چۆنیەتی و مەرجەکانی ئاساییکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دیبەیتی نیشتمانییە

د. عەبدولڕەحمان مەولود

ئەو پارتییەی ئێستا داوای  کاراکردنەوەی بێقەید و شەرتی پەرلەمان دەکات هەر هەمان ئەو پارتییە کە لەمەوپێش بەبەرچاوی دونیا و بێگوێدانە هیچ عورف و یاسایەك پەرلەمانی داخست.  ئەو یەك زەرە نەگۆڕاوە. 
چونکی پارتی زەرەیەك نەگۆڕاوە ، ئەوا هەر کاتێك لەبەرژەوەندیدا بێت و دەستی کراوە بێت ڕێی تێدەچێت هەمان کرداری  پەکخستنی  پەرلەمان و هەمو دەزگاکانی تری حکومرانی لە کوردستان چەند بارە بکاتەوە،  وەك دەلێن کارو کردەی ڕابردوو گوزارشت لە خۆرەوشتی داهاتوش دەکات  ( Past Experience is the Best Predictor of Future Behavior)  
خالێکیتر گرنگ ئەوەیە، پارتی دەلێت پەکخستنی پەرلەمان کارێکی خراپ بوو.  بەلام بیانویان لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم کارە خراپە ئەوەیە: ئەوان لە نێوان خراپ و خراپتر خراپیان هەلبژارد. 
 خەلکی کوردستان خراپەکەی زانی واتە پەکخستنی پەرلەمان، بەلام تاکو کاتی نوسینی ئەم وتارە  کەس نازانێ خراپترەکە چی بوو ؟  ئەگەر لای پارتی کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ باسکردن لەسەر  وەلاخستنی بارزانی  لەسەروی هەمو خراپیەکەوەیە، دەبێت بزانن ئەوە تەنها ڕای ئەوانە.  ئەگەرچی هەمو کەسیك مافی ئەوەی هەیە ڕای هەبیت (everyone is entitled to have their own opinion)،  بەڵام  ڕایەکە نە مەرجە ڕاست بێت، نە کەسیش پێی ڕازی بێت. 
پارتی کە بە زمانی خۆیان دان بەهەلەکەیان دەنێن دەشبێت بزانن کە سەرەتایترین  یاسا و ڕیسای  ژیانی کۆمەلایەتی ئەوەیە  هەر کاتێك ڕیکخراویك ، حیزبێك یان دەزگایەکی حکومی هەلە دەکات  پێویستە  داوای لێبوردن بکات.  ئەم ڕەفتارە لە داینگاو  پۆلەکانی سەرەتایی خویندن فێری خوێندکاران دەکرێت .  
 لەمەش زیاتر،  هەر کاتێك کەسێك، حیزبێك، دەزگایەکی حکومەت  داوای لێبوردن دەکات مانای  نییە  خودبەخودیش  لێی دەبوردرێت.  هەمو ئەوانەی زەرەرمەند بوون بەهۆی پەکخستنی پەرلەمان و ژیانی ئاسایی سیاسی لە کوردستان دەکری لە پارتی خۆش بن یان خۆش نەبن و  داوای قەربوکردن  و سزادانی بکەن. 
 خالیکیتر، ئاسایکردنەوەی پەرلەمان  و  ڕیفراندۆم پەیوەندیان  بەیەکەوە نییە.  پەرلەمان  لەبەرنەکردنی  ڕیفراندۆم دانەخراوە تاکو  لە پێناو کردنی بکریتەوە. بەستنەوەی ڕیفراندۆم  و کارکردنەوەی پەرلەمان  تەنها خواستی پارتییە. بەلام  پارتی توانای ئەم هەلبژاردنەی، نییە هەروەك سوالکەر مافی ئیختیاری  ئەوە نییە چی پێدەدرێت  (beggars can't be choosers).  
پارتی هیچ ڕێگایەکی ناشەرعی نەما نەیگرێتبەر  بۆ  سەپاندنی دەسەلاتداریەتی خۆی.  ئێستاش  کە شکستی هێناوە کەوتۆتە سەرچۆك،  دەبێت سوود  لەم دەرفەتە وەربگیرێت بۆ قولکردنەوەی تێگەیشتن لە گرنگی  ڕێزگرتن لە یاسا و  فێرکردنی پارتی کە دەولەتداری بەیاسای عەشائیر  و دیوەخان بەرێوە ناچێت.    پارتی دەبێت بزانێت چۆن  بریاری دەرکردنی  برایم ئەحمەد و هاورێکانی  لەسەر بریاری  لابردنی  مەلا مستەفا  لە سەرۆکی پارتی بەخێر بۆیی نەگەراوە،  ئاواش  داخستنی  پەرلەمان  بەهۆی ئەوەی حیزبەکەی  نەوشێروان  مستەفا باسی  وەلاخستنی  بارزانی  خستە ناو کارنامەی  دانیشتنی پەرلەمان بەخێر  بۆی ناگەرێتەوە.    
ئاسایکردنەوەی پەرلەمان پێوسیتی بەپەلەکردن نییە وەك ئەوەی ئێستا کەسانێك پێشبرکێیانە لەسەر ئەوەی  خۆیان و حیزبەکەیان بە ئەندازیاری کارکردنەوەی پەرلەمان بناسینن.    ڕوو  قایمی دەوێت  کارا  کردنەوەی پەرلەمان وەك  سەرکەوتنی سیاسەت بە خەلکی کوردستان بفرۆشیت.  لە کاتێکدا ولاتان  لە دونیادا دیبەیت دەکەن لە سەر کاریگەری زیرەکی دەستکرد (artificial intelligence) ،  چاپی  سێ  لا  (3d printing) و  گۆرینی جینەکانی کۆرپلە، ... تاد لەسەر چارنوسی مرۆڤ؛ ئەمەی دوایان کۆتایی بە هەلبژاردنی سروشتی (natural selection)  دەهێنێت کە تاکو ئیستا  نەسلی  بەشەر   بەهۆیە درێژی بەبەردوام بوون دەدات . 
گرنگە لەوە بگەین کە مەسەلەی ئاسایکردنەوەی پەرلەمان هەر پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە.  ئەم بابەتە مەسەلەیەکی نیشتمانی کوردستانییە،  لە نزیك  ماوەدا کاریگەری گەورەی  لەسەر ئایندەی سیاسی کوردستان دەبێت و پێویستە هەموان  لە میدیای بینراو و بیستراو، ڕۆژنامە، زانکۆ ، کۆمەلگای مەدەنی، ناوەندەکانی لێۆلینەوە،  گروپی تایبەت  ڕایان هەبێت لەسەر چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی پەرلەمان بۆ ڕیگرتن لە کارکردن هاوشێوەی پارتی. 
پێچەوانەی سەرانی  یەکێتی و پارتی کە بەکاری غافیلگیری و گوێنەدان  بەرای هەر کەس ناسراون،  لە گۆڕان چاوەروان دەکرێت کە ڕای نێوەندی سیاسی ، ڕۆشەنبیری و ئینتەلگلینسیای (intelligentsia)کوردستان بەهەند وەربگیرێت لەسەر ئاسایکردنەوەی پەرلەمان  و قسەوباسێکی جدی لەسەر ئەم بابەتە  بینەگۆری.  ئەم  بابەتە  نە بەغافیلگیری  چارەسەر دەکرێ نە بە گوشینی مێشکی هیچ تاکێك ، بەلکۆ پێوسیتی بە دیبەیتی نیشتمانیە لەسەر چۆنیەتی و پێشمەرجەکانی ئاسایکردنەوەی  پەرلەمان.



14/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر