لە داوێنی پرسی 'یەکسانی جێندەری' دا

ساماڵ مانیی

٣٧ساڵ پێش ئێستا، لەناو شاخەکانی کوردستانا لە کۆنفراسی دووەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دا،  کە دووەم جاری چوونە شاخم بوو، وەک ژنێک بەرامبەر بە کۆمەڵێک پیاوی بژاردەی ڕۆشنبیر و سەرکردەی سیاسی و سەرکردەی عەسکەری خەباتی کوردەکان وەستامەوە. بە دەنگێکی گەنجانەی باریکەوە مەقالەیەکم خوێندەوە کە زۆر لە مێژ بوو نوسیبووم سەبارەت بەو کەم و کورتی یەی کە لە تێگەیشتن لە مەسەلەی پرسی ژن (تێڕوانینی جێندەری) دا هەبوون لەناو ڕێکخستنی شار و پێشمەرگایەتی شاخ دا لە  سەرەتای هەشتاکاندا. 

 
مەقالەکەم بە پێداچوونەوەی شەهید ی بوێر دڵشاد مەریوانی نوسیبوو، زۆر دەمێک بوو ناردبوومان بۆ گۆڤاری ئۆرگانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران  بۆ بڵاوکردنەوە، بەڵام  نوسینەکە ڕاگیرا بوو و بڵاویان نەدەکردەوە، لەبەر ئەوەی تەواوکردنی مەقالەیەکی کاک نەوشیروان  موستەفا بوو کە لەو کاتەدا نوسیبووی بە ناونیشانی 'لە داوێنی کێشەی ئافرەتاندا'  و لەهەمان گۆڤاردا بڵاوکرابۆوە. 
لەو مەقالەیەمدا زۆرم لەسەر کەموکورتی تێگەیشتن لە پرسی  ژن دەستنیشان کردبوو لە ناو شۆڕشی کورد دا، یەکێک لەوانە پرسیاری ئەوە بوو کە  بۆ دایک و ژن و خوشک و ئەندامانی خێزان و کەسوکارتان ئازادی نیە و ناهێنرێنە کاری مەیدانیی سیاسەتەوە؟ ئەوەشم ڕووبەڕووی ڕۆشنبیرە سیاسیەکان و سەرکردە سیاسیەکانی ئەوسا کردبۆوە.

 
نەیان دەهێشت بیخوێنمەوە، پیاوەکان بەهانەیان دەگرت و دەیانووت هەر کەسە و یەک دوو دەقەی هەیە و کات کەمە، وەکو ئەمڕۆ لە بیرمە، تاکە پیاوێک کە مەقالەکەم ئاماژە بۆ نوسینەکەی ئەو بوو و ئەڵبەتە ئەوەش وەکو ڕەخنە  لە نوسینەکەی ئەو وەردەگیرا، خۆی لەو دەنگە دەنگەی ڕێگرتنەدا بە تەنیا  هەڵسایە سەرپێ و هاتە ڕیزی  پێشی پێشەوەی هۆدەی کۆنفرانسەکە و لە بەردەمی مندا بە چوارمەشقی دانیشت و بەدەنگی بەرز بە هەموو ژن و پیاوەکانیتری ووت: " من ئەمەوێت گوێی لێ بگرم،  لێیگەڕێن با بیخوێنیتەوە"، پاش ئەو قسەیەی کاک نەوشیروان، شەهید جەمال تاهیر کە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکەی دەکرد مایکرۆفۆنەکەی دایە دەستم و ووتی: "کات بە ئارەزووی خۆت" ، مام جەلال   کە لە  دواوە  دانیشتبوو هاتە پیشترەوە و لێم نزیک بۆوە بۆ ئەوەی باش گوێی لێم بێت.

 

ئیتر بە شەوقەوە هەموو گوێیان لێگرتم و ڕەخنەکەم گوێی لێگیرا،  نەک هەر ئەوەندە  بەڵکوو بۆ ئێوارەکەی  کاک نەوشیروان دەعوەتی کردم بۆ ماڵی خۆی بۆ دانیشتن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مام جەلال و دڵشاد مەریوانی و جەمال تاهیر و بۆ نانخواردن لەگەڵ  یەک دوو سەرکردەیتردا بۆ باسکردنی زیاتر و باسکردنی هەندێک لە مەسەلە سیاسیە گرنگەکانی ئەوسا. هەر لەوێشەوە پەیوەندییەکی زۆر پتەو و نزیک  و پڕ مەحەبەت لە نێوان من و کاک نەوشیروان و مام جەلال دا دروست بوو، هەر ئەوەش بوو بە هۆی سێیەم جاری چونەوە شاخ و بەردەوام بوونم هەتا ئەو کاتەی وازم لە سیاسەت هێنا لە ١٩٩٣ دا و بەتەواوی ژیانم تەرخانکرد بۆ فەلسەفە.

ئێستا کە ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو کاتانەدا تێپەڕیوە، نە کۆمەڵەی ڕەنجدەران ماوە و نە سیاسەتی لەو جۆرە و نە پرسی ژن وەکو جارانە و نە کۆمەڵگەی کورد لە هەرێمی کوردستان وەکو کۆمەڵگەی ئەوسایە. پێم سەیرە لەم هەموو گۆڕانکاریانەدا کە  لە هەرێمی کوردستاندا بەسەر چەمک و تێگەی 'سیاسەت کردن' و  'شۆڕشگێڕی' دا هاتوە، لەو هەموو کۆمەڵە لە چەمکی نوێی وەکو 'دەوڵەتداری' و'حوکمڕانی'  هاتونەتە کایەوە، کەچی هێشتا داوای ئەوە دەکرێت کە کۆمەڵێک پیاوی  دەستەبژێری ڕۆشنبیر و سیاسیکار و دەوڵەمەند و دەوڵەتمەداری بەناوبانگ  لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕێگە بدەن دایک و خوشک و ژن و کچ و کەسانی ناو خێزانەکەیان زیاتر دەربکەون و گرنگییان پێ بدرێت لەبەرامبەر بە تێکڕای ژنان دا،  بەتایبەتی لەسەر حسابی ژنانی ناو خێزانە هەژار و بێ ناوبانگ و بێ ملیۆن و بێ پۆستی باش و بێ مەدالیا و خەڵاتەکان. 

 ئەو داواکاریە لە ئێستا دا هەڵەیە و کەموکوڕی دەردەخات لە تێگەیشتن لە' نایەکسانی جێندەری'، هەروەهاش تێنەگەیشتنە لەو گۆڕانکاریەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە  پاش ڕاپەڕینەوە ڕوویانداوە.  چاوداخستنە لەو چینەی لەسەر حسابی ئەوانیتر پێگەی خۆیان بە دارو دیوار و بینا و باخ و شەقامەکانی شار و لادێکاندا داکوتاوە، نە ئەو چینە تەنها پیاون و نە دایک و خوشک و ژن و کچیان بێبەشن لە دەستکەوتەکانیان. لەبری ئەوەی 'باڵانسی جێندەری' و 'یەکسانی جێندەری' و 'هاندانی جێندەری'  تەنها بۆ خێزانەکانی ئەوان قۆرخ بکرێت و لە بەرژەوەندی زیاتری گەورەکردنی خێزانەکانی خۆیاندا بەکاری بهێنن،  پێویستمان بە پلانێکی جێندەرییە کە ئەو باڵانسە ڕاستبکاتەوە لە نێوان ژنانی چینی بەدەسەڵات و بەناوبانگ و دەوڵەمەند بەرامبەر بە ژنانی چینی سوود نەدیو لە کوردستان و بێ پۆست و بێ موڵک و بێ ملیۆن و بێناوبانگ، بە پرۆسەیەک  کە مەبەستی هاندان ودامەزراندن و پێشخستنی ئەو دایک و خوشک و ژن و کچانەی ناو خێزانە هەژار و دەرنەکەوتوەکان بێت. 
ئەوەی کە داواکاریە بۆ بەرژەوەندی زیاتری ژنانی ناو ئەو خێزانانەی کوردستانیان بە ڕاست و چەپدا خواردوە لەسەر حسابی ژنانی ناو خێزانە هەژارەکان، تێگەیشتنێکی نادروستە بۆ 'نایەکسانی جێندەری'، ئەوە هەوڵێکە بۆ قۆرخکردنی زیاتر لەناو دەستەبژێرێک لە خێزانەکان و 'پرسی ژن' و 'باڵانسی جێندەری' و 'یەکسانی جێندەری' ی بۆ بەکاردەهێنن. لە ئێستادا پێویستمان بە تێگەیشتنێکیتری جێندەرییە ، تێگەیشتنێک توانای ئەوەی هەبێت کە ئەو قۆرخکردنانە ڕەتبکاتەوە و نەیانکات بە بار بەسەرشانی'پرسی ژن' و 'یەکسانی جێندەری' و 'باڵانسی جێندەریەوە'، پرۆسەیەک توانای گواستنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە  پۆست و مەدالیا و خەڵات و  پێزانین و هاندان و ڕێز لێگرتن و گوێ لێگرتنی هەبێت  بۆ ئەو ژنانەی لە ناو خێزانەکانی چینی هەژار و بێناوبانگ و خێزانی و سوود نەدیو لە 'کوردستان'ن،  لەوەش زیاتر پێویستمان بەوەیە کە 'پرسی ژن' و 'باڵانسی جێندەری' و 'یەکسانی جێندەری' لە ژێر دەستی 'خێزان'دا دەربهێنرێت و بدرێتەوە بە ژنان خۆیان بە گشتی، 'پرسی ژن' هی ژنە نەک خێزان، 'جێندەر' تێڕوانینێکە پەیوەندی بە  هەڵاواردن ونادادپەروەری رەگەزی مێینە وە هەیە  نەک خێزان،  باڵانس ڕاگرتنەکەش بۆ هەڵسانەوەی لاسەنگی ژنە  لە هەموو جومگە و پێکهاتەی ژیانی کۆمەڵگەدا هەتا ئەو کاتەی ئەو نایەکسانیە سەنگی تەواوی خۆی دەدۆزێتەوە لە ناو هەموو جومگە و بەڕێوەبردنێکدا.  

ئەمە  بە گرنگ دەبینم بۆ ئێستا، وەکو چۆن ئەو داواکاریە گرنگ بوو لەوسادا ؛ پێش ٣٧ ساڵ لەمەوبەر و لە  ناو بزووتنەوەیەکی سیاسیدا. 

د. ساماڵ مانیی
٢٥-١١-٢٠١٩

 

26/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر