هێزی نیشتیمانیتان باش

ئەیاد برایم

كاتێك باس لە هێزی نیشتیمانی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان سەرنجت دەچێتە سەر چەند هێزێكی سەربازی جۆراوجۆر، واتا ئەو هێزانەی هەیە هێزی چەكداری حزبین نەك هێزی سەربازی ڕێخكراو یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 
لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئەم هێزانە بڕیار لە حزبەوە وەردەگرن نەك حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار.

 
ئەوەی لێرەدا ئەمەوێت ئاماژەی پێ‌ بكەم پڕۆژەی بە نیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 
هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان بە گرنگیەوە باسی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەیان دەكرد تەنانەت هەندێك حزب وەك مەرج بەكاری دەهێنا بۆ بەشداریكردن لە حكومەت ، پێیان وابوو دەبێت ئەم هێزانە یەكبگرێت و بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ، هەروەها ئەو دەوڵەتانەی ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی (ئەمریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا) بەردەوام هاوكار بوون بۆ یەكگرتن و ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگە ، بە تایبەتی لە ڕوی لۆجستی و بە دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و ڕاهێنان.

 
بەڵام ئەوەی گرینگبوو بكرێت بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو پێش هەموو شتێك دڵنیایی تەواو بدرێت بە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی كوردستان كە ئەم هێزانە لە داهاتوودا بۆ بەرژەوەندی گشتی و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی بەكاردێت نەك بۆ بەرژەوەندی حزب و كەسی. پێویست بوو پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەموو لایەك ئەم دڵنیایەی بدایە ، چونكە زۆربەی جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە وە خۆی خاوەنی هێزی سەربازیە . بەڵام ئەم ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوەمان پێدەڵێت ئەقڵیەتی حوكمڕانی لای پارتی بەكارهێنانی هێزە، لەڕابردوودا پارتی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسی چەندین جار ئەم هێزەی بەكارهێناوە وەك (سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو و دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان و ڕێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و ڕێگریكردن لە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ،دواجاریش ڕێگریكردن بوو لە مەحمود سەنگاوی بۆ چوونە ناو هەولێر ،لەكاتێكدا جگە لەوەی ئەندامێكی حزبێكی گەورەیە فەرماندەیەكی پلە باڵای سەربازیشە.

 
هەركات ئەم ڕووداوانە ڕودەدەن بەداخەوە گوێ بیستی چەندین كاردانەوەی خراپ دەبین ، جگە لە تەقەكردن لە بارەگاكانی یەكتر باسی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ دەكرێت وەك ئەوەی پێش زیاتر لە 20 ساڵا ڕوویدا لەنێوان ئەم دوو حزبەدا. ئەبێت بڵێین خۆش بەختین ئەم سیاسیانە بوونەتە بازرگانی گەورە ! چونكە هێندە بەرژەوەندی ئابووریان تێكەڵا بووە ڕوودانی شەڕ ئەگەرێكی قورسە. ئەوەی جێگەی سەرنجە دەوڵەتانی وەك (ئەمریكا و ئەڵمانیا و بەریتانیا) لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵا حزب و لایەنە سیاسیەكاندا نەیان شاردووەتەوە ترسیان هەیە ئەم هێزانە لەداهاتوودا یەكبگرن و یەكبخرێن دواتر لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەكاربهێنرێت بۆ لێدانی حزبە منافەسەكانی ناوخۆ و بەتایبەتی ڕوبەروبونەوەی لەگەڵ سوپای عێراق هەروەها بۆ بەشداری پێكردنی لە شەڕی هەرێمیدا.

 
لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە هەموو ئەم حزب و لایەنە سیاسیانە بە هەڵەدا چوون كاتێك باس لە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەن وا بەئاسانی ،لەبەر ئەوەی تا ئێستا عەقڵیەتی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان عەقڵیەتێكی خێڵا گەرایی یە نەك حوكمڕانیەكی دیموكراسی تەندروست. تا ئاسایشی تاك فەراهەم نەكرێت و ئازاد نەبێت، مەحاڵە ئاشتی ناوخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی فەراهەم بكرێت.



22/09/2019



وتارەکانی تری نوسەر