سنووربەزێنەکان کێن؟

ئاراس فەتاح

سنوور ھێمایەکە بۆ جیاکردنەوەی دوو جوگرافیای سروشتیی یان سیاسیی و کۆمەڵایەتیی یاخود کولتووریی لەیەکتر. سنوور لە خودی سروشتدا بوونی نییە، بەڵکو سروشت وەک گشتێک بوونی ھەیە کە بۆ ئێمەی مرۆڤ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی زەحمەتە یان مەحاڵە، بۆیە لە دیدگای ئێمەی مرۆڤەوە دەبێت بە سنوور و رێگاچارەی بەستنەوەیان بەیەکترەوە دەدۆزینەوە. سنوور دۆخێکی سەدیمیی نییە کە ھەمیشە ھەبووبێت و بۆ ھەمیشەش بمێنێتەوە. گەر تەماشایەکی جوگرافیای گۆی زەوی بکەین دەبینین کە بەھۆکاری رووداوی سروشتییەوە لەوێنەی بومەلەرزە و ڤۆلکان و لافاو و بەستەڵەک و بیابانەوە، گۆڕانکاریی گەورە لە سنوورە سروشتییەکاندا روویانداوە. بە ھەمان شێوەش گەر تەماشای مێژووی گەشەی تەکنەلۆجیاش بکەین، دەبینین کە دروستکردنی شار و پرد و بەلەم و ئۆتۆمبیل و شەمەندەفەر و پاپۆڕ و فرۆکە چ گۆڕانکارییەکی گەورەیان لە کورتکردنەوەی سنوورە سروشتییەکان و پەیوەندییە مرۆییەکاندا دروستکردووە. ھەرچی سنووری سیاسییشە، ئەو راستییە مێژووییەمان بۆ دەسەلمێنێت کە سنوری دەوڵەتەکانی ئەم سەدەیە زۆر جیاوازن لە سنوورەکانی سەدەکانی رابردوو، نموونەی نەمانی ھەندێ دەوڵەت لە نەخشەی سیاسیی و دروستبوونی دەوڵەتی نوێ و لابردنی خاڵی پشکنین و گومرگیش لەنێوان ھەندێ وڵاتدا گەواھیی بەرجەستەن لە گۆڕانکاریی بۆ دید و وێناکانمان بۆ سنوورە مرۆڤکردەکان. سنور و بەھا کۆمەڵایەتییەکانیش ھاوشان بە گۆڕانکارییە تەکنیکیی و ئابووریی و سیاسییەکان گۆڕانی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیوە، بۆ نموونە مانای خێڵ و خێزان و تاک و ئازادیی، شەرەف، جلوبەرگ و ھتد. ھەمان پرۆسەش لە سنوورە کولتوورییەکاندا بەدیدەکرێت وەکو لە ئایین، موزیک، ھونەر و ھتد. دەبینرێت.

ھەر ئەم پرسی سنوورەیە کە دەیان دەستەواژەی تری لێبووەتەوە و بووە بە ھێڵی جیاکەرەوەی باش و خراپ و پێوەرێک بۆ جیاکاریی لەنێوان دەرەوە و ناوەوە. سنوور پرسگەلێکی گەورەی فەلسەفییشی بەرھەمھێناوە لەوەی سنووری عەقڵی مرۆڤ چییە؟ ئایین ساڵانێکی زۆر کە دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوەبوو، سنووری بۆ عەقڵ دانابوو و مرۆڤ بۆی نەبوو بۆنموونە گومان لە خودا بکات. سەرھەڵدانی قوتابخانەی عەقلانییەتیش لە ئاییندا بەشێکی چارەسەری ئەم کێشەیە بوو بۆ سەلماندنی بوونی خودا لەڕێگای عەقڵەوە. بەھەمان شێوەش سنوورتێپەڕاندن لە زۆر بواری تردا دەبێت بە بابەتی پەروەردە و ئێتیک. پرسی ئەوەی ئایا منداڵ بۆی ھەیە سنووری گەورەکان تێپەڕێنێت یان نا؟ ئایا سانسۆردانان بۆ منداڵ یان مرۆڤ یان ھەر گروپێکی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی یان ئەتنیی و نەتەوەیی دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات، یان قووڵتر و ئاڵۆزتریان دەکات.

ئێمەی کوردیش سەر بە گەلێکین کە دابەشکراوە بەسەر چوار سنووری جیاوازی دەوڵەتی نەتەوەیییەوە. ساڵانێکی زۆر تاکە رێگای پەیوەندیی نێوانمان بریتیی بوو لە رێگای قاچاخ. لێرەوە کردەی قاچاخ خۆی دەبێت بە یاخیبوونێک لە دەست سیستەمی سنووربەندیی دەوڵەتی نەتەوەیی. کۆڵبەرەکانی سەر سنووری نێوان کوردستانی رۆژھەڵات و باشوور سیمبۆڵی نەرمیی سنوورەکانی نێوانمانە کە بە رەقیی چەک وەڵام دەدرێتەوە.

چەمکی سنوور لە پراکتیکی سیاسەتی کوردییدا نوێ نییە، چونکە لەسەردەمی شۆڕشدا ھەر حێزبێک سنوور و ناوچەی ئازادکراوی خۆی ھەبوو، کە جوگرافیای کاری سیاسیی و چەکداریی پێکدەھێناو و سەرچاوە ئابوورییەکەشی قاچاخ بوو. چەمکی سنوور لە عەقڵییەتی سیاسیی حیزبە ھەرێمییە کوردییەکاندا تاوەکو ئەم چرکەساتە، نە بووە بە کێشەیەکی فیکریی و نە ڕۆچۆتە ناو فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی نیشتیمانییەوە. گەرچی ئەم پرسە بابەتی ئێرە نییە، بەڵام بەگشتیی دەتوانین بڵێین لەو چرکەساتەی کە مێژووی دەسەڵاتدارێتی خۆماڵیی ھەرێمی کوردستان پاش شەڕێکی ناوخۆیی خوێناویی دەستپێدەکات، پرسی سەروەریی نیشتیمانیی و سنوور لای پارتی و یەکێتی کورتبووەتەوە بۆ دوو خاڵی پشکنینی دێگەڵە و دوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حیزبیی و دوو دەروازەی سنووریی و پاراستنی سنووری چەند چاڵە نەوتێک. ئەم دەروازانەوە بوونە بە ھۆکاری مەترسییەکی جیدیی بۆسەر ئاساییشی تەندروستیی و کۆمەڵایەتیی و ژینگەمان، چونکە ساڵانێکە بوونە بە سنووری واڵای ھاوردەکردنی بەنزین و کاڵا و دەرمانی خراپ و دەرخواردی خەڵکی ئێمە دەدرێت و ژیان و ژینگەی ئینسانی ئێمەی پێ وێراندەکرێت. ساڵانێکە ئاساییشی ھەرێم لەژێر ھەڕەشەی تۆپباران و راکێتی فرۆکە جەنگییەکان و بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێراندایە و کەسیش کێشەی لەگەڵ بریندارکردنی سەروەریی نیشتیمانییدا نییە. لەدوای ریفراندۆمە شومەکەی بارزانییەوە فرۆکەخانەی ھەولێر دەکرێتەوە و ھەرچی فرۆکەخانەی سلێمانییشە بەڕووی ئاسمانی تورکیادا داخراوە و یەک سیاسەتمەداری پارتیی خۆی ناکات بە ساحێبی شکاندنی ئەم سەروەرییەی ناو ھەرێمی کوردستان. ھەر ئەم دۆخەش وایکردووە کە یەکێتی بە کێشەی خۆی بزانێت و ئاشکرایە کە وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی سنووری ئاسمانیی تورکیاش بەسەر ناوچەی سلێمانییدا بەبێ باج نابێت، باجەکەشی لەم قۆناغەی ئێستادا سنووربۆدانانی سۆفتی کاری سیاسیی و ھونەریی ھێزەکانی باکوورە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی بەھەمان مۆدێلی پارتیی، کە ئەگەری ئەوەش ھەیە بەپێی ھاوکێشە ناوچەیی و بەرژەوەندییەکان بچێتە دژایەتییکردنی ڕەقی چەکداریشیان.

سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا ڕۆژانە سنوورەکانی خۆی دەبەزێنێت و وەکو داشەھارە رۆدەچێتە ناو ھەموو کایە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی و رۆشنبیریی و ھونەرییەکانەوە. عەقڵییەتی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا تاوەکو ئەمڕۆ بڕوای وایە کە سنوورە جێندەرییەکان لە بەشە ناوخۆییەکاندا بە تەلبەند و سەگ دەپارێزرێن و سنوورە سیاسییەکانیش بە سەرباز و ئاساییشی کۆمەڵایەتییش بە ھێزی ئاساییش دەپارێزرێن، نەک بە پۆلیس و دادگا و یاسا. گەر یاسایەک ھەبێت رێگربێت لەوەی فیلمێک لە شاری سلێمانییدا سانسۆربکرێت، ئەوا جگە لە یەک ناو ھیچ شوناسێکی تر ھەڵناگرێت، ئەویش تەعەسوفییەتی دەسەڵاتێکی جڵەولەدەستچووە.

سنووربەزاندن چەمکێکی سیاسیی کۆمەڵایەتییە کە بە مانای تێپەڕاندنی رێسا نێودەوڵەتیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دێت. ساڵانێکی زۆر کە ئەم حیزبانە خەباتی چەکدارییان دەکرد، سنوورەکانیان دەبەزاندا و ھەموو پارچەکانی کوردستانیان بە ماڵی ھەموو کوردێک دەزانی کە خەبات بۆ ڕزگاریی دەکات. چەندین جار ھاونیشتیمانیانی ئەو پارچانەی تری کوردستان و بەتایبەت دانیشتوانی خۆرھەڵات دەرگای ماڵەکانیان بۆ ئاوارە و پەناھەندەکانمان واڵاکرد و خزمەتێکی ئینسانیی گەورەیان پێشکەشکردین و باری ژان و شکستە نیشتیمانییەکانیان سووکدەکردین. لەمڕۆشدا عەقڵییەتێکی لۆکاڵیی حیزبیی بەوە پاداشتیان دەداتەوە کە نەک تەنھا ھەلی نیشتەجێبوونیان لە ھەرێمەکەماندا زۆر زەحمەتدەکات، بەڵکو کاری سیاسیی و چالاکیی ھونەرییی پارچەکانی تری کوردستانیش بە مەترسیی بۆ دەسەڵاتدارێتییە لۆکاڵییەکەیان لەقەڵەمدەدەن.

ئەو لۆژیکە سیاسییەی لە ھەرێمدا سەروەرە، عەقڵییەتێکی دوکانسالارییە. ھەر حیزبە و لەناوچەکەی خۆیدا تا ئەو ساتە رێگا بە کردنەوەی دوکانی سیاسیی و رۆشنبیریی و میدیایی تر دەدات کە نەبنە مەترسیی بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و ئەمنییەکانیان. ھەرکاتێکیش ھێزێکی کوردیی ناو ھەرێم یان دەرەوەی ھەرێم بوو بەمەترسیی، یان دەوڵەتێکی درواسێ چاوی لێ سوورکردنەوە، ئەوا ئامادەن نەک پشیلەیەکی سەر زەوی کوردستان تەسلیم بەوان بکەنەوە، بەڵکو باڵی ھەموو کۆترەکانیشیان لە ئاسماندا بۆ گرێدەدەن.

ئەزموونی فەڵەستینییەکان لەگەڵ ھاورەگەزە عەرەبەکانیان لە دەوڵەتە دروسێکانیاندا ئەو راستییەمان پێدەڵێن کە دەوڵەتە قگرییەکان یان دەوڵەتە تێریتۆریالییە عەرەبییەکان تا ئەو شوێنە پاڵپشتییان لە پرسی فەڵەستینییەکان دەکرد کە بەرژەوەندییەکانیانی دەپاراست. دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە ئەردەن لەدوای ئەزموونی ”سێپتێمبەری ڕەش"ەوە سیمبۆڵێک بوو بۆ بەواقیعیبوونی سیاسەتی ھەرێمانەی ھەر یەک لە وڵاتە عەرەبییەکان بەرامبەر بە ھێزە فەڵەستینییەکان و ئامادەبوونیان تا ئەو شوێنەی کە بە چەک لە دەوڵەتەکەی خۆیان دەریانپەڕێنن و ئاودیوی سنوورێکی تریان بکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی ھێزە سیاسییەکانی پارچەکانی تر لە ھەرێمی کوردستاندا جیاوازە و تەنانەت ژمارەیەکی زۆریان لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا دەنگیان بە یەکێتیی دەدا، بەڵام بێبەریی نییە لە توندتوتیژیی و پێکدادانی چەکداریی. فاکت ئەوەیە کە ھەر یەک لە حیزبە باڵادەستەکە بەپێی بەرژەوەندییە ساتییەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ پرسی کوردانی بەشەکانی تردا کردووە و پرسی سیاسیی ئەو ھێزانەی کردووە بە بەشێک لە ستراتیژی سیاسیی لۆکاڵیی و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتدارێتیی ناوچەیی خۆی. ئەوەی ئاشکرایە دوای ریفراندۆم تەنھا گەلی باشووری کوردستان باجی ئەو ناماقوڵییە سیاسییەیان نەدا کە سەرانی ئەم حیزبانە بۆیان بەرھەمیانھێنا، بەڵکو ئێستا پاش ملکەچکردن بۆ سەروەریی خاکی عێراق و ناوزەدکردنی ئەو سەرکێشییە سیاسییە بە ھەڵەی ڕابردوو، پاشماوەکانیشی شۆڕبووەتەوە بۆ ملکەچکردنی زیاتر و چەمینەوەی زیاتر بەرامبەر بە داواکارییەکانی تورکیا و ئێرانیش.

گەر یەکێک لە داواکارییەکانی فەڵەستینییەکان داننان بووبێت بە مافە نەتەوەییەکانیان و تەنانەت یەکێک لە داواکارییەکانی خودی دەوڵەتی ئیسرائیلیش بریتیی بووبێت لەوەی دەوڵەتە عەرەبییەکان دان بە بوونی ئیسرائیلدا بنێن، ئەوا یەکێک لە داواکارییەکانی ھێزە سیاسییەکانی ئەو پارچانەی کوردستانیش بریتیی بووە لە داننان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و چەسپاندنی دیموکراسیی لەناو ئەو دەوڵەتانەی کە دەیانچەوسێننەوە. ھەرکاتێک لۆژیکی سیاسیی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بوو بە درێژکراوە و بە بەشێک لە مۆدێلی چارەسەری ئەو دەوڵەتانە بۆ کێشەی کورد لە وڵاتی خۆیاندا، ئەوا بێچەندوچون سیاسەتێکی دوژمنکارانە دژ بەو ھێزانەی پارچەکانی تر لەناو خاکی ھەرێمدا پەیڕەودەکات. پرسیارە سادەکە بۆ ھەر ھاونیشتیمانییەکی ئاسایی ئەوەیە ئایا داخستنی بارەگای ھێزێکی سیاسیی یان رێگرتن لە نماییشکردنی فیلمێکی سینەمایی تەرجەمەکردنی ھەمان مۆدێلی کێشانی سیمی دڕکدار و دیواربەندیی سەر سنووری پارچەکانی کوردستان و ھەمان پراکسیسی سیاسیی کولتووریی نییە کە لە تورکیا و ئێرانیشدا بەرامبەر بە ھونەری کوردیی پیادەکرێت؟

لە ھیچ زەمانێکدا نەتوانراوە سنوربەندیی ڕەھا بۆ خەباتی مەدەنیی و کاری ھونەریی لەپێناو ئازادییدا بکرێت، چونکە لانی کەم پەیامی ھونەر دانانی سنوری ئەخلاقییە بۆ ئەوانەی کە سنوورە ئینسانییەکان دەبەزێنن. یەکێک لە وەزیفە ھەرە گرنگەکانی ھونەر بریتییە لە سنووربەزاندن و یاخییبوون، بۆیە کاڵفامییەکی گەورەیە وابزانیت لەم سەردەمە دیجیتاڵییەدا دەتوانیت رێگریی لە ھونەر بکەیت یان سنوورداشی بکەیت. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا سنوور دەبەزێنێت ھونەر و ھێزی مەدەنیی نییە بۆ بەرگرییکردن لە ئازادیی، بەڵکو ئەو دەسەڵاتدارانەن کە تاوەکو ئەمڕۆ بڕوایان وایە داخستنی بارەگای حیزبێکی سیاسیی مەدەنیی دەبێتە سنوردانان بۆ ھێزی بەرگریی لە ماف و سانسۆرکردنی فیلمێکیش دەبێتە رێگر لەبەردەم بڵاوکردنەوەی ژەھری ئازادیی.

30/11/2018