"هەرچی گۆڕانکاری‌و شۆرشە، سەرەتا بچوک‌و کەمینە بوون"

شاسوار عەبدولواحید


مێژووی ئەوروپا، بە کلاسیک و مۆدێرنیەوە پڕە لە نموونەی ئەو هێز و حیزبانەی کە لەسەرەتاوە تەنها کەمینەیەک بوون و بەڵام دواتر نەک هەر بەهێزبوون و بوون بە زۆرینە، بەڵکو دەسەڵاتیان گرتۆتەوە دەست. بۆنموونە، 


سەرەرای سەرنج و تێبینیی وەک کارە قێزوونە نامرۆڤایەتیەکەی، بەڵام ئەزمونی سیاسی پیاوێکی وەکو هیتلەر و حیزبی نازیەکان لە ساڵی 1924 کە لە زیندان هاتە دەرەوە و لە هەڵبژاردندا بەشدارییکرد و تەنها رێژەی 3%ی هێنا. 


دوای 4 ساڵ لە هەوڵی بەردەوام و ماندووبوون، کە بە تیکڕا خۆی و پارتەکەی رۆژی 3 سیمیناریان دەبەست(واتە هەزار سیمینار لە ساڵێکدا)، بەڵام دوای چوارساڵ لە هەوڵدان لە هەڵبژاردنی 1928دا رێژەکەی لە 3% دابەزی بۆ 2,6%. 


دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 1930 رێژەکەی بوو 18%، دواتر لە هەڵبژاردنی ساڵی 1932 رێژەکەی بوو بە %37%. دوای هەموو ئەمانە و لە کۆتایی هەمان ساڵدا فشاریانکرد و هەڵبژاردنی پێشوەختە سازکرا، بەڵام نەک رێژەکەی زیاد نەکرد، بەڵکو بوو بە 33%, بەڵام لە ئەنجامدا و لە هەڵبژاردنی ساڵی  رێژەی 44%ی بەدەستهێنا و بوو بە حیزبی یەکەم لە ئەڵمانیا.


لینین کە گەرایەوە بۆ روسیا و لەگەڵ پارتەکانیتر گفتوگۆیان دەکرد و خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکرد، هەمیشە دەیگوت ئێمە لوتکەی دەسەڵات دەگرینە دەست، بەڵام کاتێ لە ساڵی 1912 هەڵبژاردنکرا حیزبەکەی لینین یەکەم بوو لە دوای دواوە (واتە بچووکتریین و خراپتریین حیزب بوو)، بەشێوەیەک تەنها ڕێژەی 2% ی بە دەستهێنا و هەموان گاڵتەیان پێدەکرد. بەڵام دوای پێنج ساڵ شۆرشی بەلشەفیەکانی لە 1917ی بەرپاکرد و ئیمپراتۆریەتی قەیسەری روسیایان روخاند.




پارتیەکان کە سەرەتا لە کوردستان دەستیان بە سیاسەت کرد، کەمینەیەکی زۆر بچووک بوون لەچاو شیوعیەکاندا، بەڵام دواتر شیوعیەکان بوونە کەمینە و پارتییش بوو بە زۆرینە.


 یەکێتیەکان کە لە پارتیی جیابوونەوە، لە سلێمانیی خەڵک بەردبارانی دەکردن و جێگایان نەدەبۆوە. تا دواتر لە بەکرەجۆ و لە پاڵ حکومەتی عێراقیی جێگیر بوون. بەڵام سەردەمانێک لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکان یەکێتیی هەموو کوردستانی لەژێر رکێفدا بوو، شەری لەگەڵ ئێران، عێراق، بەرەی جود (پارتیی و شیوعیی و سۆسیالیست)، پاسۆک و هەمواندا دەکرد و بەو هەموو وڵات و حیزبەوە دەرەقەتی یەکێتیی نەدەهاتن، تا حکومەتی عێراق ناچاربوو لە ساڵی 1984 مفاوەزاتی لەگەڵ بکات.


بەکورتیی دەمەوێ ئەم دیدگایە جێکەوت بکەم، ئەوەی بڕیار دەدات تۆ گەورە دەبیت یان نا، تەنها ئیرادەی خۆت و کۆڵنەدانت و پشودرێژیتە. هەرچی شۆرشی گەورە و گۆڕانکاریی گەورە لەمێژوودا هەن، تەنانەت پێغەمبەرانیش کە هاتوون، سەرەتا کەمینە بوون، دواتر بوون بە زۆرینە، کەواتە لەبری ئەوەی بە قۆشمە و پێکەنینەوە لەوە بڕوانین کە جوڵانەوەیەکی سیاسیین  و گوایە بجوکین و چەند پەرلەمانتارێکمان هەیە، لەبری ئەوە پێویستە سەرنجمان لەسەر ئەوەبێ لەگەڵ ئەم چەند گەنجەدا چۆن ئەو هەموو حیزبەمان ئیحراج کردووە و نمونەیەکی جوان و جیاوازمان پێشکەشکردوە لە خۆنەویستی و رەتکردنەوەی ئیمتیازات و بەرژەوەندی و هەروەها دروستکردنی کێبڕکێ،لەکاتێکدا ئێمە دوو ساڵە کاری سیاسی دەکەین و ئەوان زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە کایەکەدا بونیان هەیە و گوایە سیاسەت دەکەن..

23/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر