کولتور و وڵاتی تونس

زاهیر عەبەرەش

 رۆژی 6 جونی ئەمساڵ بە سەردانێکی هونەری سەفەری ووڵاتی تونسم کرد، ووڵاتێک پڕ لە ئەتەکیەت، دەتوانرێت جیاوازتر لەهەموو ووڵاتە عەرەبیەکان ببینرێت، من بۆخۆم کە بیر لە پرۆسەی دیمۆکراتی و رۆژهەڵاتی ناوین دەکەمەوە،  دەڵێم ئەو دوانە( دیموکراتیەت و رۆژهەڵات) زۆر زەحمەتە پێکەوە هەڵبکەن، وەک دوو هێڵی تەریب وان  هەرگیز بەیەک ناگەن، هەرچەندە تونس دەکەوێتە کیشوەری ئەفریکاوە، بەڵام وەک وڵاتێکی عەرەبی ئەژمار دەکرێت. دیمۆکراتیەت و مینتاڵیەتی و وڵاتانی عەرەبی بە کوردستانیشەوە دووشتی زۆر دژ بەیەکن. بەڵام کە مرۆڤ سەردانی ووڵاتی تونس دەکات و بە ووردی رۆ دەچێتە سیستەمی کارکردن، سیستەمی پەروەردە وخوێندن، سیستەمی فەرهەنگی و کلتوری و، سیستەمی کۆمەڵایەتی. ئەو سەرنجەی سەرەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە. هەرچەندە من گەشتەکەم بۆ مەبەستێکی هونەری بوو، بەڵام بە فزولیەتی خۆم حەزم دەکرد زیاتر لەسەر ئەو ووڵاتەو یاساکانیشی بزانم. لە یاسای ووڵاتدا تەواو مافەکانی ژن فەرهەم کراوە.

 لە یاسای ئەوە ووڵاتەدا هەموو قسەیەکی ناشرین و تەنانەت جوێندان بەژن، وەک توندو تیژی بەرامبەر بەژن حیساب دەکرێت، ئەوەش سزادانی لەسەرە. ژن و پیاو دەتوانن بەبێ پرۆسەی هاوسەرگیری پێکەوە بژین و منداڵ دروست بکەن بێ ئەوەی یاسا ریی لێبگرێت. ژنان هەر بەرگێک بپۆشن ئازادن، هیچ کەسێک بۆی نیە بەلادەر لە دابوو نەریت تۆمەتباری بکات. ئەمساڵ سەدو هەشتا مزگەوت داخران، بەهیچ شێوەیەک نوێژ لەو مزگەوتانە ناکرێت، ئیمامی مزگەوتەکەش بێکار کراو لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا،  هۆکەرەکەشی ئەوەبوو کە ئیمام و خەتیبی ئەو مزگەتانە نەچوونەتە ژێر باری یاساکانی دەوڵەت و خەڵکیان تەکفیر کردووە و سوکایەتیان بە ژن کردووە. بەیاسا قەدەغەیە لە شوێنە گشتیاکاندا و تەنانەت لەشوێنی کارکردنیشدا نوێژ بکرێت. لەو ووڵاتە مزگەوت، کلێسا و سینەگوگە(واتە مەعبەدی جولەکەکان)  لە شەقامێکدا هەر دیانەتەو ئازادانە مەراسیمی سرووتە دینیاکانی خۆی دەکات. 

یەکێک لەشتە سەرنجراکێشەکان بۆ من ئەوەبوو کە گرنگیەکی زۆر دەدرێت بە پەروەردەکردنی منداڵ. وەزارەتی فەرهەنگ و کلتوری ئەو وڵاتە لە هەموو ناوچەکاندا و بەتایبەتی لە ناوچە هەژار نشین و مییللیەکاندا خانەی فەرهەنگی کردۆتەوە. تیشکێکی زۆر دەخرێتە سەر پێگەیاندنی تواناو بەهرەی منداڵان. دەوڵەت بودجەیەکی باشی تەرخان کردووە بۆگەشە پێدانی تواناکانی منداڵان. لەهەموو گەرەکاکاندا بەهێزکردنی خولی زمانی فەرەنسی،  گرووپی شانۆیی، سەما،  موسیک و گۆرانی هەیە. کە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆمەکی دارای دەکرێن و بەردەوامیش چالاکیان هەیە. ئەو هەفتەیەکی کە من لەوێ بووم لە پایتەختەکەی کە نزیکەی ملێۆنێک و دوسەد هەزار دانیشتوانەکەیەتی، نزیکەی بیست نمایشی شانۆی هەبوو، بە دەیان کۆنسێرتی موسیک و گۆرانی پێشەکش دەکران، سەرەرای ئەوەی کە لە هەموو کوچەو کۆڵانەکانیش نمایشی شانۆی پێشکەش دەکران ، گرووپی سەما و مۆسیک چالاکیان دەنواند. 

 لە یەکێک لە فەرهەنگ خانەکانی گەرەکی هەژار نشنینی حلق الوادی شانۆکار سەمیرە بوعمود بانگێشتی فەرهەنگخانەیەکی کردم ووتی بابرۆین بۆ فەرهەنگی خانەی حلق الوادی بۆ ئەوەێ موعازەرەیەک لەسەر رووناکی شانۆیی بۆ منداڵان بڵێمەوە، کاتێک گەیشتینەنە ئەوێ کاتژمێر دەی شەو بوو، تەنها گەنجێکی لێبوو هاوکاری سەمیرە بوو شارەزاییەکەی زۆر لە نەخشەو رووناکیدا هەبوو. پاشان ووردە ووردە خەڵکەکە  هاتنە ژوورەوە، بۆ ماوەی کاتژمێرێک و نیو باسی چۆنێتی رووناکی کرا، پەیوەندی رووناکای بە دیکۆر و جۆری ئەو ئامێرو گلۆپانەی کە بەرکار دەهێنرێن لەسەر شانۆ. موحازەرەکە بەشێوەیەکی تەفاعولی بوو زیاتر منداڵان ووتوو وێژیان دەکرد، پرسیاریان دەکرد. منداڵان وەڵامی پرسیاری گەورەکاناین دەدایەوە، تێرامانیان هەبوو. نایشارمەوە، ئەوەی لەو شەوەدا لەو منداڵانەو لەو مامۆستایە و لەوگەنجە لەسەر رووناکی چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرەکان و تەوزیفکردنی رەنگ  جیاوازیەکانی ڤۆدیل و شانۆی سێبەرو کلاسیک فێربووم،  لە ماوەی پێنج ساڵی خویندنی پەیمانگام لە کوردستان ئەوەندە فێر نەبووم. 

ێ‌نس العبیدی چالکوانێک و هونەرمەندێکی دیاری بواری شانۆ و سینەمایە لە یەکیك لە گەرە هەژار نشینەکان لەگەڵ هونەرمەندێکی تری بواری موسیک و شانۆ، صاڵح حمودە دوکانێکی لاکۆڵانیان کردووە بە شانۆ، تەواو هەموو کەل و پەلو پێویستیەکانی شانۆی تیا هەیە، گروپێکی هونەری شانۆ و موسیک و سەمایان  دامەزراندووە بە ناوی المسرح المسار. ئەو گەرەکە میللەیان ناوناوە (حومتنا فنانە)  بە واتای گەرەکەکەمان هونەرمەندە. ئەوەی جێی بایەخی من بوو، بە منداڵ، گەنج و لاو پیر، دایک و باوکان هەموو بەخێزانی بەشداری چالاکیەکان دەبوون، رۆڵیان دەبینین. موسیکیان پێکەوە دەژەنی. هەموو گەرەک بەشداربوون. هەندێک لاویان هەبوو لە گەرەکەدا کە لەسەر خراپەکاری لە خانەی چاکسازی حکوم درابوون. ئەم گرووپە داوایان لە دەوڵەت کردبوو کە هەرزەکارانی ئەو گەرەکە کە بە هەر هۆکارێکەوە بێت سجن کراوە و کە لە خوار تەمەنی هەژدا ساڵیەوەیە و لە خانەی چاکسازی حکومداراوە، ئەم گروپە هاوکاریان بکەن و بیانگرنە خۆیان. لای ئەوان فێری هونەری نواندن، فێری ژەنینی ئامێرەکان، گۆرانی و سەما ببن، فیری هاوکاری و یارمەتی دانای خەڵکانی تر بکرێن.  ئەم هەرزەکارانە لای  گروپی (المسار) هەموو جۆرە هونەرێکیان بە تیۆری و پراکتیکی دەخوێندن و پاشان نمایشیان دەکرد. هەر ئەوان دەشبوون بە پاسەوانی چالاکیەکانی تر. بە واتایەکی تر بەهۆی چالاکای هونەریەوە جارێکی تر سیقەیان بۆ دەگارایەوەو دەهاتنەوە ناو کۆمەڵ، کاتێکیش بەرهەمێکی جوانیان پێشکەش دەکرد، لای خەڵک و دانیشتوانی گەرەک خۆشەویستر دەبوون.
ئەو جۆری کارکردنەش تەواو گونجابوو لەگەڵ ئامانجی ئەو میتۆدەی کە من زۆرجار بەکاری دەهێنم بەناوی شانۆی سەکۆ بەڵام چۆنێتی کارکردنمان جیاواز بوو. ئامانج ئەوەیە مرۆڤ زیاتر مرۆڤ دۆستانەتربێت. ئازادتربێت. خوشەویستی زیاتربێت.

ئەو شەوەی کە گەیشتمە تونس کچە هونەرمەندی شانۆ سەمیرە بوعمود وهاوکارەکانی بە ئوتۆمۆبیل کاتژمێر دوو نیوی شەو لە فرۆکەخانەی قەرتاج چاوەرێیان دەکردم. سەمیرە دەرچووی زانکۆیە بەشی شانۆ، وەک دەرهێنەرو ئەکتەر کار دەکات دەزگایەکی هونەری تایبەت بەخۆی هەیە.  بۆ رۆژی دوای یەکێک لە ئەکتەرە کۆمیدیەکانی سینەماو شانۆ بەناوی توفیق بەحری هات بۆ لام، پاشان ووتو وێژێکی هونەری بەناو بازاردا بە ئۆتۆمبیل گەشتێکمان کرد، لە قاوەخانەیەک لاماندا و قاوەمان خواردەوە ووتووێژێکی زۆرمان لەسەر هونەورو ژیانی سیاسی  وڵاتانی عەرەبی و کوردستان و شۆرشی فەرەنسی ئەوەی بهاتایە بە بەخەیاڵماندا قسەمان لەسەر دەکرد هتد.  پاشان ووتی پێم خۆشە ئەم شەو داوەتی نمایشێکتان بکەم کە خۆی دەوری پاڵەوانی دەبینی لە نمایشەکەدا، کە ڤۆدڤیلێک بوو بە ناوی (لمدک ) واتە گەمژە.

 لەکاتی چوونەدەرەوەدا مەسافەیەکی زۆرمان بری، بینیم لەدواوە کەسێک کە دیار بوو رایبکردووە بە شوێنماندا کێشای بە سەر شانمدا بە فەرەنسی ووتی ( بەرێز تۆ ئەم جانتایەت لەبیر کردبوو) ئەو کات بیرم کەوتەوە کە جامتاکەم بیر چووبوو لە قاوەخانەکە. هەرچەندە من حاڵی نەبووم لە پێشدا، پاشان سەمیرە پێی ووت کە ئەم میوانەمان زمانی فەرەنسی نازانێت، ئەوجا کورە گەنجەکە بە زمانی عەرەبی دواو  ووتی تۆ لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەیت دەبێت رێزت بگرین. بەراستی لە شوێنی خۆم واقم وورما بۆ تاکە جارێکە لە ووڵاتێکی عەرەبیدا خەڵک بە ئەتەکێتەوە هەڵس و کەوت بکات، دەستپاک بێت. وهونەرمەندەکانی خۆیانیان خۆش بووێت.

  تۆفیق بەحری کاتژمێر نۆی شەو بە ئۆتۆمۆبیل هاتەوە شوێمناندا من و سەمیرە چوین بۆ نمایشەکەی، بەهای چونە ژورەوە بۆ بینینی نامیشەکە بە بیستو پێنچ دیناری تونسی بوو کە یەکسانە بە دە دۆلاری  ئەمەریکی. کاتژمێری یانزەی شەو نمایش دەستی پێکرد، بینەر زۆر بە جۆش و خرۆشە تامەزرۆی دەرکەوتنی ئەکتەر تۆفیق بەحری بوون، ئەوکاتە زیاتر بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسە ئەکتەرێکی دیارە ، لەراستیدا، توانایەکی نواندنی کۆمیدی بێئەندازەی هەبوو.   

یەکیکی تر لەو خاڵانەی کە بۆ من جێی سەرنج بوو کە دەتوانرێت سیاسەتی کلتوروفەرهەنگی لە کوردستان کەڵکی لێبینێت، چۆنێتی هاوکاری و کۆمەکردنی گرووپە شانۆی و نمایشە شانۆیەکانە. چۆنێتی هاوکاری کردن دەوڵەت دوو شێوەیە یەکێکیان پێیدەوترا دەوڵەتی، ئەویتر یان زاتی. لە پاڵ ئەمانشدا چەندها شەریکە هەبوو کە هاوکاری مادی دەزگا و گروپەهونەریەکانیان دەکرد. 

هاوکاری دەوڵەتی:  ئەوەیە کە راستەوخۆ دەوڵەت کۆمەکی زۆری ئەو بەرهەمە شانۆیانە دەکات کە بە تایبەتی نووسەرو دەرهێنەرەکەی تونسی بن. ئەوەش بۆ بەرەوپێش بردنی کاری نوسینی تێکستی  شانۆی تونسیە، پاڵیشیدا بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی دەرهێنەر لەو وڵاتەدا زۆر بن و پشت بە دەرهێنەری فەرەنسی یان وڵاتانی تر نەبەستن. 

هاوکاری زاتی: ئەوەیە کە ئەو گروپە زۆربەیان تونسی بن گرنگ نیە نوسەرەکە تونسی بێت یان دەرهێنەرەکە. ئەوەش لەرێگای فەرهەنگخانەکانەوە هاوکاری دەکرێت. یان سەرۆکی ئەو گروپەداوای هاوکاری لە هەندێک شەریکەی هونەری دەکات. مەرجی هاوکاری حوکمەت لەرێی فەرهەنگ خانەکانەوە ئەوەیە کە رەنگە لە ساڵێکدا 20 نمایش بکات، دەوڵەت شوێنی نمایش و پێشکەشکردنی بۆ دیاری دەکات بەڵام لەیەک شوێن نا، بەڵکۆ دەبێت هەر جارەی یان هەرهەفتەی لە گەرەکێک کە فەرهەنگ خانەی تێدایە نمایش بکەن وە بەتایبەتی  لە گەرەکە هەژار نشینەکان. واتە نمایش تەنها لە هۆڵێکدا و بە چەند رۆژێک نمایشکردن قەتیس ناکرێت، بەردەوام لە جوڵەدان، وە هەر فەرهنگی خانەیەک لە هەفتەیەکدا چەند نمایشێکی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، هار جارەی گروپێک نمایش دەکات. خەڵکەکە بەردەوام نمایش دەبینێت.

 
جۆری سێەم: شەریکەی هونەری هەیە کە هەم کاری ریکلام و بڵاوکردنەوەش دەکات هەم فیلم و زنجیرەی تەلەفیزیۆنی بەرهەم دەهێنێت هەم شانۆش نمایش دەکەن. ئەم شەریکانە، خۆیان دەستنیشانی ئەکتەر، دەرهێنەرو نوسەر دەکەن. بەشداران کرێی خۆیان مانگانەی خۆیان وەردەگرن و دەزگا هونەریەکە رۆژی نمایش و شوێنی نمایش چەند رۆژ بەردەوام بێت دەستنیشان دەکات. وە هەر هەفتەی لە شوێنێکیش نامیش دەکەن، بەتایبەتی گەرەکە دەوڵەمەندەکان. 

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە هەر بابەتێک، نمایشێک بەرهەمەکەی ئاراستەی پێگەیاندنی منداڵان بێت، مەلەفی ئەو گروپو نمایشە دێتە سەرەوە بۆ وەرگرتنی کۆمەکەی دارایی.
 
لەم گەشتەشمدا هەندێک هاورێ و تازەو ئەکتەرو دەرهێنەری تازەم ناسی لە پێش هەمویانەوە  سەمیرە بوعمود، کەسێکی میهرەبان و ئەکتەرێکی وریاو دەرهێنەرێکی جدی بوو، توفیق بەحری ئەکتەرێکی تا بڵێی وریاو زیرەک. گۆرانی بێژ و مامۆستای ئەدەبی فەرنسی  سامیە بوقرە و بیلالی هاوسەری و شانۆکار انس العبیدی.


16/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر