالیستی فارسی یەکێک لەپایەکانی شانامەی فیردەوسییە ، نمونەی گەلانی دیکەزۆرن   کەواتە  بۆ ئەوەی  پێناسەیەکی نوێ  وخوێندنەوەی نوێ بۆ نەورۆزو کوردبون بکەینەوە پێویستە نەورۆز بکەینە ڤیستیڤاڵ بەمانا مەعریفییەکەی.

 سەرچاوەکان:  
کلاسەکانی خانەی حیکمەت - فاروق ڕەفیق

گوتاری ناسیۆنالیستی کورد - عەتا قەرەداخی

 کوردبون لەناو نائاگای شکاوەدا - بەکرجاف

22/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر