دوا دیدارم لەگەڵ کاک (قادری حاجی عەلی)
بەیار عومەر عەبدولآ
چەند مانگێک لەمەوبەر بەتەنھا چوم بۆ لای کاک (قادری حاجی عەلی) بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچونی لەسەر پڕۆژەی بەھەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانیو ھەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیانو ڕاپەڕین.
کاک قادر جگە لەوەی سەرکردەیەکی بەتواناو لێھاتو بوو، جێگەی ئومێدو متمانەی خەڵکانێکی زۆری ناڕازیبوو لەدەسەڵات، من وەک مامێک سەیرم دەکرد، چونکە نزیکترین ھاوڕێی باوکم بوو، کاک قادرو باوکم کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بون، لەساڵی ٢٠٠٠ کە زانیان حزبایەتی لەڕێگەیەکەوە بۆ خزمەتکردن بوە بەڕێگایەک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن، ھەردوکیان پێکەوە دەستیان لەکارکێشایەوە.
وەک مامێک کە سەردانم کرد، سەرەتا وتم کاک قادر ئەگەر جەنابت پڕۆژەی بەھەرێمکردنی ئەم دەڤەرە بگریتە ئەستۆ، ھەمومان پشتیوانیت دەکەین، ئەگەر جەنابیشت حەزناکەیت ببیتە سەرمەشقی ئەم پڕۆژەیە، ئەوا ھیوادارم پشتیوانیمان بکەیت.
کاک قادر چەند تێبینیەکی پێوتم کە خۆشی ھەندێکیانی پێشتر لەدوا وتاریدا ڕاگەیاندبوو بەناوی (چاری بکەن تا ھەناسەیەکی تیا ماوە) کە لەمانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاویکردەوە، من لەمانگی حەوتدا سەردانم کرد.
کاک قادر وتی: من پێمباشە ئەم پڕۆژەیە سەرتاسەری بێتو ھەولێرو دھۆکیش بگرێتەوە، وەک چۆن دەمانەوێت دەسەڵاتو داھات بگێڕینەوە بۆ خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانیو ھەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیانو ڕاپەڕین، بەهەمانشێوە لەڕێگهی فیدراڵیەتی پارێزگاکانەوە، دەسەڵاتو داھات بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی پارێزگاکانی ھەولێرو دھۆکو لە دەستی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە بھێنرێنە دەرەوە کە چەندین ساڵە خەڵکی ئەو ناوچانە دەچەوسێننەوە.
بەندەش لەوەڵامدا وتم: کاک قادر تەواو ھاوڕاتم کە دەبێت ئەم پڕۆژەیە گشتگیربێتو ھەموو پارێزگاکان بگرێتەوەو سەرجەم خەڵکی ئێمە لەھەموو پارێزگاکان ڕزگاریان بێت لەو زوڵمو ستەمەی لێیاندەکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە بەپێی دەستوری عێراق بۆمان ھەیە تەنھا بەناوی پارێزگای سلێمانیەوە قسەبکەین کە تێیدا دەژین، ناتوانین بەناوی ھەولێرو دھۆکەوە قسەبکەین.
وتم جەنابت تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیت ھەیە لەگەڵ خەڵکی ھەولێرو دھۆکداو دەتوانیت قسەیان لەگەڵ بکەیتو سەرپەرشتی ھەمومان بکەیت، تەنانەت ئەمە پڕۆژەیەک بێت بۆ کەرکوک، چونکە دەکرێت لەجیاتی ئەوەی کە ڕاستەوخۆ کەرکوک بهێنرێتەوەسەر ھەرێمی کوردستان، کە لەمکاتەدا لەڕوی سیاسیو سەربازیەوە مەحاڵەو دوبارەکردنەوەی ئەزمونێکی شکستخواردوشە، بیر لەوەبکەینەوە کەرکوک ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆو لەدوا ڕۆژدا کەرکوکو سلێمانیو ھەڵەبجەو ھەولێرو دھۆک وەک پێنج ھەرێمی بەھێزو دەوڵەمەند یەکبگرن بۆ دروستکردنی وڵاتێکی فیدراڵی پێشکەوتوو.
یەکێکی تر لەڕەخنەکانی تری کاک قادر ئەوەبوو کە فەرموی "کێشەکە ئەوەیە ئەگەر ئێرە ببێت بەھەرێمیش دواجار دەکەوێتەوە دەستی ئەو حزبانەی کە ھیچ خزمەتێکی ئەووتۆی ئەم دەڤەرەیان نەکردوە، چونکە نیگەران بوو لەلاوازی ئەدای یەکێتیو گۆڕانو نزیکبونەوەیان لەپارتی"، منیش لەوەڵامدا وتم کاک قادر ئەم ماوەیە زۆربەی شارو قەزاو ناحیەو گوندەکانی ئەم دەڤەرەی خۆمان لەگەڵ ھاوڕێکانمدا گەڕاوم، زۆرینەی خەڵکی ئەم دەڤەرە ھەمان گومانی جەنابتیان ھەیە، بەڵام چارەسەرکردنی ئاسانە.
وتم ئێستا سێ حزبە سەرەکیەکەی ناو حکومەت پشتیوانی یەکتردەکەن بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیانو دابەشکردنی کێکی دەسەڵات لەنێوان خۆیانداو بردنی داھاتو دەسەڵاتو بێبەشکردنی میلەت لێی، بەڵام ئەگەر ئێمە لەڕێی فیدراڵیەتی پارێزگاکانەوە، ئەو حزبانە دابڕین لەیەک، ئەوکاتە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانیو ھەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیانو ڕاپەڕین ئاسانتر دەرەقەتی حزبەکانی ئەم سنورە دێنو خەڵکی پارێزگاکانی ھەولێرو دھۆکیش ئاسانتر دەرەقەتی پارتی دێن.
ھەروەھا وتم لەسایەی فیدراڵیەتی پارێزگاکاندا، یەکێتیو گۆڕان چیتر ناتوانن بەپشتی پارتی لەدەسەڵاتدا بمێننەوە، بەڵکو دەبێت بەپشتی خەڵکی ئەم دەڤەرە حوکم بکەن، واتە لەجیاتی دڵڕازیکردنی پارتی، ناچارن دڵی خەلکی ئەم دەڤەرە ڕازیبکەن لەڕێی کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیو باشکردنی موچەو بژێوی ھاوڵاتیانەوە.
تەنانەت سەردەمی دوو ئیدارەییم بەنمونە بۆ ھێنایەوە کە نەوتو گازیش دەرنەھێنرابونو دوو گەمارۆی ئابوریش لەسەر عێراقو ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بارودۆخی خەڵک زۆر لەئێستا باشتربوو، چونکە کێبڕکێیەکی تاڕادەیەک بونیادنەر لەنێوان یەکێتیو پارتیدا دروستبوبوو لەسەرئەوەی کامیان خزمەتی زیاتری ناوچەکانی خۆیان بکەن، بەڵام لەدوای یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکەوە، ئەم دەڤەرەی ئێمە بەتەواوی کەوتە دواوەو پشتگوێخرا.
ھەروھا بەکاک قادرم وت:"چەندین ساڵە لەم سنورەی ئێمەدا خۆپیشاندان ئەکرێتو تێیدا خەڵک شەھیدو برینداردەبێت بەبێئەوەی ھیچ سودێکی ھەبێت، بۆ نمونە ١٧ی شوبات ئەم دەڤەرە خرۆشاو چەندین شەھیدو بریندارماندا، بەڵام دەسەڵات وەک خۆی مایەوەو ھیچ گۆڕانکاریەک ڕوینەدا، بگرە خراپتریش بوو، چونکە ئێمە لێرە خۆپیشاندان دەکەین لەکاتێکدا دەسەڵات لەھەولێرەو ھەست بەفشار ناکات.
وتم ئەگەر دەسەڵات بھێنینەوە بۆ ئەم دەڤەرە، خەڵکو دەسەڵات نزیکدەبنەوە لەیەک، ئەگەر حزبەکانی ئەم دەڤەرە ھێشتا ھەر کەمتەرخەمبون، ئەوکات ئاسانتر دەتوانین فشاریان بخەینەسەر.
ھەروەھا وتم لەڕێگهی فیدراڵیەتی پارێزگاکانەوە، تەنھا داھاتو دەسەڵات ناھێنینەوە، بەڵکو بەرپرسیاریەتیش دەگێڕینەوە بۆ ئەم سنورە، حزبەکانی ئەم دەڤەرە ناچاردەبن خزمەت بکەنو چیتر ناتوانن کەموکوڕیەکانی خۆیان بخەنە ملی پارتی.
لەکۆتاییدا کاک قادر وتی بەڕای من جارێ دوایبخەنو لەوانەیە ھەندێک گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەبێت لەکوردستانو عێراقو ناوچەکەدا، منیش بڕیارمدا لەبەر ڕێزو خۆشەویستی کاک قادر چەند مانگێک دوایبخەین، ھەرچەندە ھەندێک لەھاوڕێکانم ئەم دواخستنە نیگەرانیکردن.
لەکۆتایی دانیشتنەکەدا بەسوعبەتو شۆخیەوە وتم: کاک قادر ئەگەر سەرکەوتوبوین دەڵێین کاک قادر بوە، ئەگەر شکستمان ھێنا دەڵێین خەتای خۆمان بوە، کاک قادر فەرموی من ئەگەر پشتیوانیتان بکەم، ئەبێت تەحەمولی سەرکەوتنو شکستیش بکەم.
بەداخەوە ڕۆیشتنی کاک قادر زیانێکی گەورەی لەمیلەتەکەماندا، پیاوێکی بیرتیژو نھێنی پارێزو بەتواناو ماندونەناسو ئازابوو کە ھەموو سیفەتە جوانەکانی خۆی خستبوە خزمەتی میلەتەکەیەوەو بەتایبەتتر ئەوانەی دەیانویست نیشتیمان باشتربێت لەئێستا.
17/11/2020
وتارەکانی تری نوسەر