ڕیفراندۆم بۆ چارەنووسی گەلێك

د. ڤیان سلێمان


لە پاش كۆتاییهاتنی یه‌كه‌م جەنگی جیهانی و لەوەتەی كە دەوڵەتێك بە ناوی عێراق دروست كراوە بۆ نەتەوەكانی نیشتەجێی، هیچ كات ئەم وڵاتە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوەو وڵاتێك نەبووە گوزارشت لە سەرجەم دانیشتوانەكەی بكات بە یەكسانی، لەم چوارچێوەیەشدا پشكی سەرەكی پەراوێزخستن و قوربانیبوون بەر كورد و كوردستانییان كەوتووە، بە شێوەیەك لە ئێستادا ئاسۆیەك بۆ مانەوە و پێكەوەژیان لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا بۆ كورد نەماوەتەوە و، هەلومەرجەكە وا پێویستی دەكرد كە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی سیاسیی چارەنووسساز بدات، كە دواجار سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و بەشداری و پشتیوانیی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتە جیاكانی كوردستان لە بڕیارێكی مێژووییدا، رێكەوتی 25/9 دەستنیشان كرد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بریاردان لە جیابوونەوە لە عێراق و گەیشتن بە سەربەخۆیی.


ریفراندۆم وەك رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلایكردنەوەی پرسێكی دیاریكراو پەنای بۆ دەبرێت، چەمكی ریفراندۆم و كرۆكی ئەم چەمكە دیوێكی هەرە روون و ئاشكرای دیموكراسیە و سەرپشككردنی ئەو دانیشتوانەیە كە سنووری ریفراندۆمەكە دەیانگرێتەوە لە بریاردان بۆ پرسێكی هەستیار و گرینگ، سیاسی بێت یان ئابووری یاخوود كۆمەڵایەتی تایبەت بە هەرێم یاخوود وڵاتەكەیان، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان واتە پرس و ڕا بە كوردستانیان بۆ دوو بژاردە، كە ئەوانیش ڕازیبوون بە مانەوە بەم بارودۆخەی ئێستا و مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا یاخوود جیابوونەوە لە عێراق و دەربرینی خواست و ئارەزوو بۆ سەربەخۆیی، ئەم ریفراندۆمە بۆ دانیشتوانی كوردستانە و خودی كوردستانیانن كە بریار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، واتە گرینگیەكی بەرچاوی ئەم پرۆسەیە بە یاساییكردن و بە جەماوەریكردنی خواستی گشتیی كوردستانیانە بۆ جیابوونەوە لە عێراق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ.


ئەم قۆناغەی كە گەلی كوردستان پێیگەیشتووە و، بریاردان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بڕیارێك نییە بە ئاسانی و لە خۆیەوە بەرهەم هاتبێ، بەڵكو ئەم بڕیارە بەرهەمی سەد ساڵ خەبات و خوێنی شەهیدان و مێژوویەكی پر سەروەری و قوربانیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستانە، كە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوە، چەندین دەسكەوتی مێژویی تۆمار كردووە، بەڵام لێرەدا و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین كە بڕیاری ئەنجام دانی ریفراندۆم خاڵی وەرچەرخان و سەرەتای سەركەوتنی یەكجارەكییە بۆ ئەم بزاڤە و ئامانجە سەرەكی و لەمێژینەكەی، كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، بۆیە كوردستان بە هەموو هاونیشتیمانیانی و هێزە سیاسی و پێكهاتە جۆراوجۆرەكانیەوە لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتییەكی مێژووییدایە و پێویستە بە هەموو توانایەكەوە كار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بكرێ و وەك بەرزترین سەروەری لێی بڕوانرێت.


لەلایەكی دیكەوە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان تەنها بۆ مەبەستێكی ئانی و كاتی نییە، بەڵكو بۆ داهاتووی ئەم خاكەیە و، پرۆسەیەك نییە تایبەت بە دیاریكردنی پارت و كەسانێك بۆ بەریوەبردنی وڵات بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، بەڵكو ئەم پرۆسەیە بۆ دیاریكردنی چارەنووس و داهاتووی ئەم نیشتیمانەیە و، بۆ سەربەخۆییی وڵاتێكە بە ناوی كوردستان بە هەموو پێكهاته‌ ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییەكانیەوە و، دورە لەهەر مەبەست و بەرژەوەندییەكی خودی و حیزبی، بەڵكو كۆكردنەوەی هەموو كوردستانیانە و گەیاندنی كاروانی كوردایەتییە بە جێگەی شیاوی خۆی، هەر بۆیە ئەوپەڕی هەستنەكردنە بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی هێزێك هەبێت بانگەشە دژی ریفراندۆم و گومان خستنەسەر ئامانجەكانی و جاڕدان بۆ مانەوە لە نێو عێراقدا بكات و، هانی كۆمەڵگە بدات دژ بەم پرۆسەیە، چونكە بەم كارەی بەگژ مێژووی كوردستان و قوربانیدانی و سەرجەم سەروەریەكانیدا دەچێتەوە.


وەك تاكێكی كوردستانی هیوا ناخوازم هیچ هێزێكی كوردستانی خۆی بخاتە بەردەم ئەم بەرپرسیارەتییە مێژوییە و بەو ئومێدەم كە هەموو كوردستانیان لەم وێستگە مێژوییەی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەكەماندا، هاوئامانج و هاورێگا و شەرەفمەند بێ بە بەشداریكردن لەم ئەركە پیرۆز و تاقیكردنەوە نەتەوەیی و نیشتیمانیە و، هاوكاربێ لە سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم و دەنگدان بە بەڵێ بە جیابوونەوە لە عێراقی عەرەبی و بڕیاردان لە سەربەخۆیی بۆ كوردستان و، بونیادنانی دەوڵەتی كوردستانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دەنگ بیستراو و لە نێوەندە جیهانیەكان.


22/06/2017



وتارەکانی تری نوسەر