لەچاوەڕوانی ئەڵقەیەکی تری ڕەفتاری بەربەریانەدا

عەبدولکەریم هەڵەدنی
هێرشکردنە سەر فەرهادپیرباڵ وئازاردانی بەشێوەیەکی بەربەریانەو دڕندانە لە شوێنێکی گشتی وفەرمی ناوەڕاستی شاری هەولێری پایتەختدا شتێکی تازەو نامۆ نیەو وەک زنجیرەیەک دەستدریژی بەردەوام بۆ سەر هەرجۆرە جوڵەو هەڵوێستێک بەدڵی دەسەڵاتی خێڵەکی نەبێت کردەیەکی هەمیشە چاوەڕوانکراوە ، بەڵام دەستدرێژی لەو جۆرە بۆ سەر مامۆستایەکی زانکۆو نوسەرێکی ناسراوو سەرسام بە بارزانی ( کە دەبوو لانی کە م لەبەرخاتری بارزانی خۆی پارێزراوبێت )، توڕەیی وبێڕێزی ئەبەدی دەسەڵاتی خێڵەکی بەرانبەر نوسەران و ڕۆشنبیران نیشان دەدات ، هەروەک کەمکردنەوەی موچەی خوێندەوارانی دەزگا مەدەنیەکان ( وەک دەزانین تەنیا موچەی فەرمانبەران کە ژمارەیان چارەکی سەرجەم موچەخۆرانە کەم کراوەتەوە) تاکو ئەو ئاستەی موچەی مامۆستایەکی زانکۆ بگاتە ئاستی موچەی پاسەوانی بەرپرسێکی نەخوێندەوار ، لەکاتێکدا موچەی هێزە چەکدارەکان بەهەموو دام ودەزگاکنایانەوە وەک خۆی ماوەتەوە ، ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ بەکەم سەیرکردنی خوێندەواران وخاوەن بڕوانامەکان وڕۆشنبیران و نامەی دەسەڵاتە کە دەڵێت : پاسەوانێکی چەکدار بۆ من هەمووکات بایەخی لە نوسەرێکی ناسراوو مامۆستایەکی زانکۆو خوێندەوارانی ناو کۆمەڵگا زیاتروگەورەترە ، بەڵام لێدانەکەی فەرهادپیرباڵ ودواتردیزەبەدەرخۆنەکردنی لە چوارچیوەی گەمەیەکی ناشیرین وباوی فاشیستانەی حاڵەتەکەو کاردانەوەی ڕۆشنبیران خۆیان ئەوەشمان پێدەڵێن ئەوجۆرە دەسەڵاتە لەناو ڕۆشنبیرانیشدا پاسەوانی زۆروزەوەندەو بێشوماری هەیە ، بەڵام هەڵوێستی پاسەوانە ڕۆشنبیرەکان کە ئەرکی سەرشانیان ئەوەیە شکۆی دەسەڵات خۆی بپارێزن وبەوەندە بوەستن قسە بە پاسەوانە دەستدرێژکەرەکانی فەرهادپیرباڵ بڵێن ووبەنەزان وشەقاوەو پێشێلکەری یاسا (لەهەرێمێکدا کەلە سەرۆکەکەیەوە بۆ خوارەوە پڕە لە حاڵەتی نایاسایی) ناویانبەرن دەریدەخات کە دەسەڵاتی خێڵەکی فاشیستی دەزانێت چۆن هەزاران قەڵەم بەدەست لەخۆی کۆدەکاتەوەو لە بەهێزکردنی پایەکانی دەسەڵاتی خۆیدا بەکاریان دەهێنێت ، بەم کارەشی لەسەرێکەوە لەشکرێکی گەورە لە پاسەوانانی قەڵەم بەدەست دروست دەکات ، لەسەرێکی ترەوە ڕێزێک بۆ بواری ڕۆشنبیری وڕۆشنبیران ناهێڵیتەوەو هەوڵ دەدات لەو ڕێگەیەوە سەنگ وپایەیان لەناو کۆمەڵگادا نەهێڵێت وبڵێت : خەڵکینە ڕۆشنبیران لەم جۆرە دەعبایەی کە دەتوانی ئاسان تێیانهەڵدەیت وئاسان ئاشتیانکەیتەوە وبەکاریانبێنیتەوەزیاتر شتێکی ترنین، لەگەڵ ئەوەشدا فەرهادپیرباڵ لەبەر هەرهۆیەک دڵیشی چووبێتەوە جێگەی خۆی هێشتاکە لە ئازاری بینەرانی ڕوداوەکەی کەم نەکردۆتەوە ، چونکە هێرشەکە تەنیا بۆ سەر خودی فەرهادپیرباڵ نەبوەو ئازاردانی ئەو هەموو بینەرانی ئازارداو ولێدانی مەعنەوی هەموو نوسەران و ڕۆشنبیران وسوکایەتیپێکردنیان بوو ، دواجار دیاردەی ڕوپۆش نەکردنی هەواڵەکە لەلایەن کەناڵێکی ئاسمانی دیاروناسراوەوە کە ئامانجیەتی بە بینەرەکانی خۆی بڵێت: فەرهادپیرباڵ لای ئێمە هیچ سەنگێکی نەبوەو نیە وەک جۆرە کوشتنێکی مەعنەوی کەلە لێدانەکە لەلایەن چەکدارە شەقاوەکانەوە ناشیرینترە ، نیشانی دەدات ئومێدێک بە سیاسەتبازانی ئیمڕۆ بۆ دەرچوون لەم جەنگەڵستانە تاریکە جگە لە درۆیەکی پوچ وگەورە هیچیتر نیە، لەکۆتاییدا لەگەل هیوای تەندروستیەکی باش بۆ فەرهادپیرباڵ ئێمە هەموو لەچاوەڕوانی هەواڵی تری لەوجۆرەدا دەبین ، کە بێگومان تاکو بێدەنگیی بەمجۆرەی ئیستای بەردەوامی هەبێت بەدڵنیاییەوە هەر تاکێکی ئەم هەرێمە وێرانە ئەگەری هەیە پاڵەوانی ئەڵقەکانی داهاتوویبێت . 


15/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر