ئەركی داواكاری گشتی لەكەیسی دانەغازدا

سەلاح رەحمان
هەموو هاوڵاتیانی باشوری كوردستان دەزانین، كە دزیی‌و گەندەڵی‌و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەم هەرێمەدا، بوەتە پەتایەك كە زۆربەی بەرپرسانی گرتۆتەوە‌و رۆژانە داهاتی میلەت تەفروتونا دەكرێت، یاخود تەخشان‌و پەخشان دەكرێت‌و تادێت دەسەڵاتدارەكان ملقەویتر‌و جەماوەریش داماوتر دەبێت، باشیش دەزانین كە بەرپرسان نەك گوێ‌ لەهاوارەكانمان ناگرن، بەڵكو دەیانەوێت درێژە بەگەندەڵی‌و لوشدانی سامانی گشتی بدەن.
هەرچەندە لەم هەرێمەدا ئەوەی سەروەر نەبێت یاسایە‌و یاسا تەنها لەسەر ئەو كەسانە جێبەجێ دەكرێت، كە بێ‌ پشتوپەنان‌و حزبیان لەپشتەوە نییە، بەڵام خۆ داواكاری گشتی كە نوێنەری گەلە دەتوانێت ئەگەر بۆ مێژووش بێت، لەئاست ئەو هەموو ناعەدالەتیی‌و راووڕوتەدا هەڵوێستی هەبێت‌و راستییەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات.
سەیرترین كەیس لەم باشوری كوردستانەدا، كەیسی كۆمپانیای دانەغازە، چونكە هەرچەندە پرسەكانی تر لێوانلێون لەگەندەڵی، بەڵام زۆربەی پرۆسەكان بەنهێنی دەكرێن، كەچی لەكەیسی دانەغازدا، بەئاشكرا‌و بەبەرچاوی جیهانەوە، حكومەتی هەرێم چەندین كەیسی دەیان‌و سەدان ملیۆن دۆلاری دەدۆڕێنێت‌و بەردەوامە، بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانیش، ئەگەر كار وابڕوات، ئەوا لەداهاتوودا دەیان ملیار دۆلاری دیكەشی دێتەسەر، تا ئێستاش هۆكارەكەی بۆ گەلی كوردستان‌و رای گشتی ئاشكرا نییە.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، باشە ئەگەر حكومەتی هەرێم لەڕووی یاساییەوە لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز پابەند كراوە، بۆچی كۆتایی بەكاری ئەو كۆمپانیایە ناهێنرێت، كێ‌ لەپشت واژۆكردنی گرێبەستەكەوەیە‌و بۆ ماوەی چەند ساڵە، ئەگەر ئەو پرسە درێژخایەن بێت، ئەبێ‌ تا چەند ساڵی تر سامانی ئەم گەلە بەبەلاش بەفیڕۆ بدرێت. 
بەبۆچونی من وەكو كورد دەڵێت (ئەم ماستە بێ‌ موو نییە)، بەدوور نازانرێت، چەند بەرپرسێك پێشتر رێكەوتبن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا‌و ئەو كەیسە تەنها  سیناریۆیەك بێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی داهاتی ئەم هەرێمە ببنە دەرەوە، یاخود ئەگەر كۆمپانیاكەش مافی خۆیەتی، بۆچی حكومەت‌و بەرپرسان راستییەكان دەشارنەوە‌و بۆ رای گشتیی ئاشكرا ناكەن، بۆیە پێویستە خەڵك چیتر لەئاست ئەو پرسە بێدەنگ نەبێت، بەو پێیەش كە داواكاری گشتی نوێنەری خەڵكە، ئەركی سەرشانیەتی بەدواداچونی جدیی لەسەر ئەو پرسە بكات، راستە  یاسا سەروەر نییە‌و حزب‌و بەرپرسەكان خۆیان لەسەرووی یاساوە ئەژماردەكەن، بەڵام پێویستە یاسا‌و داواكاری گشتی خاڵێكی ئیجابی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بەجێبهێڵن.
من وەكو نوسەر‌و رۆژنامەنوس‌و هاوڵاتییەكی ئەم هەرێمە، داوا لەبەڕێزان داواكاری گشتی دەكەم، بەتایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی، كە كارەكانی كۆمپانیای دانەغاز دەكەوێتە سنوری ئیداریی ئەو پارێزگایەوە، وەكو نوێنەری ئێمەی خەڵكی كوردستان، كەیسەكە بجوڵێنێت‌و بەدواداچونی ورد‌و جدیی بكات، هەتا رێگریی لەبەهەدەردانی سامانی گشتی بكرێت‌و دەستە شاراوەكانی پشت ئەو كەیسە كەشف بكرێن، كۆتاییش بەكاری ئەو كۆمپانیایە بهێنرێت، كە بێجگە لەبردنی داهاتی گشتی، هیچ خێرێكی بۆ ئەم میلەتە نەبوە‌و ئەگەر كار وابڕوات، میلەتی باشوری كوردستان مایەپوچ ئەبێت.


14/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر