ریفراندۆم و سەربەخۆیی؛ دو ئەجێندای جیاواز

رابوون مەعروف. هۆشیار عەبدولآ. عەدنان عوسمان
چەند ساڵێك دەبێت لە ناو حیزب و رەوتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، دیبەیتێك سەبارەت بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بەڕێوە دەچێت. ئەجێندا و دیبەیتەکان سەبارەت بە دۆسیەی سەربەخۆیی حیزب و رەوتە سیاسیەکانی بۆ دو کامپی سیاسی دابەشکردوە. دو بەرەی سیاسی بە رێبەری بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکرات کە لە بنەڕەتەوە نوێنەرایەتی دو شوناسی فیکری-سیاسی جیاواز دەکەن. ململانێی گۆڕان و پارتی گوزارشتە لە روبەڕوبونەوەی دو ئەجێندا و دو فۆرمی حوکمڕانی جیاواز بۆ ئایندەی هەرێم و گەلەکەی.
 
هەرچەندە ریشەی ئەو دیبەیت و ململانێ سیاسیە بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا کەوتوەتە قۆناغێکی هەستیار و چارەنوسسازەوە، بەڵام رایگشتی وەك پێویست ئاشنای بنەما فیکری و فەلسەفیەکانی ئەو دو کامپە سیاسیە نین. ئێستا کە کوردستان کەوتوەتە بەردەم ئایندەیەکی جیاواز و یەکلاکەرەوە، زۆر پێویست و گرنگە، رایگشتی و کوردستانیان، سەبارەت بە ناوەڕۆکی سیستەمی فیکری ئەو دو کامپە سیاسیە شارەزایەتی تەواویان هەبێت.
 
شانشینی رەها یان کۆماری دیموکراتی؟
یەکێك لە جیاوازیە گرنگ و بنەڕەتیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی دیموکرات سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتە. لە کاتێکدا فەلسەفەی حوکمڕانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆماری دیموکراتی پەرلەمانییە، بە کردەوە، سەرەڕای بانگەشەی پێچەوانە، سیستەمی فیکری سیاسی پارتی لەسەر بنەڕەتی شانشینی رەها دامەزراوە. بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بە جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لەسەر بنەماکانی چاودێری و هاوسەنگی ، بەجۆرێك کە هیچ دەزگا و لقێکی دەوڵەت نەتوانێت مەترسی بۆ سەر هاوسەنگی دەسەڵات و دیموکراسی پێکبهێنێت. بەپێچەوانەوە پارتی کار بۆ چڕ کردنەوەی هەمو دەسەڵاتەکان دەکات لە دەستی خێزنێکدا. لێرەوەیە، کاتێك لە ئێستادا زەمینەی ئەوە نیە پارتی بە فەرمی داوای سیستەمی شانشینی رەها بکات، پێداگیری لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات بە جۆرێك کە هەمو دەسەڵاتە بنەڕەتیەکان بخاتە ژێر دەستی سەرۆك.
 
لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەوە تا دەگات بە ئەمڕۆ، ململانێی ئەو دو ئەلتەرناتیڤ و کامپە سیاسیە بە شێواز و قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و ئێستا لە ململانێی نێوان گۆڕان و پارتیدا سەریهەڵداوەتەوە. بە جیا لە نەبونی ئاگایی و هۆشێاری فیکری کامڵ و پێگەیشتو هەروەها لایەنە خراپ و نێگەتیڤەکانی، سەرهەڵدانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە دوای شەستەکان، هەوڵ و جوڵەیەکی سیاسی جدی بو بۆ رەتکردنەوەی فۆرمی سیاسی زاڵی ناو پارتی و پێشخستنی ئەلتەرناتیڤی پێچەوانە. دواتر دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ململانێی ئەو دو کامپە سیاسیەی بردە قۆناغێکیترەوە. سەردەمانێك یەکێتی نیشتیمانی بانگەشەی بۆ رەتکردنەوەی شێوازی حوکمی شانشینی و حیزبی بنەماڵە و خێزان دەکرد و پێداگیری لەسەر بنەما هاوچەرخەکانی سیاسەت و دیموکراتی پەرلەمانی دەکرد. هەرچەندە لە دوای راپەڕینەوە، هەنگاو بە هەنگاو جیاوازیەکانی نێوان یەکێتی لەگەڵ پارتی بەرەو کەمبونەوە و نەمان چون و دواجار خەریکە پرۆژەی یەکێتی شکست دەهێنێت و حیزبەکە دەبێتە کۆپیەکی پارتی لە دەڤەری سلێمانی. ئەو پاشەکشە چارەنوسسازەی یەکێتی و رێکخستنەوەی کەلەپوری فیکری-سیاسی کۆماریخوازی دیموکراتی و پەرلەمانی، سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد بە پێویستیەکی ناچار و مێژویی.
 
بێدادی یان دادپەروەری؟
سەرەڕای جیاوازی لە شێوازی حوکمڕانیدا، دیدی گۆڕان و پارتی بۆ دابەشکردنی سەروەت و داهاتی نیشتیمانی بەسەر چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکاندا جیاوازە. لە کاتێکدا دیدی گۆڕان بۆ رێکخستنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لەسەر پرەنسیپەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنیاتنراوە، پارتی و سیستەمە سیاسیەکەی بە کردەوە رەچاوی کەمترین بنەماکانی دادپەروری کۆمەڵایەتی ناکەن و ئەم دیدەی پارتی کە ئێستا بەسەر حوکمڕانی هەرێمدا زاڵە، زۆربەی زۆری داهاتی نیشتیمانی لە دەستی چەند خێزان و کەمینەیەکدا خڕ کردوەتەوە و زۆرینەی دانیشتوانی هەرێم خراونەتە ژێر باری چەساندنەوەیەکی زاڵمانەی بێسنورەوە. لە دیدی گۆڕانەوە دەبێت دەزگاکانی دەوڵەت ئامرازی جێخستن و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری بن و بە یاسا رێبگیرێت لە دابەشبونی تیژی هاوڵاتیان بەسەر دو چینی تیژ و تەواو جیاواز؛ چینێکی یەکجار دەوڵەمەند و چینێکی یەکجار هەژار و کەمدەرامەت! لە کاتێکدا بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کەمترین بەهای لە سیستەمی فیکری پارتیدا نیە، بۆ گۆڕان دادپەروەری سێنتراڵ و خاڵی دەستپێکردنە. ئەو تاڵان و تەخشان و پەخشانەی سەرەوەت و سامانی وڵات کە ئێستا بەسەر هەمو دەزگا و جومگەیەکی حوکمڕانی هەرێمدا زاڵە، بەرهەمی نەبونی لانی کەمی پرەنسیپی دادپەروەرییە لە فەلسەفەی سیاسی و حوکمڕانی پارتی. ئەو دیدە بێدادەی پارتی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی سەروەت و داهاتی وڵات راستەخۆ بەر بنەڕەتیترین بنەمای فیکری گۆڕان دەکەوێت کە دادپەروەرییە. ئەمەش بەناچار لە هەمو ئەو بوارانەی پەیوەندیان بە رێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی داهات و سەروەتی نیشتیمانیەوە هەیە، گۆڕان دەخاتە بەردەم و روبەڕوی پارتی.

ریفراندۆمەکەی پارتی
لەدوای سی و یەکی ئابەوە، پارتی وەك براوەی جەنگی ناوخۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ پرۆسەی سیاسی دەکات. پارتی وەك هێزی زاڵی حوکمڕانی، بە ئاراستەیەك دەزگا نیشتیمانیەکان و پەیوەندیە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی لە هەرێم رێکخسوە کە هەمو دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان و دۆسیە جیا جیا نیشتیمانیەکانی خستوەتە خزمەتی ئەجێندا و بەرنامە سیاسیەکانی پارتی و خێزانێکەوە. پارتی بە خراپ کەڵك وەرگرتن لە داگیرکردنی هەولێری پایتەخت و هاوسەنگی لاری سیاسی، سیاقێکی سیاسی بەسەر گەلەکەمان و هەمو حیزب و رەوتە سیاسیەکاندا سەپاندوە کە یان نابێت کوردستان و گەلەکەی خەونی لەمێژینەی سەربەخۆیی و سەروەری سیاسی و دەسەڵاتێکی ئازاد و دادپەروەر بەدەستبهێنن، یان دەبێت هەموان تەسلیمی ئەجێنداکانی پارتی بن لە سەپاندنی دەسەڵاتێکی ستەمکاری کلیپتۆکراتی خێزانی و کۆپی کردنی لایەنە تاریك و ترسناکەکانی ئەزمونی حوکمڕانی کۆریای باکور و ئەریتیریا و شانشینە فاسد و ستەمکارەکانی جیهانی عەرەبی.
 
دوای سی و یەکی ئاب و داگیرکردنی هەولێر، پارتی هەنگاو بە هەنگاو یەکەمجار هەمو دەزگا نیشتیمانیەکانی پایتەختی (حکومەت و وەزارەتەکان، پەرلەمانی کوردستان، دەزگای دادوەری) کردە ناوەندی حیزبی و ئامرازی پێشخستن و جێخستنی ئەجێندا سیاسیەکانی. دواتر، داگیرکردنی پەیوەندیە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان؛ دەستبەسەراگرتنی داهات و دارایی و دۆسیەی نەوت و گاز! لە ئێستاشدا پارتی بە هاوکاری تورکیای ئەردۆگان خەریکی لەباربردنی خەونی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی دیموکراتی پەرلەمانی هاوچەرخە کە تێیدا بەها گەردونیەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان زامن و چەسپاو بن، بە میرنشینێکی ستەمکاری ملکەچ و گوێ لە مستی تورکیا. لێرەوە پرۆژەکەی پارتی بۆ ریفراندۆم، ریفراندۆم نیە بۆ سەربەخۆیی گەلی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت و سیستەمێکی سیاسی دیموکرات. بەڵکو؛ یەکەم، ریفراندۆمە بۆ لەبیربردنەوە و پەردەپۆشکردنی قەیران و دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتە ناشەرعیەکەی مەسعود بارزانی. دوەم، هەنگاوێکیترە بە ئاراستەی سەپاندنی ئەجێنداکانی پارتی و فۆرم و شێوازی پارتی بۆ حوکمڕانی لە ئایندەی کوردستان.
 
بە دڵنیاییەوە، ئەگەر لە ئێستاوە ئەجێنداکانی پارتی رانەگیرێت و هاوکات و لە هەمان کاتدا، ئەلتەرناتیڤی کۆماریخوازی و دیموکراتی پەرلەمانی بۆ سەربەخۆیی و سەروەری سیاسی کوردستان-عێراق پێشنەخرێت و بەهێز نەکرێت، دەبێت نەوەکانی ئایندە و بۆ دەیان ساڵیتر باجی بێدەنگی و ملکەچی حیزب و رەوتە سیاسیەکانی ئێستا بدەن!
ئەجێنداکانی پارتی بۆ حوکڕانی ترسناكن و دەبێت رابگیرێن!



27/04/2017



وتارەکانی تری نوسەر