هەڵبژاردە سەختەکان

سامانی وەستا بەکر
سەرۆکی هەرێم:

ئەوەی ئاشکرایە ئێستا کەم کەس هەیە هیوا بەو بارودۆخە بخوازێ کە سەرۆکی هەرێمی تێکەوتووە، ئاخر ئەو کەتۆتە نێوان دوو بەرداش هەرلایەکیان هەڵبژێرێ ئەویتریان ئەیهاڕێ.

نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکایە هێندە قورسە ئەگەر سەلیقەیەکی زۆرو دنیابینیەکی فراوان و دووربینیەکی مەودا درێژی نەبێ ئاستەمە بەسەرکەتووی لێی بێتە دەرەوە.

سەرۆکی هەرێم  لەنێوان پارتی و شەقام، سەرۆکی حوکمەت و دەستگیرکراوەکانی بادینان، ماڵی خەزور و نێوماڵی کۆمەڵگە، ئاشتی و تەبایی خێزان و دووبەرەکی، ڕاستکردنەوەی یاسای لار وخوار بەکارهێنراو و یاسای هاوسەنگ و یەکسان، دادگای حیزبی و دادگای دادوەر، دادوەری گوێڕایەڵی حیزب و دادوەری گوێڕایەڵی یاسا، پاراستنی سومعەتی هەرێم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای ڕێکخراوە مرۆڤ دۆست و یاساپارێزەکان. ئەبێ ئەو لایە هەڵبژێرێ کە لەیەک کاتا "پارتی، شەقام، خانەوادە، یاسا، ڕێکخراو وڵاتانی دیموکراسیخواز و دۆستی یاسا" قایل بکات، بۆئەمەش پێویستی بە یارمەتی خەڵکانی ڕۆشنبیر و بیرمەند و ڕامیاریوانی زانستی هەیە کە لەڕێی نوسین و سەردان و فشار دروستکردنەوە ڕێگە ڕاستەکەی بەبەڵگەوە بۆ ڕۆشنکەن.

ئەبێ ئەوە بۆ سەرۆکی هەرێم ڕوونکرێتەوە ئەگەر واژۆی بڕیارەکەی داد"گا" بکات و ئەو دەسگیرکراوانە بێکەس بەجێببهێڵێ ئەوا:

*لە سەرۆکی گەلەوە ئەبێت بە سەرکردەیەکی پارتی و بەس.

*لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و یاساپارێزەکان وەک هەر سەرۆکێکیتری ڕۆژهەڵاتی پێگەی خۆی وەک کەسێکی دیموکراتخواز لەدەستئەیات و هاوشێوەی دیکتاتۆرەکان ئەبینرێ.

*لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو وێنە میانڕەوە لەدەستئەیات کە بەراورد بە سەرۆکە باڵادەستەکانیتری پارتی پێیناسراوە.

*لەناو خودی پارتیشا لاوازتر ئەبێت و پاشەکشێیەکی کەمەرشکێن لەبەرامبەر ڕکابەرەکەی "سەرۆکی حوکمەت" ئەکات.

*پارتیە دیموکراتخواز و مافپارێز و یاسادۆستەکانیش بێ ئومێدئەکات و چیتر ئەو کەسە نابێت کە چاویان لەسەریبێت وەک سەرۆکی داهاتووی پارتی لێیبڕوانن.

*لە کۆنگرەی داهاتووی پارتیا باجی ئەنجامی ئەو هەڵەیە ئەیات.

*دووبارەبوونەوەی مێژووی باوکی و مامی بەچاوی خۆی ئەبینێتەوە کە چۆن باپیری باوکی لەبەرامبەر مامیا پشتگوێخستبوو.

کۆنسوڵگەی وڵاتان و ئێران و تورکیا:

دوای بڕیارەکەی دادگا ئیتر ئەبێ هاوڵاتیان و بگرە ڕۆژنامەنوسانیش لە کۆنسوڵگەی وڵاتان نزیک نەکەونەوە تا بە تۆمەتی کاری سیخوڕی دوستگیرنەکرێن، ئەمە لەکاتێکا کە تورکیا بە قوڵای ٤٠ کیلۆمەتر بەرەوژوور هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستان و ژمارەی دەزگا هەواڵگرییە تورکەکان لەهی خودی هەرێم زۆرتن و ئێران شارەکانی هەرێمی کوردستانی بە قەرارگاکانی تەنیوە و کێی بوێ تیرۆری ئەکات و کام بنکەی حیزبە کوردستانییەکانی بوێ بەڕۆژی نیوەڕۆ موشەکبارانی ئەکا، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە هەر خودی دەسەڵاتی هەرێم و حیزبەکان خۆیان ڕێنوێنی و چاوساغیان و کاری سیخوڕیان بۆئەکەن کەچی هیچ دادگایەک بوێری ئەوەی نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵا بکات، بگرە بەشانازیشەوە باسی هاوکارییەکانیان بۆ وڵاتانی داگیکەری مێژوویی کوردستان ئەکەن.

قەندیل:

چیتر قەندیل ئەو ناوچە دڵڕفێنە گەشتیارییە سەرنج ڕاکێشەی پێش بڕیارەکەی دادگا نیە تا هاوڵاتیان بتوانن بەبێ کێشە بچن سەردانی بکەن، نەوەک بەتۆمەتی کاری سیخوڕی بۆ پ.ک.ک تاوانبارو دەستگیربکرێن، سەیر لەوەیایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی ڕەشی حکومەتی هەرێما نیە کەچی دادا"گا" دیدار و سەردانیکردن لەگەڵیانا بەکاری سیخوڕی ئەبینێ. بەپێی بڕیارەکەی داد"گا"بێت خەڵکانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە یەکپارچە سیخوڕن! سەیرتر ئەوەیە هەرگیز داد"گا" دەسنیشانکردنی موڵگەو بارەگا و شوێنپێی گەریلاکانی "پ.ک.ک"و حیزبەکانی ڕۆژهەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بۆ تورکیا و ئێران بەکاری سیخوڕی نەبینیوەو بگرە کەیسی لەوجۆرە هەربوونیشی نیە!

هەڵبژاردن:

ترس لە سەنگی مەحەکی جەماوەر و ڕێکەوتنی سیاسی دابەشکردنی کورسییەکان و سازشکردنی هەندێک لایەن لەبەرژەوەندی لایەنێک هیچ واتایەک بۆ هەڵبژاردن ناهێڵێتەوانێ و سڕکردنی دیموکراتی لێئەکەوێتەوە، ئەوەش ئەسەلمێنێ کە کۆی ئەو حیزبانە باش لەوە تێگەشتوون کە ئەدای کارکردنیان نەک هەر وەک پێویست نەبووە بەڵکو هێندە خراپیش بووە کە نەوێرن خۆیان بەنە بەر نەشتەری جەماوەر.

حیزب لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەت:

دوو دیاردەی سەیر لە حیزبە کوردستانییەکانا بەدی ئەکرێ بێجگە لە پ.د.ک.

یەکەم، لەم کابینەیەو کابینەکانی پێشووش هەموو ئەو حیزبانەی بەشداریان لە کابینە حکومییەکانی پارتیا پێکراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانا وەک مەڕ بێدەنگن، هاوشێوەی مناڵانی سەرەتایی دەست بڵندئەکەنەوە بۆ قسەکردن و واژۆ لەسەر هەموو بڕیارێکی حکومەتە ئەکەن کەچی حیزبەکانیان لە مێدیاوە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سەرسەخت قسەئەکەن، بەتایبەتی لەکاتێکی وەک ئێستایا پێش هەڵبژاردن.

دووەم، زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی ناو حکومەتیش هەتا کامێرا و مۆبایل نەبێت بۆ وێنەگرتن و گواستنەوەی چالاکییەکنیان هیچ دەنگێکیان لێوەنایەت و بێدەنگن، بگرە هاوکار و هاوڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشن، بەڵام بەقودرەتی قادر هەر کە کامێرا هەبوو، یان کە خۆیان دەستیانکرت بە تۆمارکردن بە مۆبایلەکانیان، ئیتر نەڕەو هاوراریان لێبەرزئەبێتەوە و ئەبن بە داکۆکیکاری سەرسەختی میلەت، بەتایبەتی لەکاتێکی وەک ئێستایا پێش هەڵبژاردن، ئەو تای هاوراکردن و فیکە و تەپڵ و پێڵاوفڕێدانە زۆر بەرزتر ئەبێتەوە. "هەڵبەتە باسی ١١ کۆتاکە ناکەین کە بوونیان تەنها بۆ بەرژەوەندی پارتیە". بەڵام ئەم دیاردەیە لە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتیا بەدی ناکرێ و تائاستێکی زۆر یەک ڕوون، هەڵبەتە ئەوەش لەبەر دوو هۆکارە، هۆکارێکیان ئەوەیە کە هەموو شتێ بەخواستی حیزبەکەیان ئەچێ بەڕێوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە کە پارتی حیزبێکی ناوەند دەسەڵاتە "مەرکەز"یە و هەر جوڵەیەک دژی بەرژەوەندی ئەو حیزبە بێ سزا تێناپەڕێ.

کوشتن:

هەڵبەتە ئەوە کۆمەڵگە نیە کە حەزی لەتاوان و کوشتارە، ئەوە زۆر و بۆری ئەو هەموو مەلا ئاینیە "بێ دین" و ئەو هەموو بانگخوازەیە هەر کەسەی پەلی ئاین بەولایەیا ڕائەکێشێ کە خۆی پێی مەستە، ئەوە زۆری ئەو هەموو کەناڵانەیە کە خەریکی بڵاوکردنەوەی کلتوری نامۆو تاوانی ناموس لەلایەک و زۆری کەناڵی ئاینی لەلایەکیترەوەیە، کە مێشکی کۆمەڵگایان بەجۆرێک ژەهراوی کردووە ئەگەر کەسی تەماشاوان زۆر هۆشیارنەبێ ئاستەمە تێنەکوێ، جا  ئەگەر کەسەکە ببێتە هۆکاری کوشتنی کەسێک لەڕێی ئابڕوبردنیەوە، یان خۆی ببێ بە بکوژ لەڕێی مێشک شتنیەوە بەبیری توندڕەوی، یان خۆی بکوژێ لەڕێی بێ بەهاکردنی هەموو جوانیەکانی ژیانەوە، هۆکارەکە هەر ئەوانەی سەرەوەو  بێ پرەنسیپ و دیسپلینی حکومەتەتیشە لە هەمانکاتا.

دانس و تەراویح:

نوێژکردن بابەتێکی کەسییە لەنێوان خود و خواوەند و چاکە و خراپەشی ھەربۆکەسی نوێژخوێن خۆیەتی بۆیە ھیچ پێویست بەنمایشکردن لەسەر شەقاما ناکات بەڵام بیرمان نەچێ ئەکرێ سیاسەت لەپشتی ئەو کارەوەبێ.

سەماکردن کارێکی نمایشکارانەیە و کارێکە لە سەمازانەوە بۆ تەماشاوان واتە سەما بەبێ نمایش نابێ چونکە کارێکە بۆ کەیف و ئارەزووی ھەوادارانی.

لەڕاستیا ھیچیان پەیوەندیان بەسەر ئەوەیتریانەوە نیە بەڵام میلەتێک کە ھۆشیاری و مەعریفەی کەمبێت تێکەڵیان ئەکا و لەھیچی نەبوو دووبەرەی دژەیەک دروستئەکا و کێشەیەکیتریش ئەخاتە سەر کێشە کەڵەبووەکانی.

12/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر