دژە کوردێک دیوێکی دیکەی جەمال خاشقچی

سەلاح خدر

جەمال خاشقچی (ڕۆژنامەنوس) ی سعودیە کە بەڕەگەز تورکە و کوڕی ئەحمەد هەمزەی خاشقچیە، لە دووی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا لە ئیستەمبوڵ بێسەروشوێن بووە، زۆر چیرۆک لەسەر ون بوونەکەی دەبیستین، گوایە چووەتە قونسوڵخانەی سعودیە و لەوێ کوشتوویانە و پارچەپارچەیان کردبێت، بەڵام سعودیە بەهەموو شێوەیەک ئەو بانگەشانە ڕەد دەکاتەوە و دەڵێت ئامادەین بۆ هەموو لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە، ئەوەی من دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر کەسایەتی و فکری جەمالە.
(جەمال کێ و چی بووە؟)
جەمال خاشقچی کادێرێکی باڵای جوڵانەوە و تۆڕە جیهانییەکەی ئیخوان موسلمینە، ئەو لەو کەسانە بووە کەسەرسەختانە بەرگری لە ئیسلامی سیاسی و ئیخوانەکانی جیهانی عەرەبی کردووە، لە کەنداو تا باکوری ئەفریقا، بەهۆی بنەچە تورکیەکەوە لەلایەک و فکری ئیخوانی لەلایەکی دیکە کەسێکی نزیک لە دکتاتۆری تورک ئەردۆغان بووە، ئەمەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی وەک دوژمنێکی کورد و پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا دەربکەوێت، ئەوەش لە دیدار و نوسینەکانیدا ڕەنگی دەدایەوە.
ساڵانێکی ڕاوێژکاری میدیایی "ترکی فەیسەڵ" بووە ترکی بەڕێوبەری دەزگای هەوڵگری سعودی و باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە بەریتانیا و ئەمەریکا کە پۆستەکانی زۆر هەستیار بوون.
پاش هاتنە سەرکاری شا محەمەد سەلمانی شای ئێستای سعودیە کێشە دەکەوێتە نێوان ئەو و دەسەڵاتدارانی سعودیەوە، کە زیاتر بەهۆی دژایەتی شا محەمەد بۆ ئیخوان موسلیمن دەردەکەوێت.
لەدوای سەرهەڵدانی بەهاری گەلان (بەهاری عەرەبی) خاشقچی زۆر هەوڵی داوە کە بەردەوام سعودیە هاوکاری گروپە چەتە چەکدارە ئیسلامییەکان بێت لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت لە سوریا.
(وەلائی بۆ تورکیا)
لەوکاتەدا کە پەیوەندی نێوان ڕیاز و ئەنقەرە خراپ دەبێت و شەڕی میدیای و ئابووری و هەژومنگەری لە نێوانیادا دروست دەبێت، جەمال خاشقچی یەکێک دەبێت لەو کەسانەی پشتیوانی سیاسەتی تورکیا دژ بە سعودیە دەکات و لەژێر ناوی نەبووی ئازادی و دیموکراسی و سیاسەتی هەڵەی ڕیاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی سعودیە دەگرێت، پاشان بەهۆی پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هاوبیری لەگەڵ ئەردۆغان و ئاکەپە لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٧ سعودیە بەرەو تورکیا جێدەهێڵێت.
(خاشقچی دیوێکی ئیستغباراتی)
خاشقچی زیاتر لەوەی ڕۆژنامەنوسێکی جیهانی بێت کە لەزۆر دەزگای میدیای گەورەدا لە پۆستی باڵادا کاری کردووە و نوسین و دیدارەکانی کاریگەری خۆیان هەبوو، ئەو بەهۆی نزیک بوونی لە بنەماڵەی شای سعودیە و بەتایبەت شا ترکی فەیسەڵ سندوقێکی ڕەش بوو کە زۆر نهێنی ئەو بنەماڵەیەی لەخۆیدا کۆکردبوەوە واتە دیوەکەی دیکەی خاشقچی ئیستغباراتی بووە.
لەماوەی یەک ساڵی لە تورکیا لەناو دەوڵەتی تورک و دەزگای هەوڵگری میت کاری دەکرد و خاشقچی یان بۆ فراوانکردنی سیاسەتی تورانیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بەکاردەهێنا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە زۆربەی دیدارە ڕۆژنامەوانی و نوسینەکانی دا ناوبراو دژایەتی کورد بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستانی دەکرد.
(جەمال خاشقچی و دوژمنایەتی پرسی ڕەوای کورد)
لە دواین دیمانەیدا چەند کاتژمێرێک پێش چوونی بۆ قونسوڵیەتی سعودیە بۆ بەرنامەی نورخانمی "کەناڵی سوریا" عەرەبی زمان لە تورکیا پەخش دەکرێت، زۆر دژی کورد و هاوکاری سعودیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان قسە کرد و گوتی (تاکە ڕێگەی وەدەرنانی ئێران لە سوریا سەرکەوتنی شۆڕشی سوریایە، چونکە پێکهاتەی ئەو شۆڕشە ئێرانی قبوڵ نیە، ئەگەر سعودیەش دەیەوێت ئێران بەتەواوی لەسوریا بکرێتە دەرەوە دەبێت شۆرشی سوریا سەربخات "خاشقچی لێرەدا مەبەستی لە شۆڕش هاوکاری کردنی گروپە چەتەکانی وەک ئەحرار ئەلشام و گروپەکانی سەر بە تورکیایە کە عەفرین یان داگیرکردووە" هەووەها دەڵێت دەبێت سعودیە لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانی دروست بکات، تەنها تورکەکان حەلیفیان دەبن، نابێت سعودیە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی "شەرڤانان" هاوپەیمان بێت، چونکە ئەوانە خاوەن پڕۆژەنین و گروپێکی چەپی جوداخوان، سعودیەکان پێیانوایە بەم شێوەیە دەتوانن تورکیا لاواز بکەن، بەڵام چی لە قازانجیاندایە ئەگەر تورکیا لاوازبێت؟).
بەهەمان شێوە لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستانیشدا خاشقچی لە توریتەری خۆیدا پشتیوانی سیاسەتی تورکیای کرد و دژ بەڕیفراندۆم وەستایەوە، بەو هۆیەوە لە نێوان ئەو و عەبدلوخالق عەبدوڵا ئەکامسیانی سعودی نیقاش دروست دەبێت، لەو نیقاشەدا خاشقچی تورکیا بەخاوەن ماف و قەزیە لەبەرامبەر کورد دەزانێت و پاساو بۆ تیرۆری ئەردۆغان دەهێنێتەوە و بانگەشەی ئازادی بیر و ڕۆژنامەگەری دەکات لە تورکیا.
(چی بەسەر هاتووە؟)
دەگەڕێمەوە سەر بێسەروشوێن بوونەکەی، لەگەڵ ئەوەی من تا سەرئێسقان دژ بە هەرتیرۆرێکم بەڵام گێڕانەوەکان زۆرن، وەک گوتم سعودیە سورە لەسەر ئەوەی کە ئەوان ئاگاداری ونبوونی خاشقچی نین و پێشوازیشیان کردووە لەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دانراوە، تورکیا دەڵێت دیمەن و دەنگمان لایە بەڵام ئامادەش نیە هیچ شتێک لەو بارەیەوە ئاشکرا بکات، بۆیە لێرەدا هەردوو گومانەکە واردە، یەکەم ناوبراو لەلایەن کاربەدەستانی سعودیەوە لەکاتی چوونی بۆ کۆنسوڵخانە بێسەروشوێن کرابێت، گومانی دووهەم بەحوکمی ئەو مێژووە ڕەش و ئەزمونە تیرۆرەی تورکیا هەیەتی، پێدەچێت ناوبراو لەلایەن خودی ئیستغباراتی تورکیا (میت) بێسەروشوێن کرابێت، چونکە تا ئێستا سەدان کەس لە تورکیا پاش ئەوەی بەکارهێنراون بێسەروشوێن یان تیرۆریان کردوون و زۆر نهێنیان شاردوەتەوە.


13/10/2018



وتارەکانی تری نوسەر