ئەنجامی کودەتاکەی ئەمڕۆی ئاکەپە چی دەبێت؟

سەلاح خدر

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا داگیرکردنی شارەوانیەکانی هەدەپەی شاری ئامەد و مێردین و وان لەلایەن دەسەڵاتدارای ئەکەپە و مەهەپەوە و ڕەشبگیری نزیکەی ٥٠٠ کەس لە یەک کاتدا جگە لە کودەتایەکی دیکەی سیاسی ئاشکرا بەسەر دەنگ و ئیرادەی گەل دا نیەتی ئەنقەرە نیشان دەدات کە هیچ پڕۆژەیەکی چارەسەری بۆ پرسی کورد پێ نیە.

ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە شتێک نیە لە تورکیا بەناوی ئازادی و دیموکراتی، ئەوەی ڕوویدا بنپێکردنی تەواوەتی یاسایە و زوڵم و ناهەقیە لەئاستێکی هەرەباڵادا، هەروەها گاڵتەجارییە بە دەنگدان و بانگەشەکانی هەڵبژاردنی دیموکراتی، دەنا دەسگرتن بەسەر ئیرادە و دەنگی گەلدا لەکوێی هەڵبژاردنی شەفاف و دیموکراتی دا هەبووە؟ بێشرۆڤە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا جەختکردنەوەیە لە مۆدێلێکی حکومڕانی دکتاتۆری موتڵەق. 

گەلی کورد لە باکوری کوردستان لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئاداری ئەمساڵ دا وەڵامی سیاسەتی قڕکردنی ئەردۆغانی دایەوە بەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد بە ڕێژەی لەسەدا ٦٣ و مێردین لەسەدا ٥٦ و وان-یش لەسەدا ٥٣ی دەنگەکانیان بردەوە، کەواتە دەستگرتن بەسەر دەنگی ملیۆنان مرۆڤدا جگە لە ترس و لاوازی و بێچارەیی حکومەت و دەوڵەت هیچ قسەیەکی تر هەڵناگرێت.حکومەتەکەی ئاکەپە خۆی لەسەر ئەو قەیومانە هێشتوەتەوە دەنا لە باکوری کوردستان وجودی نەماوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا جیاواز لە قەیومەکانی ڕابردوو ناڕەزایەتی دەوروبەرانی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.

هاوکاتی تویتەکەی کاتی پێری ڕاپۆرتەری تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا کە داگیرکردنی شارەداریەکانی ئەمڕۆی وەک بێڕێزی بە ڕای گەل بەناو کرد پرسی گەلۆ شارەدارییەکانی ئیستەمبوڵ و ئزمیریش دەستیان بەسەردا دەگیرێت؟ جەهەپە هەر زوو تیگەیشت کە ئەمە پیلانێکە بۆسەر شارەوانیەکانی ئەوانیش بەتایبەت ئیستەمبوڵ، ئزمیر و ئەنقەرە، چونکە بەلابردنی وێنەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکی باوکی جەهەپە لە شارەوانی وان و دانانی وێنەی ئەردۆغان لەجێگەی ئەو، پەیامێک درا بە جەهەپە کە چاوەڕێ بکەن سەرەی ئەوانیش دێت، هەربۆیە بەزووی لەئاستی هەرەباڵای ئەو حزبەدا لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵووی شارەداری جەهەپەوە تا بەرپرسانی دیکە و پەرلەمانتارەکانیان ئیدانەیان کرد.

ئەوەی بۆ ئەردۆغان چاوەڕوانکراو نەبوو، تویتی کۆنە هاوپارتیەکانیەتی (عەبدوڵا گول و داودئۆغڵوو) بوو کە بەکارێکی نایاسای و دژەدیموکراتی بەناویان کرد.

هەر لەوبارەیەوە ئەمینداری پارتی سەعادەت تەمەل قەرەمولائۆغڵوو بەتویتێک ناڕەزایی خۆی نیشاندا و وەک دەسگرتن بەسەر ئیدارەی گەل بەناوی کرد و لەهەمان کاتدا دەیان سەندیکاش دژ بەو هەنگاوە هاتنە دەنگ.

ئەوەی گرنگە ئەم قەیوومە نوێیانە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان و سوربوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و جەختکردنەوەی پەکەکە و هەدەپە بۆ چارەسەری ئاشتی لەئارادایە، هەربۆیە دەکرێت ئەوەی ئەمڕۆ گوزەرا وەک وەڵامی ڕاشکاوی ئەردۆغان بۆ دەستپێشخەریەکانی ئۆجالان لەمەڕ ئاشتی چاوی لێبکرێت.

ئۆجالان لە هەشتی ئابی ئەمساڵ دا لە دیداریدا لەگەڵ پارێزەرەکانی ڕایگەیاندبوو کە هەنگاوەکان بۆ ئاشتی لەئارادان بەڵام دۆخی هەنوکەیی شوبهاندبوو بەسەردەمی تورگوت ئۆزال کە هێزەکانی دەوڵەتی قوڵ لە هەوڵی ڕێگری لە هەنگاوەکاندان.

ئاخر ئەو فەشەلەی ئاکەپە لەسەر ئاستی ناوخۆیی حزبی دوای یەکلابوونەوەی پارتە نوێیەکەی کۆنە هاوڕێبازەکانی توشی بوو لەگەڵ شکستی سیاسی لەسەرئاستی تورکیا دوای لەدەستدانی ئیستەمبوڵ و تێکچوونی ستراتیژی تورکی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئیدی دەسەڵاتداری تاکەکەسی ئەردۆغان کۆتایی هاتووە.

ئەردۆغان سێ بژرادەی لە بەردەمدا بوو بەردەوامی دان بەشەڕ، یان هێنانی جەهەپە و ئی پارتی بۆ نێوو بەرەی خۆی یاخود چوونە سەر مێزی دیالۆگی ئاشتی لەگەڵ کورد دا، بەڵام نە توانی قەناعەت بە جەهەپە و ئی پارتی بکات نە بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە و سیاسەتی شەڕخوازی خۆی توانی دیالۆگ بکات، هەربۆیە بەردەوامی بەشەڕدا، کەواتە نەدەتوانێت ئاشتی قبوڵ بکات نە دەشتوانێت بەشەڕ بەردەوامی بەژیانی خۆی بدات.

لێرەدا تاکە ڕاستیەک هەبێت ئەوەیە کە بەهۆی پێداگری حکومەتی تورکیا لە چارەسەرنەکردنی پرسی نەتەوەیی کورد ئەوا خۆی چارەسەر دەببێت، وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئاکەپە ڕۆژەکانی کۆتایی تەمەنی دەژمێرێت.


19/08/2019



وتارەکانی تری نوسەر