پایتەختی فەلسەفە لە ڕەگەزی مێینەیە و خواژنە

ساماڵ مانیی

ماوەی چەند مانگێکە بۆ نوسینی کتێبێکی فەلسەفیم لە پایتەختی فەلسەفەم، لە شاری ئەسینای دێرین کە پایتەختی یۆنانە. لەم باسە کورتەدا ئەمەوێت هەم پایتەختی فەلسەفە بناسێنم و هەم  بەشێک لە ئەفسانە و مێتۆلۆجیە یۆنانیەکان و چیرۆکی خواژنەکان بناسینم؛ ئەم چیرۆکە ئەفسانەییانە پێش دینی مەسیحیەت ودوای مەسیحەتیش زۆر پێش دینی ئیسلام هەبوون.  لەگەڵیدا ئەو شەش پەیکەرە هەرە بەناوبانگەی خاتوونەکانی دەروازەی ئەکرۆپۆلس لە سەر گردە بەرزەکەی ئەسینای کۆن بۆ ئەوانەتان بگێڕمەوە کە خوازیاری تێگەیشتنن لە مێژووە دێرینەکان و ئەفسانە کۆنەکان و شوێنەوارەکان.

بەلای منەوە شوێنەوارەکان و مێژووە دێرینەکان زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن لە خۆمان وەک مرۆڤ و ژیان و مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤن لە سەدە دێرینەکان و لە هەزاران ساڵی ژیانکردنی مرۆڤ و بیرکردنەوەکانیدا. گەر کاتم هەبێت ئەمەوێت زۆر زیاتر لەسەر مێژووی دێرینی خۆمانی کورد بخوێنمەوە، زۆر تامەزرۆی بینین و خوێندنەوەی شوێنەوارەکانی ئەو ناوچانەم کە هەزار ساڵان لەمەوبەر کوردیان تیا ژیاوە و مەرج نیە تەنها لە سنوری کوردستانی ئێستادا بووبن. 
ئەوەی لە ئێستاکەدا دەگوزەرێت لە ژیانماندا و هەنووکەیین و تەنها ئەوان گرنگ نین، تەنها بیرکردنەوەی ڕۆژانەی ئێستا گرنگ نین، بە تەنها خوێندنەوەی هەواڵەکانی رۆژ گرنگ نین بۆ تێگەیشتن. من جگە لە  بوارەکانی فەلسەفە و زانست بە تایبەتی زانستی کۆگنەتیڤ (مێشک و زەین)،  گرنگی بە شوێنەوارە دێرینەکان و ئارکیۆلۆجی و مێژووە دێرینەکان ئەدەم و سەرنجم ڕادەگرن و زۆر لەسەریان دەخوێنمەوە. جگە لە خوێندنەوە لەسەریان، سەفەری زۆر بۆ بینینیان ئەکەم، بەتایبەتی بینینی شوێنەوارە دێرینەکان و کۆمەڵگە سەرەتاییەکان یان ئەو ڕووەک و زیندەوەرانەی کە تازە دەبینرێن و دەدۆزرێنەوە. سەفەری هەرە گرنگم  بۆ کۆمەڵگە سەرەتاییەکان و ئەو بەشەی زەوی کە هێشتا مەنزڵی دۆزینەوەی نوێ و پۆلینکردنی ڕووەک و زیندەوەرانی  تازە بینراوون لە ٢٠١٥ دا بوو بۆ جەنگەڵەکەی ئەمازۆن، ماوەی مانگێکی تەواو لەناوەڕاستی جەنگەڵی ئەمازۆن دا ژیام و تێکەڵ بەو کۆمەڵگە زانستیانە بووم کە لەوێچاوەدێری زیندەوەرانیان دەکرد و ئیشیان دەکرد لەسەر دۆزینەوەی ئەو ڕووەک و میوە و گوڵ و زیندەوەرانەی کە هێشتا پۆلین نەکراوون و نەناسراون لامان.  
بەڵام، کە لە کوردستان دەژیام جگە لە هەندێک شوێنەواری کوردستانی باشوور، زۆربەی شوینەوارەکانی عێراقم دی و دواتریش شوێنەوارەکانی ئێران و سوریا، هەر لە پاش گەیشتنم بۆ هەندەران وەک پەنابەری سیاسی و جێگیربوونم لە بەریتانیا لە ١٩٨٦دا، بەبەردەوامی لەماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا،هەموو ساڵێک چەندین جار بە  پلان و مەبەست سەفەرم کردوە بۆ ووڵاتانیتر بۆ دیتنی ئەو کەڵتورانەی کە نەخشەی بیرکردنەوە گرنگەکانی مرۆڤ دیاریدەکەن  و  ئەو شوێنەوارە  مێژووییە دێرینانەی کە جێ پێیان لەسەر تێگەیشتن و نوسینەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤ داناوە. لەوانە: ئەوەی لە ئیتالیا هەن لە شاری رۆما ی پایتەخت و فلۆرانسا وقوبەکەی میلان و ڤینیسیا،  یا ئەوەی لە ڤێرسای و نۆتردامی فەرەنسا هەیە، یا ئەوەی لە ووڵاتی ئیسپانیا دەبینرێن  لە پاشماوەکانی ئەندەلوسی، یا ئەوەی کە لە میسر دەبینرێن لە پاشماوەی شوێنەواری مێژووی فیرعەونەکان، یا ئەوەی لە یۆنانی دێریندا ماونەتەوە وەک لەم باسەدا بەسەری ئەکەمەوە. 

جاران پێش بەکارهێنانی تەکنۆلۆجی و پشکنینی لەیزەری و تۆمارکردنی سێ بوعدی، زۆر لە پاشماوەکان تەنها لە یەک ڕێگاوە دەپارێزران، ئەویش گواستنەوەیان بوون بۆ ناو موزەخانەکان، لەوانە هەندێک لە مێژووی ئێمە وهەندێکی نزیک بە ئێمەش دەگوازرانەوە بۆ موزەخانە بەناوبانگەکانی وەکو موزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن و موزەخانەی لوڤەر لە پاریس. لە دوا ساڵەکانی هەشتاکاندا بە مەبەستی دیتنی گۆڕانکاریە مێژووییە سیاسیەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەورۆپا کە هێشتا بەشێک بوون لە ووڵاتە یەکگرتوەکانی سۆڤیەت، سەفەری هەندێک لەو ووڵاتانەم کرد  کە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوون، لەوانە چیکۆسلۆڤاکیا و هەنگاریا و بولگاریا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کە بەدیوارە بەنوبانگەکەی جیا کرابۆوە لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا. لەوێ جگە لەچەند کۆبوونەوەیەکی سیاسی و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی گۆڕانکاریەکان، وەک ویست و پیشەی هەمیشەیم شوێنەوارە مێژوویەکانم  بەسەر کردەوە،  یەکێک لەوانە چوونم بۆ موزەخانەی پێرمەگۆن ی ئەڵمانیای شەرقی بوو. کە چووم بۆ ئەو موزەخانەیە حەپەسام، چونکە دەروازە ئۆریجیناڵە بەناوبانگەکەی خواژنە عەشتاری بابلیەکانی عێراقم بینی کە گواسترابۆوە بۆ ئەوێ، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام ئەوەبوو دەمزانی پێش جەنگی جیهانی دووەم لە ١٩٠٢ وە تا ١٩١٤  پاشماوە مێژووییەکەی عەشتار لە ژێر خاکدا هەڵدرابۆوە، بەڵام ١٤ مەتری دەروازە بەناوبانگەکەی لێ گواسترابۆوە - دزرابوو- بۆ ئەڵمانیا، ئەمە بەشێکی کەم و بچوک نیە لە پارچە دیوار و خاک و خشت، بەڵکوو بەلای منەوە ئەوە گەورەترین ئیشی گواستنەوەی شوێنەوارە مێژوویەکانە کە تا ئێستا  لەو هەموو گەڕانەمدا بەدوای شوێنەوارە مێژوویەکاندا بینیبێتم.  چونکە ئەو دەروازەیەی خواژنە عەشتار بە پێی ڕیکۆردی دۆزینەوەی ١٤ مەتر بەرزیەتی و ٣٠ مەتریش پانی، ئەوەش کە لەوێ بینیم ١٤ مەتر بەرزی بوو و ٣٠ مەتریش پانی بوو، ئەڵبەت پاش گواستنەوەی بەتەواوی لە پارچە و بەشە ئۆریجیناڵەکانی دروستکرابۆوە، وەک نوسرابوو لە ١٩٣٠ یەوە دروستکردنەوەکەی تەواو ببوو.

گەرچی ئەوە ڕاستە کە ئەمانە دزینی سەرمایەی مێژوویی ئێمەن، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم  لەو ڕێیەوە باش پارێزراوون و هەڵگیراوون.
لە ئێستادا و لەگەڵ بەرەوپێش چوونی تەکنەلۆجی و نوسینی ئەلکترۆنی، نەک هەر کتێبی کاغەزیی  لە پاشەکشەدایە و لەگەڵیدا کتێبخانە کاغەزیەکان وەک موزەخانەیان لێ دێت، بەڵکوو سەرەڕای هەڵگرتنی بەش بەشی شوێنەوارە گرنگەکان بۆ ناو موزەخانە بەناوبانگەکان و پاراستنیان، لە رێی تەکنۆلۆجیاوە بە وێنەگرتن و پشکنینی لەیزەری و تۆمارکردنی سێ بوعدی، شوێنەوارە مێژوویی و شارە دێرینە بینراو نەبینراوەکان-واتە هەڵدراوە و ژێر خاک- تۆماردەکرێن، بەو جۆرەش زیاتر دەپارێزرێن و دەمێننەوە. 
ئەم بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئەلکترۆنی کردنانە، گەلێک گرنگە و من زۆرم سوود لێ بینیوە، نەک هەر لەڕووی ئەوەوە کە کتێبەکان بە ئەلکترۆنی ئاسانتر دەگاتە دەستمان، بەڵکوو کۆکردنەوەی کتێب هێندە جێ ناگرێت و گواستنەوەیان سەخت نیە و کە کتێبێکت دەست کەوت ئیتر لەناو ناچێت و نافەوتێت.  من پێشتر کتێبخانەی گەورە گەورەم لە ناو ماڵەکەمدا پێکدەهێنا، سێ جار بە ناچاری بەجێم هێشتن ونەمان: یەکێکیان لە سلەیمانی لە کۆتایی حەفتاکاندا و سەرەتای هەشتاکاندا سوتێنرا، دووەم جاریان لە شاخ لە پێشمەرگایەتیدا مەکتەبەیەکی چکۆلانەم پێکهێنا و بەڵام کە کوردستانم بەجێهێشت و هاتمە هەندەران ناچاربووم بەخشیم لەوێ. کۆتاجار لە لەندەن مەکتەبەیەکی زۆر گەورەترم لەوانەی پێشووتر پێکهێنا لە پاش ناوەندی هەشتاکانەوە تا ٢٠١١  کۆی هەموو ئەو کتێبانەی کە لەو بیست وپێنج ساڵەدا خوێندبومەوە وئەوانەش کە زۆر دەمویست بیانخوێنمەوە ڕامگرتبوون، کە گەڕامەوە بۆ کوردستان بە ناچاری لەبەر چۆڵکردنی ماڵەکەم هەموویم بەخشی بە دەزگایەکی خێرخوازی. 
پاش ئەو ئەزموونانە، ئێستا گەورەترین کتێبخانەم هەیە لە چاو هەموو ئەوانەی جاراندا  بەڵام لەناو چەند فلاش میمۆریەکدان وهەموو ئەو کتێبخانە گەورەیەم لەناو چنگما جێیان دەبێتەوە، بۆ هەرکوێیەک بڕۆم لەگەڵم دێن و ئیتر چی ڕووبدات دەزانم کتێبخانەکەم جارێکیتر نافەوتێن.
 کە بیر لە تەقاندنەوە و شکاندنی شوێنەوار و پاشماوە مێژوویە دێرینەکان ئەکەمەوە لە ناو سنوری سوریا و سنوری عێراق دا، لەلایەن هێرشی ئیسلامیی داعشەوە، نیگەرانم ئەکات ئەو شوێنەوار و پاشماوە مێژووییانە بە تەکنۆلۆجیا و وێنەگرتن و پشکنینی لەیزەری و تۆمارکردنی سێ بوعدی تۆمار نەکران پێش ئەوەی لەناوبچن. بەکارهێنانی زانستی تەکنۆلۆجی بۆ تۆمارکردنی شوێنەوارەکان، بە وجۆرە بە هەماهەنگی بوارەکانی تەکنۆلۆجی  و زانست و لێکۆڵینەوە ئارکیۆلۆجییەکان ئەنجام دەدرێن . بەم شێوەیەش دەکرێت زیاتر شوێنەوارەکەن بە تۆکمەیی هەڵبگیررێن و بپارێزرێن، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو هەمان وێنەگرتن و پشکنینی لەیزەریی  بەکاردەهێنرێن بۆ دۆزینەوەی پاشماوە مێژوویەکانیتریش  کە هێشتا نەدۆزراونەوە، بە ئەمەش گەنجینە و کەلەپوری مێژوویی فراوانتر و گەورەتر دەبێت. 


لای هەموو ئەوانەمان کە لە بیرکردنەوە فەلسەفیەکانی یۆنانی کۆن دەخوازین و دەزانین یۆنانی کۆن و کۆنتر لە فەلسەفە، یۆنانی  ئەفسانە و میتۆلۆجیە. گەر شتێکمان لەسەر مێژووی یۆنان خوێندبێتەوە، ئەم شەش پەیکەرە هەرە بەناوبانگە جیهانیەی 'کاریاتدس' کە نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ ڕاگر و کۆڵەکەی دەروازەیەکی ئەکرۆپۆلس بوون بینیومانن. ناوی'ئەکرۆپۆلس' یۆنانیە و ماناکەی دەکاتە 'بەرزایی شار'و سەدەی پێنجی پێش زاینیی دروستکراوە، 'کاریاتدس' ماناکەی دەکاتە 'خاتوونە خزمەتکارەکانی کاریایی' چونکە تەنها بەوان دەوترێت کاریاتدس؛ مێژووی هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ دووهەزار وپێنج سەد و نۆزدە ساڵ لەمەوبەر کە لە بەرزایی شاری ئەسینای کۆندا دروستکراوون.
پێشتر لە ١٩٨٩ دا هاتووم بۆ ئێرە بۆ یۆنان و بۆ ئەکرۆپۆلس لە  بەرزایی شاری ئەسینای کۆن، بەڵام ئەو کات هیچ وێنەم نەدەگرت و نازانم بۆ وەک یادگاریەک بیرم لێ نەدەکردەوە و تەنها وەک گەریدەیەکی شوێنەوارە دێرینەکان  و تێگەیشتن بەدوایەوە بووم. پێم وایە هەر لەبەر ئەمە، لە مێژ  بوو ئەمویست وەک گەریدەیەکی شوێنەوارەکان لەگەڵ ئەم شەش خاتوونە پەیکەرانەی ئەکرۆپۆلس کە ناوبانگیان سەرتاسەری جیهانی داگرتوە، وێنەیان لەگەڵدا بگرم ئەم جارە وکەمێکیش باسیان بکەم.
شەش پەیکەرە ئۆریجیناڵەکان، لە ١٩٧٩وە پێنجیان گواستراونەتەوە بۆ موزەخانەی ئەکرۆپۆلس کە کەوتۆتە دامێنی بەرزاییەکە، سەدە ونیوێک لەمەوبەریش یەکێکیانی لێ براوە بۆ موزەخانەی بەریتانی لە لەندەن. ئەمە واتە، ئەوەی کە ئێستا گەشتیاران دەیبینن پەیکەری وەک ئۆریجیناڵەکانن و لەسەر ئەوان دانسقانە دروستکراونەتەوە،  بەڵام پەیکەرە ئۆریجیناڵەکان نین و ئەوان بۆ پاراستن گواستراونەتەوە بۆ ناو موزەخانەکان.
پاشماوە مێژوویەکانی یۆنان یەکێکن لە شوێنەوارە گرنگە جیهانیەکان و ئەم شەش خاتوونە پەیکەرانەی کاریادتس  لە ئەکرۆپۆلس ناوبانگیان لەوەش تێپەڕکردوە، دووهەزار وپێنج سەد و نۆزدە ساڵ پێش ئێستا دروستکراون وەکو خزمەتکار و کۆڵەکەی ڕاگری دەروازەی ئەکرۆپۆلس لە ئەسینای کۆندا، شەش خاتوونەکە لەو خاتوونە خزمەتکارانەن کە بڕیاریان بەسەردا دراوە(لەعنەتی) بە سەختی ژیانبکەن و ژمارەیان زۆر زیاترە لەو شەش پەیکەرانە. ئەم خاتوونە پەیکەرانە لەو دوو هەزار ساڵەدا لە هێرشی چەندین جەنگ و داگیرکردندا ڕاگر بوون بەو بەرزاییەوە، لە موزەخانەکەدا کە زۆر لێیان وورد ببیتەوە پریشک و ئاسەواری تۆپباران و جەنگ بە کراسەکانیانەوە دیارە.
ئەم شەش  خاتوونە پەیکەرانە، کراوون بە کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەروازەی بیناکە، وەک لە ئەفسانە مێژوویەکانی یۆنانی دێرین دا دەڵێن، ئەم خاتوونە پەیکەرانە پێش دروستکردنی ئەکرۆپۆلسیش هەر هەبوون و بەڵام لە مەڕمەڕ و بەرد نەبوون بەڵکووقەوارە بچووک بوون و لە کەڵبەی فیل دروستدەکران و دەکران بە دەسکی ئاوێنە وەک لە موزەخانەی ئەسینا دەردەکەون. هەروەهاش لە هەندێ جێگەی جیاوازی یۆنانی دێریندا پەیکەریتری خاتوونە خزمەتکارەکانی کاریایی هەن کە سەبەتەیان لەسەر سەر ڕاگیراون/ دانراون. دەڵێن ئەم خاتونە خزمەتکارانە لە خزمەتی خواژن دا بوون کە ئارتمیس-ە و خوای ڕاوکردن بوە و کچی خوا گەورەکەی یۆنانی دێرین 'زیوس' بووە، ئەم خواژنە پارێزەری کچان بوە و لەعنەتی/ بڕیاری بە سەختی ژیانکردنی بۆ زۆر لەو کچانە دەرکردوە، وەک دەڵێن دواتریش هەندێکیانی لە نەخۆشی چاک کردۆتەوە.
 زیوس جگە لە ئارتمیس، منداڵیتری زۆری هەبوون، لەوانە:
 'ئەپۆڵۆ' خواپیاوە و بە خوای وەرزش و تیرهاوێژی ناسراوە و هەتا ئێستاش لە یاریە ئۆلۆمپیەکاندا (ئۆلۆمپیاد) هەر ئەو سومبولی وەرزشە.
'ئەفرۆدایتس' خواژنە و بە خوای جوانی ناسراوە و لە شیعر و ئەدەب و  هونەری جوانی و بەرهەمەکانی جوانناسی و جوانکاریدا هەر خۆی خوای جوانی یە.
'ئەسینا' خواژنە و بە خوای زانین و مەعریفە ناسراوە و شاری ئەسینای کۆن بەناوی ئەوەوە کراوە کە پایتەختی فەلسەفەیە و تا ئێستاش هەر پایتەختی یۆنانە.
'هێرکیلیس' (کورد بە هەرقل دەیناسێت) خواپیاوە و بە پاڵەوانی لەش و زۆرانبازی ناسراوە. 

پەرستگای تایبەتی خواژن ئارتمیس یەکێکە لە حەوت شوێنەوارە مەزنەکانی جیهان، ئەو پەرستگایە لە ناو سنوری ئێستای تورکیایە و لە شوێنەوارە بەناوبانگەکەی ئێفەسوس-دایە کە کەوتۆتە دەڤەری ئەزمیر، ئێفەسوس شارێکی یۆنانی دێرینە و دە سەدە پێش زاینیی دروستکراوە، واتە سێهەزار و نۆزدە ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە، من لە ساڵانی پاش دووهەزاردا چەند جارێک چووم بۆ بینینی شوێنەواری ئێفەسوس و زۆر سەرنج ڕاکێش بوو. 
ئەفسانە دێرینەکانی یۆنان دەڵێن ئەم خاتوونە خزمەتکارانە ،شەشیان ئەو پەیکەرانەن  کە لە ئەکرۆپۆلسن، بازنەیەکی سەماکردنیان پێکدەهێنا بەدەوری خواژن ئارتمیس دا و هەر یەکەیان سەبەتەیەک میوەی جۆراو جۆریان بەسەرسەرەوە بووە کە میوەی خوازراوی خواژن بوون.  زۆر کەس هەن ئەم شەش پەیکەرانە بە پەیکەری شاژن و ژنە بەناوبانگەکان وژنانی خێزانە دەوڵەمەند و ناسراوەکانی ئەسینای کۆن دەزانن، بەڵام ئەوە هەڵە تێگەیشتنە لە مێژوو و ئەفسانە کۆنەکانی یۆنانی. ئەوەی کە باسم کرد ڕاستیی چیرۆکی ئەو شەش خاتوونە پەیکەرانەیە کە خزمەتکار و کۆڵەکە و ڕاگری دەروازیەکی ئەکرۆپۆلسن لە شاری ئەسینای کۆن و پایتەختی فەلسەفە و پایتەختی ووڵاتی یۆنان.

خواژن 'ئەسینا' ناوبانگی زۆر زیاترە لە خوشکەکانیتری،  ئەو خۆشەویسترین کچی خواگەورە زیوس بووە، لەبەر ئەوەی تەنها لەخۆی بووە، هەروەهاش جگە لەوەی بە خوای زانین و مەعریفە ناسراوە، بە خوای زانینی ستراتیجیەتی جەنگیش ناسراوە و دەڵێن بە زانینی داڕشتنی ستراتیجیەتی جەنگ ڕاوێژکار و یارمەتیدەری (هەرقل) هیرکیلیس ی برای کردوە لەکاتی شەڕکردنەکانیدا. خواژن 'ئەسینا' بەتەواوی کچی  زیوس ی خوا گەورەکەی یۆنانی دێرینە، وەک ئەفسانەکان دەڵێن: ئەسینا لە کەلەسەری باوکیەوە دەردەپەڕێ 'لەدایک بووە'، کاتێک کە زیوس هەست دەکات سەری ئازاری هەیە وەک ئازاری لەدایکبوونی مناڵ، خواژن 'ئەسینا' لە ناوچەوانی خواگەورە زیوس-ەوە بەگەورەیی و بە بێ دایک لەدایک دەبێت، شاری ئەسینای دێرینی بەناوەوە دەکرێت و ئیتر خواژن 'ئەسینا' دەبێتە پارێزەر و ڕاگری زانین و مەعریفەی شاری ئەسینا و ڕاوێژکاری ستراتیجیەتی جەنگ لەناو خواژن و خواپیاوەکاندا. جگە لەوەی پێی بەناوبانگە، حەزی لە هونەر و شیعریش هەبووە، ئەو تەنها یەک باڵندەی خۆشویستوە کە کوندەپەپوە و بە کوندەپەپوەکەی مێنێڤا (مێرنێڤا) ی شاری ئەسینا و خواژن 'ئەسینا' ناسراوە، مێنێڤا بووە بە نازناوێکیتری شاری ئەسینا. ئەم باڵندەیەی خواژن هەمیشە لەسەر ئەکرۆپۆلس دەنیشێتەوە ودەبێت بە نێردراوی خواژن 'ئەسینا' لەشاری ئەسینادا، زانیاری و زانین لە شاری ئەسیناوە کۆدەکاتەوە وتەنها ئێواران لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، کۆی زانین و زانیاریەکانی دەگەیەنێت بە خواژن. 

 ئەم کوندەپەپوەی خواژن 'ئەسینا' هەرهەمان کوندەپەپوە کە هێگڵ  لەسەدەی شانزدە و حەڤدەدا باسی دەکات و دەڵێت "کوندەپەپوەکەی مێنێڤا تەنها ئێوارە درەنگانێ باڵەکانی پەرش دەکات و دەدات لەشەقەی باڵ و هەڵدەفرێ". هێگڵ  کوندەپەپوەکەی خواژن 'ئەسینا' بەکاردەهێنیت بۆ دەربڕینی ئەوەی کە دەیەوێت بیڵێت. هەندێک پێیان وایە هێگڵ بەمە دەیەوێت بڵێت کە زانین تەنها لە کۆتایی تەمەندا کامڵتر دەبێت، گەرچی ئەوەش دەگرێتەوە، بەڵام من پێم وایە هێگڵ زیاتر مەبەستی لە تێزەکەی خۆیەتی  لەسەر لۆجیکی دیالەکتیک و کۆتایی مێژوو، هەروەک سەرەنجامی تێزە فەلسەفیەکەی خۆی دەیەوێت بڵێت: زانین تەنها لە کۆتایی مێژوودا بە تەواوی کامڵ دەبێت.

# لیکۆڵەر لە بواری فەلسەفەدا
١٣-٦-٢٠١٩


16/06/2019