وەڵامێک بۆ وەزارەتی پلاندانان

بەیار عومەر عەبدولآ
ئایا وەزارەتی پلاندانان شارەزای ژمارە و ئامارن؟!!!


لەم ڕۆژانەدا، سكرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی قسەیەکی بەندەی داوەتەوە لە بارەی ئەوەی کە وتومە فێڵ لە پارێزگای سلێمانی کراوە و ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە ٤٣٪ ەوە کراوە بە ٣٦٪.


لەو ڕونکردنەوەیەدا وتویانە من هەڵەم کردوە و گوایە ڕێژەی دانشتوانی پارێزگای سلێمانی هەر لە ٤٣٪ ەو گوایە لەسەر ئەو بنەمایش بودجەی بۆ تەرخان کراوە.


بەڵام دەمەوێت لێرەدا تەنها دوو خاڵ باس بکەم.


١-وەزارەتی پلاندانان ماوەیەک لەمەوبەر خۆیان هەندێک زانیاری و داتایان بڵاوکردەوە کە تیایدا پارێزگای سلێمانیان لە گەورەترین پارێزگاوە کردوە بە دووهەم پارێزگا.


لە داتاکەی خۆیاندا ئاماژە دراوە کە ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمدا لە ٤٣٪ ەوە بوە بە ٣٦٪. منیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕەخنەم لە کەمکردنەوەی بە ئەنقەستی پارێزگای سلێمانی گرتووە. واتە تەنها زانیاریەکەی ئەوانم دووبارە کردۆتەوە. 


٢-چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دوای فشار کردنێکی زۆر، ٣٤٩ ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کرا، بەڵام تەنها ١١٤ ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوە، کە دەکاتە نزیکەی ٣٢٪ ی بودجەکە.


واتە پارێزگای سلێمانی نەک ٤٣٪ ی بۆ تەرخان نەکراوە، بەڵکو ٣٦٪ یشی بۆ تەرخان نەکراوە. تەنها ٣٢٪ ی بۆ تەرخان کراوە. واتە ١١٪ کەمتری لەهەقی خۆی بۆ بۆ تەرخان کراوە.


ئەگەر پارێزگای هەڵەبجەشی لەگەڵ حساب بکەین، هێشتا ناگاتە ٤٣٪؛ بە پاڕێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئینجا دەگاتە ٤١٪. واتە هێشتا ٢٪ کەمتریان لە هەقی خۆیان بۆ تەرخان کراوە.


پارێزگای هەولێر کە دانیشتوانی لە پارێزگای سلێمانی کەمترە، بەڵام ١٤ ملیار دیناری زیاتری لە پارێزگای سلێمانی بۆ تەرخان کراوە.


ئیتر کام ٤٣٪ و کام عەدالەت؟!!!  
دەبێت بپرسین ئایا وەزارەتی پلاندانان شارەزای ژمارە و ڕێژە و ئامارن؟!!!
  









27/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر