سەركردە دۆراوەكان
د. بەکر سدیق
ولاتی ئێمە ، هەر ئەوەندە چێژی سیاسی
بینی ، كە راپەرین دەسەلاتی بەعسیەكانی لەسەر لابرد ! ئەم چێژە سیاسیە
پربوو لە خەو بینین بۆ ئایندەیەك ، كە سەركردەو دەسەلاتدارە خۆمالیەكانیان ،
لەلا ببوو ، بە ئیرادەو ، باوكێكی میهرەبان ! بەلام ئەم باوكانە ، رۆژێك
شەری ناو خۆو ، رۆژێك كردنەوەی كۆمپانیای خركردنەوەی پارەو پاوانكردنی
گومرگەكان و دواتر پەلكێشكردنی ولاتانی دراوسێیان بۆ ئێمە بەدیاری هێنا.
ئەمانە ، مودەتێك شەرو كوشت وبرو سەردەمێكیش دوای هێنانی بێگانە ، لە
رێكەوتنی دوو قۆلی مالباتە پاوانكارەكاندا لەسەر نەوت و داهاتەكانی
هەرێمەكەمان ، قات و قوری و زەلیل بونی گوزەرانیان بەسەر ئەم خەڵكە هێنا .
لە هەناوی ئەم بارە گرانەدا ، هێندە ژیان و كلتوری سیاسیان بەحیزبی كرد ،
كە كەس دەرتانێك بۆ قوتاربون لە كۆتو بەندی ئەو سەركردانە ، پێ نەزانێ.
هەرەمی
دەسەلاتی سەپاو لەولاتی ئێمە ، رێی بۆ زۆرێك لەوانە خۆشكرد ، كە لەسەر
خۆحەشاردانێك و كارێكی رێكخستنی نهێنی و تەقەكردنێك لە بەعسیەكان و چەند
ساڵێك پێشمەرگایەتی ، جگە لە هەڵپاچینی شوناسێكی نەرجسی و خۆ بەزلزانی ، لە
راپەرینەوە تا ئیستا ، لە سەر حیسابی ئەو خوێنەی پێشمەرگە هەژارەكان بۆ
ئەم گەلە رشتیان ، ببنە پاڵەوانی سە ر كورسیە پارێزراوەكان بە میلیشیا
شەخسیەكانیان و كۆشكە پارێزراوەكانی دەسەلاتیشیان بە رازیكردنی بەرژەوەندی
ولاتانی دراوسێ و پركردنی گیرفان و پاسپۆرتی كڕدراوی ولاتان ، ژیانی سیاسی
ئێرەو ئەوروپایان بۆ خۆیان مسۆگەركرد و خەلك و ئایندەی گەلی ئێمەیان بردە
ناو باوەشی داگیركەرانی كوردستانەوە .
لە ناو ئەم پەیكەرە ی دەسەلاتە
خۆسەپێنەدا ، سەركردەی نەرجسی وای تێدا زەق بۆتەوە ، كە لە سەر شاشە باسی
مەدەنیەت و دیموكراسیمان بۆ دەكات و خۆی بە مونەزیرو هەڵگری فەلسەفە ی
روبەرو بونەوەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەت دەزانێ، بەلام لە سێبەری ئەم خۆ
دیواندنەدا بۆی دەلوێ ، دەیان فێل و تەڵەكە لە نەیارەكانی بكات و بكەوێتە
هەلبەستنی بوختانی ئەخلاقی بەو خەڵكانەی كە ، تاكە ئومێدی ئەم گەلەن لە
هەستانەوەی نائومێدیدا.
چ كارەسات و بەدبەختیە بۆ نەتەوەیەك ، كە
سەركردە خۆسەپێنەكانی سەری ، باسی مەدەنیەت و دیموكراسی و دژایەتی ئیسلامی
سیاسی بكات ، نەك جورئەت نەكات ئۆبالی كارەسات و مەینەتیەكانی سەر خەلكە
هەژارەكەمان ، بخاتە ئەستۆی خاوەنەكانی ، بەلكو رۆژێك قەپال بگرێتە
رێبەرێكی وەك نەوشیروان مستەفاو قینی كۆنینەی بكاتە مانیفیستی سیاسی و لەو
لاشەوە ،مەدح و سەنای پاوانكاریی بكات و جارێكیش ، دوای ئەم هەموو
فروفیشالە سیاسیەی كە لە سەر ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر كردی، جورئەتی نەبێ
وەلامی رێبواری كەریم وەلی و هەلۆی برایم ئەحمەد بداتەوە ، كەچی شەرم
نەكات بێت بوختان بۆ بەرهەم صالحێك هەلبەستێ كە سور دەزانێ ، نەتەزویر
فریای فێل و بوختانەكانی دەكەوێ ، نە لای دەنگدەری كوردیش ، رەزای گرانی
سیاسی و مونحەتبونی خۆی پێ مەكیاژ دەكات.
ئەو سەلەفیانەی كە هەندێ كەس
بە بەڵای سەر كۆمەڵگای كوردیان دەزانێ ، نەبیستراوە بوختان و درۆ تەنانەت
بۆ كافریش ،دابتاشن ، كەچی خۆ بە فەیلەسوفزانەكانی ناو سەركردەكانی ئێمە ،
سڵ لەوە ناكەنەوە كە خەڵكی چی لەسەر ئەوان هەیەو دەیزانێ ، سەرەراش ، بە
فێل و درۆو ئیرهابی ناو سۆشیال میدیا ، بوختان بۆ متمانە پێكراوترین كەسی
دوای مام جلال و نەوشیروان مستەفا ،دروست دەكەن .كەتینیشیان بۆدێ بەسەر
سۆشیال میدیادا دەرشێنەوەو هەرخۆشیان بۆ بوختان و دەربرینی قین و خۆگێل
كردنیان لەو دارزانە سیاسیەی توشی هاتون پەنا بۆ سۆشیال میدیا دەبەن ، تا
پاساوی یاسایی ، نەدەن بەدەستەوە بۆ بوختانەكانیان ، حەزێكی سیاسی و
نەرجسیانەشیان هەیە تا بەرهەم صالح بە بوختان و دروكانیان سەرقال بكەن بەو
مەرامەی بەرهەم صالح راپێچی شەری بوختانەكانیان بكەن و نەیپەرژێ ،
كەرنەڤالە سەركردە نەرجسیە تۆقینەرەكان لە پارێزگاكاندا ، سازبكات.
بەرهەم
صالح، لە ئیستادا هێوای گەلێكی بێ ئومێد كراوی سایەی دەسەلاتە دۆراوەكانە
و ترسیشی لە ترسی ئەو ئەگەرەش نیە ، كە رەنگە سەركردەو دەسەلاتدارە قین
لەدلەكان پەنا بۆ تیرۆرو تۆقاندن و بەكار هێنانی هێزببەن.هۆكاری ئەم
متمانەو بوێریەی بەرهەم صالحیش لەو حەقیقەتەوە سەرچاوە دەگرێ كە خۆشەویستی و
متمانەكەی ناو خەلكی ئێمە بەكردار سەلمێنراوە و بە پشتیوانی خواو خەلك
گفتەكانی زیاتر دەكاتە كرداری ئافەروزی سەركردە دۆراوەكان و قەیرانەكانیش
تێكدەشكێنێ .
23/04/2018
وتارەکانی تری نوسەر