سلێمانی چی دەوێت؟!

بەیار عومەر عەبدولآ

برای بەڕێز و ئازیزم کاک دکتۆر هەڤاڵ، پارێزگاری سلێمانی لە جیاتی ١١ هەزار پرۆژە کە فەرمووت گوایە جێبەجێتکردوە، خۆزگە تەنها ٣ پرۆژەت جێبەجێبکردایە بۆ شاری سلێمانی.

١-شەقامی ١٠٠ مەتری.

٢-سەوزکردنی گۆیژە. کە ئێستا چەند سەرمایەدارێک دەیانەوێت بەشێکی سەوزبکەن. دەکرێت پارە بۆ بەشەکانی تریشی تەرخان بکرێت.

٣-دروستکردنی بەنداوێکی گەورە لە نزیک شاری سلێمانی، کە هەم بۆ ئاوی ماڵان گرنگە، هەم بۆ کارەبا، هەم بۆ ئاودێری و کشتوکاڵ. لە هەمووشی گرنگتر دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و خەلکی سلێمانی دەتوانن کاتی تێدا بەسەربەرن. هەروەها کەرتی گەشتوگوزار دەبوژێنێتەوە. دەکرێت لەو بەنداوەشەوە کەناڵی ئاویی بهێنرێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی. ئەگەر دیقەتبدەین زۆربەی شارە گرنگ و بەناوبانگ و خۆشەکانی دونیا ئەو شارانەن کە ئاو بە ناویاندا تێپەڕدەبێت. 

لەگەڵ چەند ئەندازیارێکدا دیراسەم کردوە ناوچەی شارباژێڕ لە سلێمانی بەرزترە. دەکرێت لە شارباژێڕ بەنداوێکی گەورە دروستبکرێت و لەوێوە ئاو بهێنرێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی. هەر بە ئاوی ئەو بەنداوەش شاخەکانی گۆیژە و ئەزمڕ ئاو بدرێن و سەوز بکرێن.

ئەگەر حکومەتی هەرێمیش پارەنادات، دەتوانرێت لە ڕێی بەغداو و وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکانی عێراقەوە  بودجەی بۆ تەرخان بکرێت. ئەگەر ئەوانیش ئامادە نەبوون، دەتوانرێت لەڕێی چەند سەرمایەدارێکی ناوخۆ و بیانیەوە جێبەجێیبکرێت؛ ئەوانیش لە بری پارەی دروستکردنەکەی چەند ساڵێک کارەبا بە حکومەت بفرۆشنەوە تا پارەکەی وەردەگرنەوە.

ئەمانە زۆر گرنگترن لە هەندێک نمایش کە سادەیی مرۆڤ پیشاندەدات. سادەیی وەختێک گرنگە کە لە پاڵ کار و خزمەتدا بێت. بەڵام ئەگەر تەنها نمایشێک بێت بۆ داپۆشینی خزمەتنەکردن و کەمتەرخەمی، بێگومان توڕەیی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە. 

ئێستاش کات درەنگ نیە. دڵنیاتدەکەمەوە ئەم پرۆژانە جێبەجێبکەیت لە جاران خۆشەویستر دەبیت، بەپێچەوانەشەوە دەبیت بە یەکێک لە فیگەرە پۆپۆلیستەکان، کە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە کاریان لەسەر سۆز و عاتیفەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە کرد بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ و بەدەستهێنانی پلە و پایەی حکومی و پەرلەمانی، کە جگە لە دەوڵەمەندبوونی چەند کەسێک، بوو بە مایەی ماڵوێرانی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین. 

پێشموایە چۆن بەشێک لە مافیاکانی یەکێتی زەرەری گەورەیان لەم سنورەدا لە ڕێی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانیەوە، بە هەمان شێوە هەندێک لە پۆپۆلیستەکانی گۆڕانیش بە شێوەیەکی تر زیانیان لەم سنورەدا، کە بریتی بوو لە بەڵێنی قەبە و جێبەجێنەکردنی کە دواجار بوو بە هۆی لەناوبردنی هیوای هاوڵاتیان و نەمانی متمانە بە سیاسەت.
 

03/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر