شاری بێ لوتان

سەردار عەزیز


ئەو بەیانیە لە بەردەم کاسۆ مۆڵ، بەرامبەر مزگەوتی گەورە، سەرم بەرزکردوەوە، حەشامەتێکی گەورەم بینی،  بەبێ لوت. سەرەتا حەپەسام، پاشان چاویلکەکەم داگرت و بە قۆڵم پاکم کردەوە، کە لە چاوم کردەوە، دیسانەوە هەمان شتم بینی، نەموێرا بە پیاوە پیرەکەی تەنیشتم بڵێم، نەبا وەها تێبگات کە تێکچووم. شاری سلێمانی حەزی لەوانەیە کە رەقەم ئەبەستن. حەشامەتەکە کە بە هێواشی دەڕۆشتن هەمویان لە جێگای لوتیان پارچەیەک پلاستەر دانرابوو. چۆن دەبێت شارێک هەمووی بێ لوت بێت، بۆچی خەڵك لە لوت بێزاربوون و شۆڕشیان دژی بەرپاکردوە. تۆ بڵێی شۆرش دژ بە هەموو شتەکانی تر شکستی هێنا، ئیتر خەڵکی رویان کردوەتە جەستەیان. ئەی لوتی داماو بۆ. بیرم بۆ گۆگۆلیش چوو.
لە  سەدەی نۆزدە  نیکۆلیا گۆگۆل لە سان پیترسبۆرگ  دەژیا. ئەو لوتێکی ناقۆڵای هەبوو، لە نێوان ساڵانی ١٨٣٥ و ١٨٣٦دا چیرۆکێکی سوریالی دەنوسێت بە ناوی لوتەوە. وەک گریگۆری سامسای کافکا، بەیانییەک  ئیڤان یاکۆڤێلڤیچی سەرتاش لە خەو هەڵدەستێت و لوتی لێبوەتەوە و بۆخۆی ژیانێکی سەربەخۆی هەڵبژاردوە. بەڵام ئەم جودابونەوەی لوتی هەزاران کەس لە سلێمانی چیرۆکێکی ترە.
لوت جێگایەکەی تایبەتی هەیە لە کەلەپوری کوردیدا. لوت بڕین جۆرێکە لە سزا، نەک تەنها وەک سزایەکی جەستەیی بەڵکو هەروەها وەک سزایەکی سیمبۆلی و ئیستاتیکی و کۆمەڵایەتی. لوت ئەو جێگایەیە کە بە ئاسانی ناتوانرێت بشاردرێتەوە، بەو مانایە کاتێک کەسێک سزا دەدرێت بە لوت بڕین، لە پاڵ بڕینی جەستە، هەروەها هەوڵی ئەوەش دەدرێت کە سزایەک بێت کە بەردەوام و ڕۆژانەبێت، هەرکاتێک کەسەکە کەسێکی تر دەبینێت، خۆی لە بەردەم ئاوێنەدا دەبینێت، ڕومەتی بەرەو ڕووی دەبێتەوە. ئەم بە دوژمن بوونی ڕومەتە گەورەترین سزایە.
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بنەمای ئەو دیدە دابڕێژین کە دەستکاری یان جوانکاری لوت، هەوڵێکە بۆ ئامادەبونێکی باشتر. لەم ڕوانگەیەوە، پرسی دەستکاری جەستە هەوڵێکە بۆ نوێنەرایەتیکردن. خود وەک ئەوەی خۆی دەخوازێت وێنای خۆی بکات، دەیەوێت لە ڕێگای پرۆسەی جوانکارییەوە، لە چاوی ئەوانیتردا ببینرێت. ئەمە یەکەم بنەمای پەیوەندیکردنە، نەک تەنها بە ئەویترەوە بەڵکو بە خودیشەوە.
جوانکاری لوت، ڕەهەندی تری زۆرە، جگە لە لاساییکردنەوە. دیارە دەکرێت ساتێک لە مۆدە یان لاساییکردنەوەکە بنواڕین. مۆدێلەکە لە ئێرانەوە هاتوە. شکانەوەی کۆمەڵگای ئێرانی بە سەر خۆیدا، نیشانەی شکستی ئەو کۆمەڵگایەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا. من کە ناتوانم کۆمەڵگایەکی ئازاد بەرهەم بهێنم، ئەوا با خۆم ئازاد بکەم، یان کە ناتوانم کۆمەڵگایەکی جوان فەراهەم بکەم ئەوا با خۆم جوان بکەم.
دەکرێت ئەمە وەک هەنگاوێک بە ئاراستەی سەرهەڵدانی تاک دابنرێت. هەرچەندە ئەم ئاراستەیە قەیراناوەییە کاتێک ئەوەی دەگوزەرێت زیاتر رێتمێکی دەستەجەمعییە، لە بڕی تاکایەتی، بەڵام تاک بوونە لە میانەی کۆدا، یان وەک ئەوەی تر بوونە. دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین، کاتێک مۆدێرنە جەخت لە سەر تاکێتی و ئۆتۆنۆمی دەکاتەوە، لە هەمانکاتدا بە ڕەوتێکی زۆر توندتر هەوڵی یونیفۆرم و یەکخستن دەدات. کردنی دونیا بەیەک، یان وەکو یەک، پرۆژەیەکی گەورەی مۆدێرنە و ڕۆژئاوابوە لە هەموو ئاستێکدا.
 بەڵام لە ژێر ئەم رێتمە لاسایی و وەک یەک بوون و یونیفۆرمەدا وەک هەمیشە پرۆسەیەکی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیش دەگوزەرێت. دەستکاری جەستە کارێکی نائاینیە، یان عەلمانییە. کۆمەڵگا بێلوتەکەی ئەو بەیانیە لە سلێمانی ڕەنگە زۆرێکیان سەریان لە مزگەوتی گەورە دابێت بۆ نوێژ، بەڵام ئەوەی پێی هەستاون کارێکی تا سەر ئێسقان عەلمانیە. جەستە بە باشترین شێوە دروستکراوە و جەستە پیرۆزە، وەک لە ئایندا هاتوە. جەستە بەرجەستە بوونی ئەندازیاریی خودایە، بۆیە دەستکاریکردنی ڕاستەوخۆ دەستکاری کردنی کاری خودایە. بەم پێیە ئەوەی دەگوزەرێت دەتوانین ناوی بنێین ئەوەی کە خودا بە مۆدێلی کۆن لوتی دروستکردوە. ئەمە بەبێ گومان ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی بەرخۆری خودەوە. چیدی خود بریتی نیە لە یەکەیەکی نەگۆر، قەڵایەکی سەخت، بەڵکو بریتیە لە یەکەیەکی شلی بەردەوام گۆراوی بەرهەمهاتوە.
لوتێکی جوان سیمبولی کۆمەڵێک دژایەتییە:
یەکەم، مرۆڤ دەکرێت جوان بێت وەک ئەندازە. ئەمە بۆخۆی دژ بە ئەو دیدەیە کە مرۆڤ بە کار و هەڵسوکەوتەکانی جوان دەبێت.
دووەم، جەستە لە بڕی کایەیەکی دووەمی، وەک خانەی ڕۆح یان هەڵگری ڕۆح، ڕۆڵێکی بنەڕەتی وەردەگرێت. لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردی بە کۆمەڵگایەکی ئاینی دەمێنێتەوە بەڵام جەستە، کە هەمیشە لانکەی خراپەیە وەک ئارەزوو و شەهوەت، لە پڕ دەبێتە یەکەیەکی باڵاتر لە ڕۆح. هەرچەندە زۆرێک لە ئێمە ئەهلی مزگەوتە، بەڵام سەردەمی ڕۆح کۆتایی پێهاتوە. دیارە لوت جوانکردن ڕەنگە لە ڕەگە ئێرانییەکەیدا ڕەهەندێکی دژ ئاینی تیادابێت.
سێیەم، لە کاتێکدا قسە زۆر لە سەر سیاسی بوونی کۆمەڵگای کوردییە. بەڵام باڵایی جەستە و بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی سیاسەتی جەستە، نەک سیاسەت وەک ئاکتێکی کۆمەڵایەتی. ئەمە سەرەتای بە شمەک بوونی خودە. ئەم جۆرە لوتەم ناوێت،  بێ زەحمەت لوتێکیترم بۆ دابنێ.
چوارهەم، بڵاوبونی تەکنەلۆجیای پەیوەندی و کاریگەری لە سەر تێگەیشتن لە جوانی، یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. چۆن جوان بم بۆ سناپ و فەیس-بوک و پرۆفایل و تەلەفزوێن و زۆر پانتایی تر.
کاسۆ مۆڵم جێهێشت و چووم بۆ مزگەوتی گەورە، لەوێ  دەستێکم لە لوتم دا و بۆ هەمیشە وون بووم.

18/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر