بەڵگەکان بە پاکژی و بێلایەنی نابینرێن

ساماڵ مانیی

  دەمەوێت دوو بابەت بپێکم لەم کورتە نوسینەمدا، یەکەمیان: گرنگی فەلسەفە بۆ لێکدانەوە و تێگەیشتن لە ژیانی ڕۆژانەماندا ، دوەمیان: گرنگی فەلسەفە بۆ هەموو جۆری ئەو لێکۆڵینەوانەی کە پشت بە بەڵگە دەبەستن لە سەرەنجامگرتنیاندا. ئەوەش لە ژیانی ئێستای ئێمەدا زۆربەی لێکۆڵینەوەکان دەگرێتەوە، هەر لە لێکۆڵینەوەی بوارە جیاجیاکانی زانستی سروشتیەوە  بۆ نموونە وەکو فیزیا و کیمیا، لێکۆڵینەوەکانی بوارەکانی زانستە مرۆییەکان  بۆ نموونە وەکو سۆسیۆلۆجی و مێژوو، هەتا لێکۆڵینەوەکانی  پۆلیس و  ئامادەکردنی ئارگیومەنتی پارێزەران و بەهەندگرتنی کەیسەکان لە دادگاکان دا، هەروەهاش لێکۆڵینەوەی سیاسی سەبارەت بە دۆخێکی نالەبار، تەنانەت لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژانەی نێوان دوو عاشقی بە گومان لەیەکتریشدا.  ئەمە لەبەر ئەوەیە کە هەموو مێتۆدی زانستیانە بەکاردەهێنێن و متمانەی پێدەکەین لە سەرەنجام گرتنەکانمان و دادوەریکردن و بڕیارەکانمان دا.


لەم باسەدا ناچمە تاووتوێکردنی وردەکاریەکان و دەرخستنی کەمووکوڕیەکان و چارەسەرەکان لە مێتۆدە زانستیەکاندا، لە نوسینیترمدا بە ووردی ئەو کارەم کردوە.
ئەوەی کە لەم باسەدا مەبەستە لام،  تیشکخستنە سەر 'بەڵگە'یە بۆ ساغکردنەوەی سەرەنجام و بڕیارەکان. بۆ هەموو کۆمەڵگەکە، گرنگە بە پرسی بەکارهێنانی بەڵگە و ڕۆڵی بەڵگە ئاشنا و شارەزا بێت، بەڵگە و  ڕۆڵی بەڵگە و لێکدانەوەی بەڵگەکان وەکو بنەما و سەرەنجامگرتن لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەکان لە میکانیزمی بڕیارەکانماندا ئیش دەکەن، بۆ تاکی بیرکەرەوەی ناو کۆمەڵگەکەمان گرنگە ئاشنا بێت بەم دیبەیتانە و شارەزای کێشە و کەموکوڕیەکان بێت، بۆ ئەوەی ڕۆژانە سەرکەوتوو بێت لە  لێکدانەوە و بڕیاردان و بیرکردنەوەیدا سەبارەت بەوەی دەیبینێت و دەیبیستێت  و کاریگەرە لە ژیانکردنیدا لەناو کۆمەڵگەکەیدا. 


'بەڵگە'، 'زەمینەی دیاردە و ڕوودان'، 'نیەت و ئاڕاستەی لێکۆڵەرەکە'، 'شارەزایی و ئەزموونی لێکۆڵەرەکە'، 'باوەڕەکانی لێکۆڵەرەکە' ، 'میکانیزم و ستاندارد و مێتۆدی پەیڕەوکراو لە لێکۆڵینەوەکەدا' هەموویان گرنگن و ڕۆڵی کاریگەریان لە گەیشتن بەسەرەنجام و بڕیار لەهەر لێکۆڵینەوەیەکدا هەیە.  لە بواری فەلسەفەدا بە سەدان ئارگیومەنتمان  هەیە سەبارەت بە هەموو ئەمانە، تیشک خراوەتە سەر کەموکوڕیەکانیان و کاریگەرییان لەسەر سەرەنجام و بڕیارەکان، هەروەهاش چۆنیەتی و مەرجی متمانەکردن بە مێتۆد و سەرەنجامگرتن و بڕیارەکان. لەناوهەموو ئەمانەشدا 'بەڵگە' پایەیەکی سەرەکی هەیە لە ساغکردنەوە و سەلماندندا، منیش دەمەوێت کەمێک  تیشک بخەمە سەر ناساندنی  بەڵگە و ڕۆڵی بەڵگە لەم کورتە باسەدا.


ئێمە لە فەلسەفەدا، دیبەیتی زۆرمان هەیە سەبارەت بە بەڵگە و جۆرەکانی و بەکارهێنانی،  منیش لە 'هەگبەی زانین' دا بە کوردی زۆر لەسەر ئەو مەسەلەیە ڕاوەستاووم و بە ووردی تاووتوێم کردوە.
 بۆ نموونە: 'بەڵگەی بینراو'مان هەیە  وەکو پەت و لاشەیەکی هەڵواسراو و نامەیەکی ماڵئاوایی، یان دەبەیەک بەنزین و نەوت و لاشەیەکی سوتاو و شەڕێکی خۆشەویستی پێشتر، یان دەمانچەیەک و لاشەیەکی کوژراو و کێشەیەکی پێشتر.  لەگەڵ ئەم بەڵگە بینراوانەدا، 'بەڵگەی نەبینراو'یشمان هەیە،  وەکو ئەزموونی پێشتر، تۆڕی باوەڕەکانی بیرکردنەوەی زاڵ،  کەڵتوری کۆمەڵگەکە، ئەو تیۆریانەی  خوێندومانن و متمانەمان پێداوون و بەهەند گرتومانن و ئیشیان پێدەکەین.


 لە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەمانەدا، کۆمەڵێک لە ئارگیومەنتی فەلسەفیمان هەیە ئەوە دەردەخەن کە هیچ 'بەڵگە'یەک (لەمەدا بەڵگەی بینراو مەبەستە) وەکو خۆی بە پاکژی و بێلایەنی نابینرێن و لێک نادەدرێنەوە لە بەکارهێنانیاندا بۆ سەرەنجامگرتن و بڕیارەکانمان. لەبەرئەمەشە کە چیتر لە لیکۆڵینەوە زانستیەکاندا بەڵگە بە تەنها بەکارناهێنرێن بۆ سەلماندنی سەرەنجامەکان، بەڵکوو سەرنج لەسەر هەموو ئەوانەیتریشە کە ڕۆڵ و کاریگەرییان هەیە بۆ گەیشتن بە سەرەنجام، وەکو  تۆڕی باوەڕ و کەڵتور و ئەزموون و شارەزایی و ستاندارد و ئەو مێتۆدەی کە گریمانەکان و تیۆریەکانی پێ دەسەلمێنرێت. هەروەهاش بەهەندگرتن و  تیشکخستنە سەر ئەوەی کە لێکدانەوە و گریمانەی جیاواز هەن بۆ هەمان بەڵگەی بەردەست و پرسیار لەسەر، پێویستی بەهەند وەرگرتنی زۆربەی ئەو گریمانە و لێکدانەوانە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا پێش بڕیاردان و سەرنجامگرتن گرنگترە لە بەرامبەر خۆڕازیکردن بە لێکدانەوەیەکی حازربەدەست و وەڵامی بەهەڵپە.
هەندێک تێزی فەلسەفیمان هەیە کە  گرنگ وسەرنج ڕاکێشن لەلای ئەوانەمان کە لە فەلسەفەی زانستی سروشتی و زانستە مرۆییەکان و فەلسەفەی زانین دەکۆڵینەوە ، هەروەهاش بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی بواری فەلسەفە و بوارەکانی زانستەکاندا ئیش دەکەن بەڵام دەرخستنی 'ڕاستی' لە ئیشکردنەکانیاندا گرنگ و سەرەکیین.  بە گشتی، ئاشنا بوون بەو تێزە فەلسەفیانە گرنگە بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت لەسەرمەسەلەی ساغکردنەوەی سەرەنجامەکان و گریمانەکان و تیۆرییەکان بزانێت، یان خۆی لە ژیانی ڕۆژانەیدا ئیشەکانی پەیوەستن بە بەڵگە کۆکردنەوە و بەکارهێنانیان و سەرەنجامگرتن بە  بەکارهێنانی بەڵگەکان، بۆ نموونە پۆلیس و پارێزەر و دادگاکان. 
 یەکێک لەو تێزە فەلسەفیانە کە لەسەر پرسی پشتبەستن بە بەڵگە هەیە و لەم باسەدا دەیخەمە بەرتیشک، بە تیۆری 'یو تی ئی' ناسراوە. بۆ ئەوەی زۆر بە کورتی ناوەرۆكی تیۆری 'یو تی ئی' بەسادەیی بخەمە پێش چاوو و ڕوونی بكەمەوە، ئەم نموونەیە بەكار دەهێنم: 
با وای دابنێین چەند  گریمانەیەکمان هەیە کەتا ڕادەیەکی باش دەکرێت لێکدانەوەکانیان پەسەند بکرێن سەبارەت بەو بەڵگە بینراوانەی لەبەردەستدایە، ئەو گریمانانە بەم جۆرە ناویان لێ دەنێین
. H و H1 و H2 و H3 و H*
بەشێکی تێزە فەلسەفیەکەی 'یو تی ئی' سەبارەت بەم هەبوونی کۆمەڵە لێکدانەوە و گریمانانە دەڵێت: هەر یەكێك لەم گریمانانە دەتوانێت كاندید بێت بەبێ جیاوازی بۆ باسكردن و ڕوونكردنەوەی هەمان دیاردە و بەڵگەی کە لەبەر دەستماندایە و لە ژێر پرسیاردایە. 
ئێستا با وای دابنێین، لەبەر هەر هۆیەك بێت، ئەو گریمانەیەی كە ناوەكەی ئەستێرەی پێوەیە، لامان پەسەندتر بێت وەك لەوانیتر. ئەمە مانای ئەوەیە ئەم گریمانەیەی كە هەڵمان بژارد بۆ ئەوەی پەسەندی بكەین سەبارەت بەوەی كە لەسەر دیاردە و بەڵگەکە دەیڵێت، بەلامانەوە ڕاستی دەپێکێت و سەرەنجامێکی داوینەتێ سەبارەت بەو دیاردە و بەڵگانەی کە لە ژێر پرسیاردان.


بەشێکیتری تێزە فەلسەفیەکەی 'یو تی ئی' دەڵێت: ئەگەر دواتر ئەوەمان بۆ دەركەوێت كە ئەو گریمانەیەی هەڵمان بژاردبوو لەناو ئەوانیتردا بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردە و بەڵگەکانی بەردەستمان، هەڵەیە یا هەڵە بووە لە باسكردن و سەرەنجامەکەیدا، ئه‌وا هەڵەبوون و ناڕاستبوونی ئەو تیۆرە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە دیاردەكە یان بەڵگەکە ڕونکردنەوەی نیە و قابیلی ڕوونکردنەوە و سەرەنجامگرتن و بڕیاردان نیە؛ واتە ڕوونکردنەوەیتریش هەیە بۆ هەمان ئەو بەڵگە و دیاردەیەی کە لەبەر دەستدایە و لە ژێرپرسیاردایە. 

 
لەبەرئەوەی  وەک لەم نمونەیەدا دامناوە، چوار گریمانەیترمان هەیە جگە لەوەی کە ئەستێرەکەی پێوە بوو وە بژاردەی یەکەممان بوو، هەر لەسەرەتاشەوە وتمان؛هەریەک لەم گریمانانە لەگەڵ هەمان بەڵگە و هەمان دیاردە دەگونجێن تا ڕادەیەکی باش لێکدانەوەیان هەیە. کەواتە، ئەم  گریمانانەیتریش دەتوانن ڕوونكردنەوە بدەن سەبارەت بە هەمان دیاردە و هەمان بەڵگەی کە لەبەر دەستماندایە بۆ سەرەنجام گرتنەکەمان؛ دەبێت بە هەند بگیرێن.
تا ئێرە ئارگیومەنتی یان تیۆری فەلسەفی 'یو تی ئی' ئیشی خۆی بەجێ دەهێنێت دژ بە وەی کە ناتوانین تەنها پشت بە بەڵگە ببەستین  بۆ گەیشتن بە سەرەنجام، چونکە  بۆمان دەردەخات کە هەمان بەڵگەی بینراوی بەردەستمان گونجاوە لەگەڵ  هەرکام لەو گریمانە و لێکدانەوانەدا کە لە سەرەوە ڕیزم کردوون و هەمووشیان باسی هەمان بەڵگە دەکەن و لێکدانەوەی بۆ دەکەن و بەهەمان بەڵگەش سەرەنجام دەگرن. 


 بۆ ماوەیەکی زۆر لە مێژووی لێکۆڵینەوەکاندا، هەندێک لێکۆڵەر پێیان وابوو کە بەڵگەکان بە بێلایەنی دەبینرێن و زەمینەی ڕوودان و مێتۆدی بەکارهاتوو وئەزموون و باوەڕەکانمان دەوریان نیە لە لێکدانەوەماندا و بۆ دیتنەکانمان و بۆ بینین و بەکارهێنانی بەڵگەکان. ئەو تێڕوانینە هەڵە بوو،  لە ئێستدا ئیشی پێناکرێت. ئەو تێز و تیۆریە فەلسەفیانەی پشتگیری لەوە دەکەن کە دەکرێت بەڵگە پاکژ ببینرێت و بەکاربهێنرێت و بەدەر لە لێکدانەوە و باوەڕی پێشینەی ئەو کەسەی کە دەیانبینێت،  ئەوانە پشتییان بەوە بەستووە كە: دیتن یا بینینی بەڵگەکان بە تەواوی سەربەخۆیە و جیایە یا پاك و پاکژە لە تیۆر و تێگەیشتنی پێشینەو بۆچوون و باوەڕەکانمان و گەردی ئەوانەی پێوە نیە کاتێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین لە لێکۆڵینەوەکانماندا. بەڵام ئێمە  لە فەلسەفەدا دەزانین كە وانییە، چونكە چەندین ئارگیومەنتیتر و تێۆریترمان هەن کە پێچەوانەی ئەوە دەڵێن، لەناویاندا بەناوبانگترینیان تیۆرییەکە كە بە 'تیۆری دوێیم' ناسراوە، لەبەر ئەوەی یەكەم جار پیێر دوێیم مەسەلەكەی هێناوەتە باسكردن و تیۆرەكەشی بە ناوی خۆیەوە ناسراوە. ئارگیومەنتی تیۆرەكەی دوێیم دژ بەم جیاكردنەوە و پاكژبوونە و سەربەخۆییەی بەڵگە بینراوەکانە لە تیۆر و باوەڕی پێشینەی ئەوەی کە دەیبینێت. 
دوێیم لە تیۆریەکەدا ئەو سەرەنجامە دەردەخات كە هیچ بەڵگەیەك و هیچ دیتن و بینینێك خاڵیی نییە لە تیۆر(هەروەهاش لە بۆچوون و باوەڕەکانی ئەوی کە دەیانبینێت)، بەڵگە و دیتن و بینین سەربەخۆ نین لە تیۆر و باوەڕ و لێکدانەوە، هیچ بینین و بەڵگە و دیتنێك بەتاڵ نییە لە تیۆر تا بە سەربەخۆ و بە تەواوی جیاواز و پاكژ بێ لە تیۆر و بتوانین تەنها بە بەڵگە سەرنجام  و تیۆریەکان ساغ بكرێتەوە.


ئەمە جگە لەوەی  هەردوو لە تێزی 'یو تی ئی' و 'دوێیم' ئەوە دەسەلمێنن کە سەرەنجامەکان تەنها بە بەڵگە ناسەلمێنرێن، هەروەها لە زەمینەی دیتن و  تێگەیشتنماندا بۆ دیاردە و بەڵگەكان  کۆمەڵێک تیۆر هەن و بەكارن و تیكهەڵكێشن بەو دیتن و تێگەیشتنانە،  جگە لەوەی کە لە تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگەكاندا تیۆر بەكار دەهێنرێن و تێۆر لە پشتی باوەڕەکانمانەوە هەن. سەرەڕای ئەمانەش، هیچ زمانێك بۆ دەربڕین نییە كە خاڵیی بێت لە تیۆر و تیۆری تیادا نەبێت كە وەسف و باسكردن و ڕوونكردنەوە بۆ بەڵگە بینراوەكان بە ڕستە دابڕێژێت و مانای بداتێ. 
بۆ ئەوانەتان کە فەلسەفە دەخوێنن یان دەیخوێننەوە، ئەم بەشەی تێزەکەی دوێیم لە ساڵانی پەنجا و شەستەكانی سەدەی ڕابوردوودا لە لایەن فەیلەسوفی ترەوە داڕێژراوەتەوە و بە ئارگیومەنتی 'پڕە تیۆر'  ناسراوە و ئاماژەی پێدەکرێت لە تێکستە فەلسەفیەکاندا 
لەهەموو حاڵەتێکدا، ئەگەر ئەو سەرەنجامە پەسەند بكەین كە بەڵگە بە تەنها بەش ناكات بۆ سەلماندنی تیۆرەكان، کەواتە دەبێت لەگەڵ بەڵگەدا مەرجی تر دابنێین بۆ ساغكردنەوە و سەلماندنی تیۆرەكان و دەرخستنی ڕاستی. مەبەستەكە لێرەدا ئەوە نییە كە بەڵگە فڕێ بدرێتە دەرەوە و بەكار نەهێنرێت لە ساغكردنەوە و سەلماندن و سەرەنجامگرتندا، بە پێچەوانەوە بەڵگە گرنگترینە، بەڵام لەبەر هەموو ئەو هۆیانەی كە باسم كردن، دەبێت و پێویستە ئەوەمان بەلاوە پەسەند بێت کە بەڵگە بە تەنها نابێتە ساغكەرەوەی ڕاستیی  بڕیاردان و سەرەنجام و تیۆرەكان. هەر لەبەر ئەمەشە پێویستمان بە مەرجیتر هەیە بخرێتە سەر مەرجی هەبوونی بەڵگە لە ساغكردنەوە و سەلماندنی سەرەنجام و تیۆرەكاندا، بۆ ئەم کارەیە دەبینین لە فەلسەفەی زانستی سروشتی و زانستە مرۆییەکاندا، تەنها پشت بە بەڵگە نابەستین و مەرجی ترمان هەیە سەرەڕای بەڵگە لە ستاندارد و مێتۆدی سەلماندن و ساغكردنەوەی تیۆرەكان دا. 


لە فەلسەفەدا، یەكێك لە مەرجەكانی تر، سەرەڕای هەبوونی بەڵگە، هەبوونی هەماهەنگی یا گونجاوییە (کۆهێرەنتیزم)  لەگەڵ تیۆرە ڕاستەكانی تردا کە هەمانن. ئەمەش مەسەلەی گشتایەتی (هۆڵیزم) ی هێناوەتە كایەوە، هەر بۆیەش تیۆرە زانستییەكان و تێرمە زانستییەكان لەو گشتایەتی(هۆڵیزم)ەدا مانا لە خۆ دەگرن و ڕاستی دەدەن بەدەستەوە. ئەمەوێت ئەو دوو ئارگیومەنتەی 'گونجاویی' و 'گشتایەتی'یە ڕوون بکەمەوە پیش ئەوەی کۆتایی بهێنم بە باسەکەم.
 ئارگیومەنتی کۆهێرەنتیزم یا گونجاویی، بەکورتی دەڵێت: بۆ ئەوەی باوەڕێک یان تیۆریەک ساغببێتەوە، پێویستە بەشێک بێت لە تۆڕێکی باوەڕی گونجاو لە گەڵ یەکتر، هیچ باوەڕێک بە تەنها ئیش ناکات و پشتی بە کۆمەڵێک باوەڕیتر بەستوە.


ئارگیومەنتی هۆڵیزم یا گشتایەتی، بە کورتی ئەمە دەڵێت: هەر تیۆریەک بەشێکە لە گشتایەتی تۆڕی تێۆریەکان و لە پەیوەندیەکی یەکجار نزیکدان، بەجۆرێک پەیوەستن پێکەوە کە ناتوانن بە بێ یەکتری هەبن.


کۆتایی باسەکە: لە هەموو جۆرەکانی لێکۆڵینەوەدا فەلسەفی بن یان زانستی یان پۆلیسی یان گومانی عاشقان، دەبێت هەموو ئەو مەسەلانەی کە ئاماژەم پێکردوون ڕەچاو بکرێن: بەڵگە، زەمینە، ئەزموونی پێشتر، ڕۆڵ و کاریگەریی  باوەڕ و بۆچوونی ئەوەی کە بەڵگەکان دەبینێت و بەکاریان دەهێنیت، ئەو مێتۆد و ستانداردەی کە لێکۆڵینەوەکانی پێدەکرێت. تیشک خستنە سەر زەمینەی دیاردەکە وەکو ئەو فاکتەرانەی کە موحتەمەلە رۆڵیان هەبوبێت لە دروستبوونی بەڵگەدا، ئەو باوەڕانەی کە موحتەمەلە ڕۆڵیان هەبێت لە دیتنی بەڵگەکان بە دیتنی جیاواز لەیەکتری، بەهەند گرتنی هەموو ئەو گریمانە و تیۆریانەیتر کە هەمانن و دەکرێت لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیان هەبێت و سەرەنجامی جیاواز بگرن لەسەرئەو بەڵگانەی لەبەردەستماندان و لە ژێر پرسیاردان.


د. ساماڵ مانیی


ئەمە کورتەیەکە لە هەندێ مەسەلەی فەلسەفی کە  لە کتێبی یەکەمی 'هەگبەی زانین' دان و بە ووردی لەوێدا تاووتوێم کردوون لە بەشێکی تایبەتدا سەبارەت بە کێشەی سەلماندن وساغکردنەوە و ڕاستی. لەم باسە کورتەدا بە پێویستم نەزانیوە ئاماژە بەهەموویان بکەم و بیانهێنمە سەر باسکرن. 



03/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر