پۆرترێتی سەرکردەیەکی یاخیی

شاڵاو فەتاح

ماوەیەك لە باڵەخانەیەکدا کارمدەکرد ئەوی لێبوو. پیرەمێردێك، جیاواز لە خەڵکی دی چاکەتە کوردییەکەی بەرئەدایەوە و دەستەکانی لەدوای پشتە کوڕەکەیەوە دەگرت و هەرگیز جگەرەکەی تەواو نەدەکرد. دەنگی ناخۆش بوو، پێموابێت زۆری کێشانی جگەرەش هێندەی تر ناخۆشی کردبوو. هەربۆیە تێگەیشتن لێی ئاسان نەبوو. هەرگیز راستەوخۆ قسەم لەگەڵدا نەکرد. هیچ بە پێویستم نەزانی. دەمزانی کەسێکی تایبەتە، بەڵام ئەو فریشتەیە نیە کە دەوروبەرەکەم باسیان دەکرد.
فریشتە نەبوو، نەخێر. پێشتریش وتوومە، پیاوێكی تا بڵێی یاخیی و عاسی و کەمێك بێتاقەت و تاموڵ و زۆریش راشکاو. یەکێك لە سیفەتەکانی بێباکییەکەی بوو. حەوجەی بە کەس نەبوو. خەڵکی دوای دەکەوت. پێموابێ بەنهێنی چێژی لەمە دەبینی. ئاخر ئەوە توانایەکی گەورەیە و غرور و کیبریای زۆر بە مرۆڤ ئەبەخشێت. جارێك یەکێك لە گەنجە چالاکەکانی پارتەکەی دوو سەرۆك خێڵی هێنابوو تا نزیکیان بکاتەوە لە پارتەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێیوت: کاك فڵان دەستخۆش، بەڵام ئێمە ئیشمان بە گەنجە، ئیشمان بەمانە ناڕوات، کاك فـڵانیش "قەیرێ موحەیەر" مابوو، بڵێت وایە، سەرۆك خێڵەکان تووڕەدەبوون، بڵێ وانیە، ئەم تووڕە دەبوو. بەڵام ئەم تابڵێی بێباك بوو.
یەکێك لەو شتانەی کێشەی دروستدەکرد یاخییبوونەکەی بوو. گەر وەفدێكی بیانیی پێنج خولەك دوابکەوتایە، بە ئارەزووی خۆی شوێنەکەی جێدەهێشت، چەندێك باڵا بوایە. ئەمە لە سەرکردەکانی دیکەدا کەمتر دەبینرا. هیچ نەشیدەویست باسی ئەمەی بکەن. رۆژێك روویدا وەفدێکی ئینگلیز پێنج خولەك دواکەوتن و خێرا بۆی دەرچوو. بەپەلەپەل بەدوایدا رایانکرد و بەزۆر هێنایانەوە. بەهۆی غروری لاویمەوە ئەو هەڵوێستانەم بەدڵ بوو، هەرچەند پێچەوانەی لێکدانەوەی ئاسایی بوونایە.
بە پیری حەزی بە گوێگرتن بۆ لاوان دەکرد، پێموابێ بە گەنجی حەزی بە گوێگرتن بۆ کەس نەبووە. لە گەرمبووندا جۆشی گەنجێتی تێ دەگەڕایەوە و هەیبەتێکی سامناکیی بۆ دروستدەبوو. لەوکاتانەدا باسی فیکریشی بکردایە سامی هەبوو، چونکە بە حەماسەتەوە دەدوا. هەندێك گەنج دەهاتن بەجۆرێك قسەیان لەگەڵ دەکرد، خۆی واتەنی، دڵنیام گەر لە شاخ بوایە ئاوا بۆی دەرنەئەچوون، بەڵام رێگەشی پێئەدان و گوێشی بۆ ئەگرتن.
گوێی بۆ هەمووکەس ئەگرت، بەڵام بەگوێی کەم کەسی ئەکرد. ئەو تەنیا بوو، بە پلانێکەوە کە پێویستی بە ژیانێکی و بڕستێکی گەنجانە هەبوو بۆ ئەنجامدان. زۆرێك بە هیوای گەلێکیان دائەنا و بە دەگمەن هاوڕێیەکی هەبوو.بە سەدان هەزار دەنگی دەهێنا و هەر بەتەنیا دەیڕوانیە دوور. تەنیایی دەردی کوشندەی دوا رۆژەکانی ئەو بوو. هەرچەندە لەگەڵ کامڵبووندا خەڵکی زیاتر هاوڕێکانیان لەدەستدەدەن، سەرکردەکان زۆر زیاتر لە خەڵکی تەنیادەبن. ئەویش لە روانینیندا تەنیاییەکی تاقەتپروکێن بەدیدەکرا. کەم مرۆڤ هەن لە دەردی تەنیایی بەدەر بن. کام پەیوەندیی مرۆڤ بەرەو تەنیایی نابات؟
پەیوەندی بەوەوە لێوانلێوبوو لە دژیەکی. رقی هەڵدەگرت و نەتدەتوانی رقت لێی بێت. تووڕەبوو، نەتدەتوانی پشتی تێکەیت. بێباك بوو، نەتدەتوانی فەرامۆشی بکەیت. بەتەوسەوە دەدوا و نەتدەتوانی دەنگ لە ئاستیدا بەرزبکەیتەوە. دەیان خاسیەتی دیکەی تێدابوو کە تەنیا یەکێکیان بەسە بۆ ئەوەی کەسێك بەلاوە بنێیت، بەڵام ئەم جیاوازبوو. ئەم هەرچییەك بوایە نەتدەوانی رقت لێی بێت. زۆر سەیربوو، خەڵکی بۆ پێ خوار دانانێك دەگەڕێن تا رقیان لە سەرکردەیەك بێت، ئەو پێڵاوەکەشی تاکەوتاك لەپێکردایە نەتدەتوانی پێت سەیربێت. بۆی لوابوو، خۆشی دەیزانی، بۆیە زۆر گوێی بە کەس نەدەدا.
هەندێك بە غاندییان دادەنا، بەڵام غاندی نەبوو. هەندێك بە مارتن لوتەر کینگ، ئەوەشیان هەڵەبوو. ماندێلاش نەبوو. پەیامێکی نوێشی پێنەبوو، هێندە نەبێت حەزی بە باشترکردنی هەمووشتێك بوو. نە کەس وەك ئەو بوو، نە ئەو وەك کەس. وابزانم مرۆڤی کامڵیش هەرئەوەیە کە خۆی قبوڵبکات و لە کەسی دیکە نەچێت، با زۆر گەورەش بن. زۆر کەس هەڵپەی نوێگەریی دەکەن و میللەتێك تووشی دۆخێکی ناکام دەکەن، ئەم ئارامتر بوو. پێیوابوو دنیا بەشی ئەوە چارەسەری گونجاوی تێدایە کە دۆخەکەی پێ بگۆڕین و پێویستمان بە خەیاڵپڵاوی نوێ نیە.
ئەوکات چەپە نوێکان سەرمەشق بوون، نووسینی ئەفسوناوییان دەنووسی و ئاپۆرایەكیان لە دەروێش دروستکردبوو. لێ ئەو دەیوت زۆرێك لە نووسینەکانی ئەوان نە داهێنانی ئەدەبییە و نە بەرهەمی زانستی و نە لە هیچ ژانرێکی رۆژنامەوانییشدا جێیان دەبێتەوە. زۆرێکیان تەنیا زێدەڕۆییکردنن بە زمان و هۆنینەوەی رستەی کڵێشەیین و بیرۆکەیەکی کۆپیکراوی کەسێکی دیکە دووبارە دەکەنەوە. بە مەتەڵی رستەی ئاڵۆز، خۆیان کردۆتە کەسانی پڕتفاق، لێ کەمتر لە سەودای جوانی و چێژی زمان تێدەگەن. رقی لە زۆربەی شاعیرەکانیش بوو. ئاخر ناکرێت هەر بکڕوزێیتەوە و باسی گەڵای ئاڵتوونی و نەسیمی پڕ تەلیسمی ئێوارە بکەیت تومەز دەمت ناگات بە ماچێك. روونە گەر شتێك هەبێت لەم ژیانەدا شایەنی رێزگرتن بێت. کتێبەکانی شێوازێکی تایبەتیان هەبوو. شێوازێك نە سەر بە رەزا قورسیی کلاسیك بوون، نە کڵێشەیی مۆدێرن. شێوازێك بوون وەك کەسایەتی سیاسیی خۆی تایبەت.
سەرکردەیەكی سیاسی یبوو پێچەوانەی رێسا سیاسییەکان کاریدەکرد. نە کەسی بە پارە رادەکێشا و نە پۆست و پلەوپایە. هەندێك گەنجی دەناردە جێی باڵا و بە هەندێكی دیکەیانی دەوت جارێ بڕۆ ماوتە، ئیشەکەت بکە. گەنجێتی لە شەڕ و کوشتاردا بەسەربرد و بە پیرییش بووە سەرەڕمی کاری مەدەنیی. تاکە سیاسیی ناوچەکە بوو کە دەبوو سیاسەت لەگەڵ ئەو خۆی بگونجێنێت نەك ئەو لەگەڵ سیاسەت. وەك وتم زۆر عاسیی و یاخیی بوو، بەرامبەر یاسا زانستییەکانیش، بەرامبەر نووسین و سیاسەت و کۆمەڵگە و بەرامبەر هەرشتێك پەنجەی بکەوتایەتە سەر. رەنگە تەنیا زەمەنی مەولانا خالیدی بەدڵ بووبێت. بەینی خۆمان بێت ئەویشی لە ژیاندا ببینیایە هێندە پێی سەرسام نەدەبوو. ئەوەی ئەو هێزەی لەودا دروستدەکرد تا ئاستی سەرسامبوون دەیکردە کەسێکی ناوازە، ئیرادەیەکی بەهێزبوو، ئیرادەیەكی سەیر. خەڵکینە، ئیرادەی ئاوها بە قسە ئاسانە. سەختە لە بەرامبەر مەرگدا بێباك بیت، سەختتر لەوە بێباکبوونە بەرامبەر ژیان.
بەیانییەکی بەهار مەرگی ئەومان بینی. ئێوارەکەی ئاسمان گریا، بەڵام پەیوەندی بەوەوە نەبوو. ئاسمان نە بۆ هیچ کەس ناگری. وەلێ ئەو رۆژە تێگەیشتم زۆربەمان کاتێك خودا دەپەرستین، کاتێك نیشتیمانپەروەریی دەکەین، کاتێك کاری چاکە دەکەین، تەنیا و تەنیا بەدوای چێژبینینەوەین، جا بیزانین یان نا. لێ کەممان لە چێژی راستەقینە تێدەگەین، چێژی بەرەنگاربوونەوەی جەبەرووتی مێژوو. قۆڵ هەڵماڵین بەرامبەر بە جەوری زەمەن. چێژی هەوڵدان بۆ گۆڕینی دنیا بەرەو باشتر بۆ هەموان، نەك تەنیا بۆ خۆمان.
ماوەیەك لە باڵەخانەیەکدا کارمدەکرد ئەوی لێبوو. پیرەمێردێك، جیاواز لە خەڵکی دی. نە دنیا دەرەقەتی دەهات نە مەرگ، نە چێژ کۆڵی بەو دەدا و نە ترس. پیرەمێردێك لە توخمی زەمەنە کۆن و ئەفسوناوییەکان. بەڵام عەجەب، ئەو هەر باکیشی پێی نەبوو.


22/05/2017



وتارەکانی تری نوسەر