بازرگانەکانی جەنگ

بەیار عومەر عەبدولآ
بازرگانی جەنگ (War Lord)، سەرکردەیەکی سەربازیە، بەهۆی بونی هێزێکی چەکدار کە وەلائیان بۆی هەیە، دەتوانێت هێزی سەربازی و سیاسی وئابوری خۆی بسەپێنێت لە جوگرافیایەکی دیاریکراوی ناو وڵاتێکدا.

کە هێزی چەکدار بەدەست حزبەوە بوو، لە حزبیشدا بەدەست ئەشخاسەوە بوو، وڵات دەبێت بە چەند زۆنێکی بازرگانەکانی جەنگ وتەعەداکردن لە هاوڵاتی و سەرانەسەندن و کوشتنی ناهەق دەبێت بەسیمای ئەو وڵاتە.

بەداخەوە خەریکە کوردستان سیمای ئەفغانستانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ و وڵاتە ئەفریقیەکانی وەکو سۆماڵ و ڕواندا و مۆزەمبیق وئۆگەندا و زیمبابۆی وەردەگرێت.

کەسێک لە هەولێر و کەسێک لە گەرمیان و کەسێک لە قەرەداغ دەست بەسەر سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەویدا دەگرن و ڕۆژێک پەلاماری خاوەن چێشتخانە دەدەن و ڕۆژێک ڕۆژنامەنوس تیرۆر دەکەن و ڕۆژێک پەلاماری بازگە دەدەن و ئاسایش دەکوژن.

دروستکردنی دەوڵەتی موئەسەساتی و کۆتایی هێنان بە میلیشیا:

لێرەدا دەمەوێت چیرۆکی چۆنێتی دروستبونی دەوڵەتی موئەسەسات و کۆتایی هێنان بە میلیشیا بگێڕمەوە. ئیسرائیل ڕاستە دوژمنایەتی برا موسڵمانەکانمان دەکات، بەڵام بۆ جولەکەکان دەوڵەتێکی بەهێزی موئەسەساتیان دامەزراندوە.

کاتی خۆی کە دەوڵەتی ئیسرائیل ڕادەگەیەندرێت لە ساڵی ١٩٤٨، دوو میلیشیای سەرەکی بە ناوی هاگانا و شتێرن (Haganah & Stern)، باڵادەست دەبن لە ئیسرائیلدا.

داود بن-گۆریۆن (David Ben-Gurion)، یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار دەدات کە میلیشیاکان کۆتاییان پێبهێنرێت و لەجێی ئەوان یەک سوپای نیشتیمانی دابمەزرێت.

لەو کاتەدا میلیشیای شتێرن، کە چەندین شەڕیان کردوە بۆ بەرگری لە جولەکەکان، بە پارەی خۆیان پاپۆڕێک دەکڕن و وڵات بە وڵات دەگەڕێن و پارە لەجولەکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا کۆدەکەنەوە و چەکی پێدەکڕن و دەیهێننەوە بۆ ئیسرائیل.

کە پاپۆڕە پڕ لە چەکەکەی گروپی شتێرن دەگاتەوە بەندەری ئیسرائیل، بن-گۆریۆنی سەرۆک وەزیران ڕێیان لێدەگرێت و داوادەکات هەموو چەکەکان تەسلیمی دەوڵەت بکەن. ئەوانیش ڕازی نابن و دەڵێن ئێمە بە پارەی خۆمان چەکمان کڕیوە وتەسلیمی دەوڵەتی ناکەین.

بن-گۆریۆن سور دەبێت لەسەر قسەی خۆی و دەڵێت ئەگەر تەسلیمی نەکەن، پاپۆڕەکە بە چەکەکانەوە لە دەریادا دەسوتێنین. گروپی شتێرن دەکەونە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ بن-گۆریۆندا و دەڵێن نیوەی چەکەکان تەسلیمی دەوڵەت دەکەین و نیوەکەی تری بۆ خۆمان هەڵدەگرین.
بن-گۆریۆن هەر سور دەبێت لەسەر قسەی خۆی کە دەبێت هەموو چەکەکان تەسلیم بکەن، چونکە دەڵێت من دەوڵەت دروست دەکەم و دەوڵەت دەبێت یەک سوپای نیشتیمانی هەبێت، نەک چەندین میلیشیا.

بەشێکی زۆر لە خەلکی ئیسرائیل کۆدەبنەوە و بە گریانەوە، تکا لە بن-گۆریۆنی سەرۆک وەزیران دەکەن کە پاپۆڕەکە نەسوتێنێت چونکە یەکەم، زۆرینەی سوپای دەوڵەتە عەرەبیەکان یەکیان گرتوە بۆ پەلاماردانی ئیسرائیل و ناکرێت لەم کاتە هەستیارەدا شەڕی ناوخۆ لە ئیسرائیلدا سەرهەڵبدات. هەروەها دەڵێن ئیسرائیل لەم کاتە هەستیارەدا پێویستی بە چەکە.

بەڵام بن-گۆریۆن گوێ بەو قسانە نادات و فەرمان دەردەکات و سوپای ئیسرائیل پاپۆڕەکە بە هەموو چەکەکانەوە لە دەریادا دەسوتێنن.

سەرباری ئەوەش، شەڕەکە دەباتەوە و دواتر دەوڵەتێکی موئەسەساتی مۆدێرن بۆ جولەکەکان دروست دەکات. ئەمەش وایکردوە جولەکەکان لەسەرتاسەری دنیاوە بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل و هەست بە ئارامی بکەن تیایدا.

ئێمەش چەندین ساڵە بەدەست هێزی چەکداری حزب و ئەشخاسەوە دەناڵێنین، کە وایکردوە مرۆڤی کورد هەست بە ئاسایش وئارامی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری) نەکات و وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، و مردنی لە دەریای ئیجە پێباشتر بێت لە مانەوە لەم جەهەنەمەدا کە بازرگانەکانی جەنگ لە کوردستاندا خوڵقاندویانە.

10/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر