لیستی بایکۆت براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی 2018 ی "ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" ە

محەمەد عومەر
 هیچ شتێک لەمڕۆدا لەدیمەنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گاڵتەجارترنییە ، قەیرانی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانی باشوور تەنیا قەیرانی ساختەکاری هەڵبژاردن وبێ متمانەیی نییە ، بەڵکو لەحەقیقەتدا قەیرانی "بەهای مرۆڤایەتی " و " قەیرانی دیموکراسی" یە  .

لەم کات وڕۆژگارەی ئەمڕۆ کەئێستا تێیدا دەژین ، واتا ڕۆژگاری شکستی " ئەخلاق وبێمتمانەیی " لەهەموو کات و ڕۆژگارێک زیاتر ترس لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی وپێکەوە ژیانی کۆمەڵانی خەڵک هەیە ، چ لەکوردستانی باشور یاخود عێراقی نوێی دوای سەدام حوسین .

ئەوەی بەدیدەکرێت تائێستا هیچ کام لەو سیاسی وحیزبانەی عێراقی دوای سەدام حوسین بەحیزبە کوردیەکانیشەوە سەرکەتوو نەبوون لەپرۆسەی حکومڕانی ویەکخستنی مۆزایکی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق وکوردستان لەفۆرمێکی کۆمەلایەتی سیاسی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون .

دونیابینی وعەقڵ لەلای ئەم هێزو سیاسیە قەزمە هەڵتۆقیوانەی ئەودیوو سنور وونە ، لەبنەڕەتدا بوونی نییە، دزی وساختە وسەربڕین وئەشکەنجەی روحی وجەستەیی کۆمەڵانی خەڵک شوناسی ئەم جۆرە دەسەڵاتەیە کەشکستی لەگشت کایە سیاسی ـ ئابووری ـ مەعریفی ـ فەرهەنگی وکۆمەڵایەتی یەکان هێناوە . 

بەدەر لەساختەکاری سیستماتیکی پلان بۆ داڕێژراوی زۆبەی حیزب وهاوپەیمانی ولیستە بەشداربووەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 ودزینی دەنگی هاوڵاتی ، ڕێژەی دەنگی هیچ حیزب وهاوپەیمانی و لیستێک نەلەکوردستان نەلەعیراق نەگەیشتۆتە ڕێژەی ئەو هاوڵاتیانەی بایکۆتیان کردووە .

سەرەڕای ئەو هەموو دزی وساختەکاریەی حیزب ولایەنە دەسەڵاتدارەکان لەکۆی پرۆسەی ئیلیکترۆنی هەڵبژاردنەکان ڕێژەی دەنگدەر بەزۆر بەرز کرایەوە بۆ لەسەدا چل وچوار ونیو  %44.5 ، ئەمەش ئەگەر مانایەکی هەبێت ، مانای ئەوەیە لیستی حیزب وهاوپەیمانیە دەرچووەکان چیدی شەرعیەتیان نییە لەحکومڕانی عێراق وکوردستان .

گریمان ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە لەلیستک بان بەناوی لیستی بایکۆت وەک هەموو لیستەکانی تر کەبەشداری هەڵبژاردنیان کردووە ، ئەگەر لیستک بان ئێستا لیستی بایکۆت براوەی هەڵبژاردنەکان دەبوو ، بەدەر لەدزینی دەنگ وساختەکاری سیستماتیکی گشت حیزب ولیستە هاوپەیمانی یە دەسەڵاتدارەکان لیستی بایکۆت لەسەدا پەنجاوپێنجی هێناوە      %55.5  ، ئەمەش بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆکۆمەڵانی خەڵک دادەنرێت ، سەرکەوتن بۆ ئەوانەی متمانەیان بەم سیاسیە هەڵتۆقیوانەی ئەو دیوو سنوورەوە نەماوە .

قەیرانی ئەمرۆی کوردستانی باشور وعێراق قەیرانی "بەهای مرۆڤایەتی " و " قەیرانی دیموکراسی " یە ، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەو لیستانەی دزی وساختەکاریان کردووە ، تەنیا ساختەیان لەڕکابەر و بەرامبەرەکانیان نەکردووە ، بەڵکو بەرامبەر بەکاندیدەکانی خودی خۆشیان کردووە ، ئەوان هیچ بەهایەکی ئەخلاقی سیاسی و مرۆڤایەتیان نەماوە ئامادەن دزی وساختەو ناپاکی لەکانیدەکانی خۆشیان بکەن بەقازانجی هەندێک ئەندامی کۆیلەی گوێڕایەڵی خزم ونزیکی باڵە دەست ڕۆیشتووەکان  .

لێرەدا نامەوی باسی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەم چونکە هەموومان دەزانین ئەندازیاری ساختەو دزینی دەنگی کۆمەڵانی خەڵک لەهەڵبژاردن پارتی بووە ، بەڵام ئەم جارە حیزبەکەم مام  " یەکێتی نیشتمانی کوردستان  "ی ڕابردوو توانی گرەو لەمامۆستاکەی بباتەوە کە "پارتی دیموکراتی کوردستان" ە . 

بۆ نموونە ـ حیزبێک لەکوردستان نەتوانێت گۆنگرەی حیزبی خۆی ببەستێت بەهەچ هۆیەکەوە بێت ـ حیزبیک هەر ڕۆژەو بەشێکی لێ جیابێتەوە ، حیزبێک سەرکردە باڵاکانی شەو ڕۆژ لەمیدیاکانەوە یەکتر سووک و تاوانبار بکەن تا ئاستی تەخوینکردن ـ حیزبێک لەبری ناوە حیزبیەکەی خۆی ~ خۆی بەحیزبی سەرۆکە کۆچکردوەکەی وێنا بکات ، حیزبێک نەک تەنیا دزی وناپاکی وساختەکاری لەدەنگی خەڵک وحیزبەکانی تر بکات ، بەڵکو بەرامبەر بەکاندیدەکانی خۆشی چۆن دەتوانێت لەداهاتوودا سەرکەوتووبێت وبەرگری لەمیللەتێک بکات  .

سەدام حوسین پێش ڕوخاندنی حکومڕنیەکەی لەسەدا نەوەد ونۆ ونیوی دەنگی میللەتی هێنا ، هەروەها زۆرێک لەدیکتاتۆرەکانی دونیا ، بەڵام نەیانتوانی تاسەر حکومڕانی بکەن ، کێشەکە لەوەدا نییە تۆ بەساختە دەنگی زۆر بهێنیت ، کێشەکە لەوەدایە ئایا تۆ دەتوانیت بەپاکی وبێگەردی بەفۆرمێکی مرۆڤدۆست کحومڕانی بکەیت .

کێشە حەقیقیەکە لەوەدایە ئەو حیزبەی دزی وساختەکاری کردووە بەتەنیا خۆی دەزانیت چەند لای کۆمەڵانی خەڵک قیزەوەنە ، هەربۆیە لەبری خزمەتکردنی خەڵک تۆڵەیان لێ دەکاتەوە .
هیوادارم یەکێتی نیشتمانی کوردستان ببورن حیزبەکەی مام تۆڵًە لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانی نەکاتەوە کەلەحەقیقەتدا دەنگیان پێ نەداوە .
بەهەر حاڵ هەچ حیزب ولایەن وهاوپایەمانییەک بەدەر لەساختەو دزینی دەنگی کۆمەڵانی خەڵک خۆی بەبراوە بزانێت زۆر دوورە لەڕاستیەوە ، لیستی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی عیراق 2018 براوەی یەکەم بووە بەتەنیا لەسەدا پەنجاوپێج ونیو %55.5  ی دەنگەکانی هێناوە  .
 
 
 


25/05/2018



وتارەکانی تری نوسەر