گێڕانەوەی یەکەم گریان

ساماڵ مانیی

 

یەکەم جاری ئاشنا بوونم بە ئەگەری کوشتن لەسەر شاڕێی جادەیەکی خۆڵی قەراغی شار بوو، لە ترسی کوشتنی باوکم یادەوری زوو دەستی  بەتۆمارکردن کرد، منیش بەو ئاشنا بوونە  ئەژنۆ چکۆلەکانم ئەلەرزی و ڕەنگم پەڕیبوو.  یاریەکانی مناڵیی پیش ئەم بەسەرهاتەم لە یاد دا جێگیر نیەو نەدەبوایە ئەمیش لە یاوەریمدا تۆمار ببوایە، هێشتا  زۆر زوو بوو بۆ تۆمارکردنی ئەزموونی ژیان.

 
 لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابووردودا، پێش تەمەنی چوونە قوتابخانەم بوو( بە شەش ساڵی خرامە مەکتەب)،  لە بازگە چۆڵەکەی گردی شێخ فەتاح ی قەراخ شار، قرچە قرچی نیوەڕۆیەکی گەرم بوو، خرمەی میل هێنانەوە و دەنگدان بە زمانی عەرەبی دڵی داخورپاندم و لە قەڵادۆشکانی باوکمەوە ئاوڕم دایەوە چەند پیاوە سەربازێکی تفەنگ بەدەست لە ناوقەدی گردەکەوە بە ڕاکردن دەهاتنە خوار بەرەو ئێمە و بە دەنگە دەنگەوە باڵیان لێ ڕائەوەشاندین بوەستین. باوکم  بە هێواشی دایگرتم  و بێ ئەوەی من هیچ بڵێم ، وتی "مەترسە باوکە، هیچ نیە"، لەتەنیشت خۆیەوە توند نوساندمی بە خۆیەوە و بە توندی دەستمی لەناو دەستی خۆیدا گرتبوو، ئیتر پێموابوو خۆم لەناو دەستی باوکما شاردۆتەوە  و هیچ کەس  نامدۆزێتەوە.

 
 باڵا، کەموزۆر لەئاستی ئەژنۆی باوکم دا بوو، پیاوەکان کەسیان منیان نەدەبینی، من  وورد وورد  لە خوارەوە سەرم بەرزکردبۆوە و سەیری هەموویانم ئەکرد، ئەمبینین، چواردەوری من و باوکمیان دابوو، دەنگەدەنگیان  بە زمانێکیتر هێندە بەرز بوو هەردوو گوێم کپ ببوو و هیچیان  لێ تێنەدەگەیشتم، جار و باریش لە ناوەندی دەنگە دەنگەکەدا یەک دوو پاڵیان بە سنگی باوکمەوە ئەنا، لەگەڵ باوکما منیش لەترێکم ئەدا و وەکو باوکیشم  هەوڵم ئەدا خۆم بگرمەوە و نەکەوم. 
کە بە پاڵ باوکمیان برد، دەستم لەدەستی باوکم دەرهات و نەمتوانی بیگرمەوە، ئینجا ترس دایگرتم، بەدڵ ئەمویست بەدوای باوکما ڕاکەم و نەمتوانی، تەنها چاوەکانم بەدوای باوکمەوە  بوون، دوریان ئەخستەوە  بەرەو دەشتاییەکە هەر چاوم لێ بوو و جگە لەباوکم هیچیترم نەئەبینی. 


  ئەو ڕۆژە من و باوکم و پیاوی خاوەن ئێسترەکە بووین کە باوکم بەکرێی گرتبوو بارە ئازووقەکە بگەیەنێت بۆ شیوەکەی 'کەنەکەوە' و لەوێ ڕادەستی ئەو پێشمەرگانەی بکات کە چاوەڕێی گەیشتنی ئازوقەیان دەکرد. ماڵەوەشمان بەقەد مقەڕێک خواردنی تیا ئەخورا، باوکم زوو زوو ناچار ئەبوو برنج و ڕۆن بکرێت و خۆی دەرباز ئەکرد بە سەیتەریەکاندا. لە ڕێگاکە بە قەڵادۆشکانی باوکمەوە بووم، گوێم لە قسەکردنی نێوان باوکم وخاوەنی ئێسترەکە بوو، باوکم ئەیوت: ئێستا کاتی نانخواردنیانە، سەیتەرەکە چۆڵە نیوەڕوان، لەمیان نەجاتمان ببێت سەیتەرەکەی دوای ئەو زۆر گرنگی بە پشکنین و لێپرسینەوە نادات. ئەگەر پرسییان ئەڵێم  فەردە برنج و تەنەکە ڕۆنەکە بۆ ماڵی خۆمانە و میوانی لادێ ی زۆرم دێن و لەماڵەوە زوو سەرف ئەبێت، کە لەتۆشیان پرسی  بڵێ وایە ئەیانناسم زۆر میواندارن.  پێش ئەوەش گوێم لێ بوو ئەو بە باوکمی دەووت :  من بە شەو نایبەم و ئەبێت هەموو رێگەکەش خۆت لەگەڵم بێیت.

 
 
 دواتر کە لە بازگەکە ڕایانگرتین، کابرا  لە ترسا حاشای لێکردین و وتی " من نایانناسم، من بەس خاوەنی ئێسترەکەم و بەکرێیان گرتووم، ئاگام لە هیچ نیە وەڵا"، کە وازیان لێهێنا  بێدەنگ بوو و لای منەوە وەستا و لەمن زیاتر ڕەنگی پەڕیبوو. 

 
 کاتێک کە دڵنیا بوو باوکمیان بە پاڵ برد بیکوژن، بەزەیی بە باوکما دەهاتەوە، چەند سوکە پاڵێکی بە شانمەوە نا و ووتی: "بڕۆ، بڕۆ دەستی ئەو چابگە ماچ بکە با باوکت نەکوژێت، دەی خێرا ڕاکە،  دەستی ماچ کە با نەیکوژێت". گەرچی زۆر بەزەییم بە باوکما دەهاتەوە بەدەستیانەوە، وەک کچە مناڵە نازدار و لاسارەکەی باوکم  ڕق گرتمی  بەرامبەر بە ئەفسەرو سەربازەکان و پیاوە درۆزنەکەی تەنیشتم، پێم دا بە ئەرزا و وتم "نا، دەستی ماچ ناکەم".

 
 بەدەستی خۆم نەبوو ئەو ڕقە، هەمووحاڵەتەکە پێکەوە خراپ دایگرتم، لەتاو ترسی کوشتنی باوکم و یارمەتی نەدانی،  ئیتر خۆم پێ نەگیرا هەردوو ئەژنۆم شکا و لەسەر خۆڵەکە دانیشتم و بەدەنگی بەرز و مناڵانە دەستم کرد بە گریان. 


دوای ئەوەم بیر نایەت چی بوو و چۆن بوو و چی ڕویدا، هیچیتری ئەو رۆژە تۆمار نەبوە لام.

 
 ڕۆژانی دواتر، دایکم بە باوکمی ئەوت: "کچەکە زۆر مناڵە، نابێت بیبیەت لەگەڵ خۆت دیسانەوە"، دواتر باوکم بە دایکمی دەوتەوە "ئەو کچە مناڵە، مەیبە لەگەڵ خۆت بۆ کۆبوونەوەکان نەوەک بگیرێن". 

 
ماڵەکەمان هەمیشە  پیاوە پێشمەرگە بریندارەکانی تیا ئەمایەوە هەتا چاک دەبونەوە نەدەڕۆشتنە دەرەوە و دەکرا هەردەقەیەک ئاشکرا بوایەو هەموومانیان بگرتایە یان هەر لەماڵەوە بیانکوشتینایە. لەماڵەوە بەجێیان نەدەهێشتم، ئەوەی ڕووی ئەدا دەمبینی و بێ ئەوەی بمەوێت تۆمار دەبوون و ئامادەی دەکردم بۆ سیاسیکار هەر لە مناڵیەوە.




د.ساماڵ مانیی


 پەڕەیەک لە کتێبی یادوەریەکانمە و دواتر هەموو پەڕەکان پێکەوە بڵاو دەکرێنەوە



13/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر