مانەوە لە بەغدا تەنیا بۆ ئیمتیازاتە

سازان تۆفیق

پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ بەشداری کورد و جێکردنەوەی هیچ داوایەکی کورد پەسەندکرا، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا پشکی کورد بەم جۆرە کەم نەکراوەتەوە، هاوکات هەتا ئێستا و بەم جۆرە وێنای کیانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بچوک نەبۆتەوە و، هەمیشە بڕیارە گرنگەکانی عێراق بەبێ بەشداری کورد تێنەپەڕێندراوە.

 

هەنگاوی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق یەکەم زەنگی مەترسیدارە بۆ وردە وردە بچوکترکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان هەڵگری ئاشکرای ئەو پەیامەیە کە بۆ لەمەودوا بەبێ بونی کوردیش هەموو بڕیارێکی گرنگ لەلایەن عەرەبی سونە و  شیعەوە تێدەپەڕێت.

 

ئەمە سیاسەتی حکومەت و تەواوی شیعە و سونەی وڵاتێکە کە ناوی عێراقە و لە بنەڕەتدا هەڵوەشاوە و ئەوەی یەکی خستۆتەوە و وایکردووە بەهێزبێت و،  بەبێ کورد بڕیاربدات خودی لاوازی کورد و سیاسەتی هەڵەی بەناو سیاسیە بازرگانەکانی کوردە.

 

ئێستا کە هەموو لایەک نیازی حکومەتی عێراقیان بۆ ڕوونبۆتەوە نەک تەنیا کاتیەتی، بەڵکو پێویستە نوێنەرانی کورد لەبەغدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەناو سەرکردایەتی کورد بڕیاربدەن و بە پەرلەمانتار و وەزیر و هەر پۆستێک کە لە بەغدا لەلایەن کوردەوە بەڕێوە دەبرێت جێی بهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە تەواوی پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە، چونکە مانەوە لە بەغدا شەرعیەتدانە بەو بڕیارانەی کە تەواوی حکومەتە یەک لەدواییەکەکانی عێراق لەکاتی بەهێزبوونیاندا لەدژی کورد داویانە.

 

خۆ ئەگەریش بڕیاریانداوە بەبیانوی ئەوەی "سەرکردایەتی کورد بڕیاری کشانەوە نادات" لە پرۆسەی سیاسی عێراق شەرعیەت بە مانەوەیان بدەن ئەوە هیچیان کەمتر نیە لەو پەرلەمانتار و وەزیرە عەرەبانەی کە دەنگیان بە یاسای بودجە داوە و بەدڵنیاییەوە مانەوەیان بەتەنها بۆ ئیمتیازات و پلەو پۆستی خویان دەبێت.

 

ئیتر کاتیەتی هەر پەرلەمانتار و وەزیرێکی کورد بەبێ چاوەڕێکردنی بڕیار و بەرژەوەندی حزبەکەیان بگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵک و ئەوکەسانەی دەنگیان پێداون، چونکە نەک مێژوو بەڵکو ئیدی خەڵکی کوردستانیش ڕەحم بەوانە ناکات کە ڕووی بەغدا لە دنیای دەرەوە سپی دەکەنەوە.

 


03/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر