حزب‌و ئاراستەی سیاسی جیاوازمان بۆ چیی ئەگەر هەموان شوێن هەمان ئاوازی بارزانی بکەون؟

سەرکەوت شەمسەدین


خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دا چەندین حزب و کاندیدی جیاواز دێتەبەردەستیان تا لە نێوان ئەواندا ئەو کەس و لایەنە هەڵبژێرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندی و بیرکرنەوەی ئەو دا دەگونجێت، کەسانێک کە دەڵێن ئێمە جیاوازین و  کار بۆ (ا، ب،ج) دەکەین لە پەرلەمان یان لە حکومەت.




بەڵام دوای هەڵبژاردن زۆر جار جیاوازییەکان نامێنێت، بەتایبەت لە روئیا و ستراتیژی کارکردن هەموان دەچنەوە سەر یەک فەلسەفەی کارکردن و دەنگدەر خیانەتی لێدەکرێت.


ئەم لێکچونە هێندە رون دەبێت ئەگەر وتار و لێدوانی فڵان پەرلەمانتار یان فڵان سەرکردایەتی لە حزبی (أ) ی ئۆپۆزسیۆن دەربارەی پرسی کورد لە عێراق، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد، پرسی نەوت و موچە  دابنێی و ناوی کەسی لێ نەدەیت، خەڵک وادەزانن ئەوە لێدوانی بەرپرسێکی پارتی یە، یان پەرلەمانتارێکی قەومی سەرلێشێوای یەکێتی یە.


لە راستیدا خەڵک کە گوێی لە لێدوانێک بوو، یان وتەی سیاسییەکی بینی و نەیزانی ئەمەهیدەسەڵاتە یان ئۆپۆزسیۆن ئەوە خەلەلەکە هی خەڵک نییە، خەلەلەکە هی ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن یان درۆی لەگەڵ خەڵک کردوە، یان سەریلێشێواوە، بۆیە هەموان وەک یەکیان لێدێت، تەنیا رەنگی ئاڵاکانیان جیاوازە.


جیاوازی و بونی روئیای  بەدیل بنەمای کێبرکێی سیاسی سەرکەوتووە، بابەتەکەش ئە وە نییە من (سەرکەوت)زۆر کەشخەم و کورێکی دەستپاکم و دژە گەندەڵیم و ئیتر چیرۆکەکە لێرە کۆتایی بێت.


نا، ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە خەڵک دەیەوێت بزانێت تەرحی من چییە و چی جیاوازە لەگەڵ پارتی و یەکێتی؟ 


خەڵک ئەگەر ببینێت منیش وەک پارتی و یەکێتی خەریکی وەهمی قەومیم، و بەغداد ئەکەم بە ئەژدیها و پشتیوانی "گۆشتی لارانی خۆم ئەخۆم
لە منەتی بەغداد باشترە،"  یان کەرکوک بە داگیرکراو ئەزانم بەڵام هەولێر و دهۆکم پێئازادە (لە کاتێکدا بە فعلی لەژێر ئینتیدابی تورکی دایە)، ئیتر کاری بە من چییە؟


ئێمە لە سەرەتای کارکردنمان لە پەرلەمان لەسەر بنەمای بەڵێنی هەڵبژاردن (کە بریتی بوو لە رێکەوتن لەگەڵ بەغداد و دژایەتی سیاسەتی قوماری نەوتی بارزانی وەک ستراتیژی بەدیل و دەستوری)، لە ئێستاش پێکەوە و بەهەوڵی هەموان کاری گروپ و هاوبەشمان لە نێوان دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن پەرەپێداوە بەو ئومێدەی روئیای بەدیل پێشبخەین، نەک چاوەروانی مەسرور/قوباد بین هەتا مەرحەمەت بنوێن و چۆرێک نەوت رادەستی بەغداد بکەن یان نا، دواتر ئێمەش لە میدیا بۆڵە بۆڵ بکەین.


خەڵک لە ئێمە باشتر ئەزانێت بەغداد سویسرا نیە، بەسرە ئەمستردام نیە، سیستمی سیاسی عێراق ئەوەی کەنەدا نیە.


بەڵام خەڵک ئێمەی کردۆتە نوێنەری خۆی هەتا وەک تەواوی عێراقییەکانی تر لانیکەمی مافە دارایی و دەستورییەکانی بپارێزین لە بەغداد، حیواربکەین و پەرە بە پێکەوەژیان بدەین و رێگربین بەغداد ببێتە جێگەیەک دژ بە کود، هەوڵبەین هاوڵاتی ئێمە لە چوارچێوەی دستور ژیانێکی شکۆمەندانە بژی. 
خەڵک ئێمەی نەناردۆتە پەرلەمان تا بەغداد بکەینە دەخیلەیەک تا موچەی باشتری پێوەرگرین بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ ئەرکێکی سەخت ناردوینی کە لە بری ئەوان ئەنجامی بدەین!


خەڵک ئەگەر بەدوای قەومەچێتیدا بگەرایە بۆ ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرێت؟ 
 

01/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر