دوا ئۆفەری ئەمەریکا بۆ تورکیا لەبەر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی

عادل عەلی

 هەر فاکتەرێکی لە پشتەوە بێت یان هەر لە بەرژەوەندییەکی تایبەتی ئەمەریکاوە سەرچاوە بگرێت لەمەڕ دوایین بەخشیشی  بۆ دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی دیاری پارتی کرێکارانی کوردستان و پێشکەشکردنی بە تورکیا،ماییەی ئەوەیە هەڵویستەی 

وردی لەسەر تەواوی رەهەندەکانی بڕیارو ئۆفەرە تازە بکرێت..

ئەو یاسایانەی کە تایبەتمەندن بە بەتیرۆرو لە لایەن دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی گشتی وەک یەکێک لەکاراترین وبەرچاوترین دەزگای سەربەو رێکخراوە دارێژراوەو کراوەتە بڕیارو بەڵگەنامە،پاکێجێکە لە کۆمەڵێک مەرج و بەندورێوشوێنی دیاریکراو کە خۆی لەخۆیدا بە ژمارەیەک فیلتەردا تێپەڕ ئەبێت و دەدرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە.دوای بەدوای ئەوەی کە دەکرێت بە پرۆژە بڕیار پیویستی بەوەیە لانی کەمی کدەنگیەکی بۆ دروست بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە هەرێمی جیهانییەکان پاشان بڕیاڕ لەسەر ئەوە دەدرێت کە هێزێک بە پێناسەیەکە سروشتی تیرۆریستی دەیگرێتەوە دەخرێتە لیستە رەشە بێزراوەکەوە.هەرکاتێکیش هێزێک یان لایەنێک بخرێتە لیستی تیرۆرەوە ئەڵبەتە کاریگەری و قورسایی ماددی و مەعنەوی دروست دەکات لەسەر کۆی چالاکی هەر هێزو جولانەوەیەکی سیاسی...

لەساڵی ۱۹۹۷ وە پارتی کرێکارانی کوردستان لەبەر خاتری دەوڵەتی تورکیا بەبێ ئەوەی بنە یاساییە بڕیار لێدراوەکان بیگرێتەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە..چونکە ئەو هێزە سیاسیە کە لە ساڵی ۱۹۷۸وە دروستبوونی خۆی راگەیاندووە ئامانجە رزگاریخوازەکانی روون و ئاشکرا بووە کە لە ئەنجامی چەوسانەوەی نەتەوایەتی و پیادە کردنی سیاسەتی شۆنیستیەوە سەرچاوەی گرتووەو تەنانەت لەساڵی (۱۹۸٤)یش کە بەناچاری خەباتی چەکداری دەستی پێکرد ئەو پارتە دژی زوڵم و ستەم و بێدادی بووە...کەلەراستی بە پێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافیمیللەتانی ژێر دەستە رێگە پێدراوەو بەکارێکی رەواو مافێکی سروشتی سەلمێنراوە...دەرکردنی ئەو بڕیارە دەرحەق بە هێزێکی وەکو پارتی کرێکارانی کوردستان پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی گەلێکی بندەست بوو لەباکوری کوردستان..چونکە هەربە پێی ئەو یاسانەی تایبەتە بەتیرۆر جیاکاریکراوە لەگەڵ بزوتنەوە رزگاریخوازی مرۆڤایەتیەکان و تەنانەت بەچەکداریشەوە،لەگەڵ هێزە تیرۆریستیە ئینسان کوژەکانی تر کە ئامانجیان یان هەر دیار نیەوشاراوەیە یان هەر بێ ئامانجن.هەربۆیە مامەڵەکردن لەتەک ئەو یاسایانەدا مامەڵەیەکی سیاسی بەرژەوەندیخوازی بووەو کەمتر مۆرکی مرۆییانەی پێوەدیاربووەو بەشێوازە دوو فاقییەکە بەردەوام کاری پێکراوە بەتایبەتی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا زلهێزو بریاردەری سەرەکی بووە.

ئەمەریکا لەسەرخواست داوای تورکیا کە هاوپەیمانییەکی ستراتیژو دێرین و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە یان بووە لەرۆژهەڵاتی ناوەراست ومشتەری و کڕیاری سەرەکی گەورەی چەک و کەرەسەی سەربازی ئەمەریکایە،بەجۆرێک کە پێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە لەساڵی ۱۹۹۲_۱۹۹۹چوار بەرابەر رێژەی کرینی کەرەسە جەنگی و سەربازییەکانی ئەمەریکا لە لایەن تورکیاوە زیادیکردووە بە بەراورد بەساڵانی ۱۹٥٠__۱۹۸۲.

لەبەررۆشنایی هەموو ئەو بەرژوەندی و دەستکەوتانەو چەندین بەرژەوەندی ترلەساڵی ۱۹۹۷ ئەمەریکا جەختی کردەوە کە دەبێت  .پارتی کرێکارانی کوردستان بخرێتە ریزبەندی لیستی تیرۆرەوەئ ئەگەرچی ئەو بڕیارە لەسەر ئاستی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و جالییەی کوردی لە ئەوروپا نارەزایەتی و خۆپیشاندانی زۆری لێکەوتەوە بەڵام هیچی کاریگەری لەسەر پاشەکشەی بریارەکە نەبوو،وەڵامەکانیش بۆ داخوازییەکان  جێگای بروا نەبوون و زۆر بێ بنەماو کلاسیکی بوون دەرحەق بەجوڵانەوەی رزگاری نیشتمانی لە باکوری کوردستان..

ئەو بیانوو بەهانانەی ئەمەریکا بۆ خستنە نێو لیستی لیستی تیرۆری پارتی کرێکارانی کوردستان هیچ شەرعیەتیکی یاسایی نەبوو لەگەڵ بنەماکانی یاسای تیرۆرو ئەمنی قەومی ئەمەریکا نەئەهاتەوە.بەڵکو بەئاشکرا خاترگرتنێکی تورکیای هاوپەیمانی بوو.چونکە بەپێی ئەو پێوەرانە کەوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەمەڕ رێکخراوە تیرۆریستیەکان بڵاوی کردۆتەوە ناگونجێت هەروەک ئاشکرای کردووە:

_دەبێت ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە بیانیانە لەریزی هیزە تیرۆریستیەکاندا بن کەجوڵەو چالاکیەکانیان هەرەشەو مەترسیە بۆ سەر هاوڵاتیانی ئەمەریکاو ئەمنی قەومی..کە پیویستە دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوە بە بەڵگەو دیکۆمێنت بیسەلمێنێت.

کەواتە بەپێ ئەو پێودانگە بێت پارتی کرێکارانی کوردستان ناچێتە خانەی ئەو چوارچێوە بڕیار لێدراوانەوە.لەمێژووی کارکردی خۆیدا هیچ جوڵەو چالاکییەک کە بەمەستدار بێت و هاوڵاتی ئەمەریکی بە ئامانج گرت بێت بوونی نەبووە.بە پێچەوانەوە خودی تورکیا بووە کە دژی ئامانجەکانی ئەمەریکا هەڵسوکەوتی کردووە بەتایبەت لەسەردەمی ئاک پارتی و ئەردۆگانا.تورکیا لەسەردەمی حوکمی ئەردۆگاندا بەئاشکراو پێجەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا جوڵاوەتەوە بەکردەوش ئەوەی کردوە بەتایبەتی لە کۆسوڤو سوریاو تەنانەت لەبەردەم کۆشکی سپیدا بە بەرچاوی دنیاو خودی ئەردۆگانیش پەلاماری خۆپیشاندەرانی کوردییان داو بەسەختی برینداریان کرد تا رادەی مردن.

هەرچەندە نەتەوە یەگرتوەکان چەردەیەک لە عورف ویاسای نێودەوڵەتی گەورەیدیاریکردووە لەسەر شێوازەکانی خەبات و دانیپێداناوەو بەمافێکی رەوای دەزانێت بۆ میللەتان  سەبارەت بە ئازادی بەدەستهینانەوەی مافەکانیان بۆ نمونە  خەباتی خەلکی فەلەستین و باشوری ئەفەریقاو...هتد.

هەروەک بڕیاڕی ۳۷/٤۳ کە کۆمەڵەی گشتی وەک یەکێک لەدەزگا گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەدایرشتووە لەساڵی ۱۹۸۲ بە ئاشکرا باس لە ماف وداخوازی میللەتان ئەکات بۆ رزگاری لەدژی داگیرکاری و بێدادی بە هەموو فۆرمەکانی خەبات تەنانەت بەخەباتی چەکداریشەوە بۆ بەدیهینانی مافی چارەی خۆنوسین.

هەربۆیە ئەگەر بەپێی ئەو پێوەرانە بێت پارتی کرێکارانی کوردستان ناچێتە نێو ئەو چوارچێەوەو لە جیاکارییەکاندا دورە لەوەی هێزێکی تیرۆیستی بێت.دوابەدوای هەموارکردنەوەو دەرکردنی بڕیاری نوێ سەبارەت بە دیاردەی تیرۆریزم لە جیهاندا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی کە دەزگایەکی کارای جێبەجێکارە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ۳/٦۸ دەرچوو کە چەندین پێناسەو پێوەرو رێوشوێنی تۆکمەو کۆنکرێتی دیاری کردووەو لەخۆگرتووە،کەهەرگیز هێزێکی وەکو پارتی کرێکارانی کوردستان ناگرێتەوەو دورە لەو پێناسەو پێودانگانە..

لەساڵی۱۹۹۷وە بەردەوام لەسەر ئاستی جیهادا هەوڵەکان بەردەوامن کە هەندێک لە حزب و لایەنانە لە لیستی تیرۆر بهێنرێنە دەرەوە بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕیی بارودۆخ و دروشم و ئامانجەکانیان یەکێک لەوانە پارتی کرێکاران بووە بەڵام بۆ ئەو پارتە بێ سود بووە.هەرچەندە رکابەرەکەی کە دەوڵەتی تورکیا بووە زیاتر کردەوەی تیرۆریستی بەرامبەر میللەت و پارتەکەو  تا کار گەیشتە ئەوەی بە شێوازێک دور لە عورف و یاسای نێو دەوڵەتی لەساڵی ۱۹۹دا رابەرەکەی عەبدوڵا ئۆج ئالان لە نایربییەوە بە پیلانێکی نێو دەوڵەتی  هەواڵگریی رادەستی تورکیا ئەکرێتەوە.کە ئەم کردەیەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە چونکە لە کاتێکدایە کە لە تورکیا هێشتا یاسای لە سێدارەدان کاری پێدەکرێت..

لەچوار ساڵی رابوردووی شەڕی تیرۆردا کە ریزبەندییەکی جیهانی دژی بەڵای داعش بەردەوام بووە پارتی کرێکارانی کوردستان لەبەرە دژە تیرردا بە شێوازی مەیدانی و پراکتیکی بەشدار بووە هەم لە تورکیا هەم لەعراق و سوریاش..لە پرۆسەی ئاشتی تورکیاش ئامانج و پەیامی پارتی کرێکاران روون و ئاشکرا بوو کە پاشەکشەی بەهەموو هیزەکانی کردوو ئاگربەستی راگەیاند کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ هیزیکی سیاسی چەکدار..ئامانج و پەیامەکان پارتی کریکارانی کوردستان ئەو ماوەیەش کە بەشداری جەنگی تیرۆری کردووە ماییەی ئەوەیە کە چاوێک بە بریاری لە لیستی تیرۆرا بوونە ئەو پارتە بخشێننەوە.کەچی بە پێچەوانەوە ئەمەریکا لە نوێترین بریاریدا وەکو ئۆفەرێک بۆ تورکیا بریاریدا کە بڕی ۱۲ ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ دەسگیرکردنی سێ کەس لەسەرکردە دیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(جەمیل بایک ،موراد قەرەیلان،دوران کالکان).

بەدەر لە رۆچوونە نێو وردەکاری و فاکتەرەکانی دەرکردنی ئەم بڕیارە لە روی کات و هەلومەرجی بابەتی ئەم قۆناغە هەم ب تورکیاو هەم بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش..بەڵام لەراستیدا خاترگرتن و ئۆفەرێکە بەئاشکرا پێشکەش بەتورکیا ئەکرێت بەو پێیەی کە تورکیا تاکو ئیستا پێگەی بەهێزە وەکو هاوپەیمانێکی لە مێژینەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کە بێ ئالتەرناتیڤە..بەم کارەش ئەمەریکا گەرەکیەتی مەیلخوازی تورکیا بۆ روسیاو ئیران کەم بکاتەوە یان کۆتایی پێبهێنێت.لەسبەینێی پلانەکانی ئەمەریکا لەسوریا دەستی تورکیا کورتر بکاتەوە.هەروەک بەم هەڵویستەی لەبەرامبەر تورکیادا ئەمەریکا لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ هاوپەیمانییە ستراتیژە دێرینەکەی و دەیکاتە سەرەتایەک بۆ مامەڵەو هەڵویست و میکانیزمێکی نوێ.هەروەها بۆ بەردەوامی دان و هێشتنەوەی تورکیایە لەنێو بازنەی هاوپەیمانی دورخستنەوەیەتی لەنێو بازنەی بەرژەندی روسیاو ئیران.لەلایەکی تریشەوە پێدەچێت گەمەیەکی سیاسی و جیاکردنەوەی یەکینەکانی پاراتنی گەل(یەپەگە) بێت لە پەکەکە و ئەو وێنەیە بداتە تورکیا کە هاوکارییەکانی ئەو هیزە سوریا مانای نزیکایەتی هاوکاری پەکەکەنیە..هەرچەندە تورکیا لەراستای دەرکردنی ئەو بریارەدا پێشوازییەکی گەرمی لێ نەکردووە بەپێچەوانە هەندێک جار بە تەوسەوە رایان گەیاندووە ئەگەر ئەمەریکا لەو بریارەیدا راست بکات ئەوا خۆی لەهەموو کەس باشتر شوێن و جێگای ئەو سێ سەرکردەو سەرکردەکانی تریش ئەزانێت.لەبەرایی دەرکردنی ئەو بریارەو جێبەجێبوونیی یان نەبوونی پرسیارێک دێتە ئاراوە کەئایا تورکیای ئەردۆگانی بەم پێشینەیە کە بۆ خۆی دروستکردوە دەتوانێت ئارایشێکی نوێ بداتە  هاوپەیمانییەکەو بەو تواناو لێهاتووەیەی جاران بێتەوە نێو بازنەی هاوپەیمانیەکەی ئەمەریکاو پارێزەری رستکۆیانەی بەرژەندییەکانی ئەمەریکا بێت.لەکاتێکدا ئەمەریکاو هیزە هاوپەیمانەکان لایان روونەکە تورکیا لە شەڕی داعشدا رۆڵی نیگەتیڤی گێڕاوەو تەنانەت لە پرۆسەی ئازادی عیرایشدا کۆسپ و گرفتی گەورەی دروستکرد لە بەکارهێنانی بنکەی ئینجەرلیک ب لێدانی عیراق.لەلایەکی تریشەوە حوکمڕانی ئەمڕۆی تورکیا کە ئاک پارتی وئەردۆگان بەرێوەی دەبەن و بەئاشکرا باس لەخەونی بوون بە ئیپراتۆرو زیندوو کردنەوەی ئیپراتۆری عوسمانی ئیسلانی بە دیزیاینی نوێ و هەڵوەشانەوەی بەشی زۆری ریکەوتننامەکان و فراوان بوونی قەڵەمرەوو هەژموونی تورکیایە..بۆ زلهێزێکی وەکو ئەمەریکا لەناوچەکەدا ئەم پلانە  و خەونەی ئەردۆگان قابیلی پەسەندییە..ئەمانەو چەندین سەرنج و پرسیاری دیکە کەهێشتا وەڵامەکەی نارۆشنە.بەڵام پێدەچێت ئەم بریارەو چەندین پلان و بەرنامەی دیکە مەرج نیە کت و مت بۆ حوکمرانی ترامپیش وەکو خۆی بچێتە سەر لەکاتێکدا لەدوا هەلبژاردندا لە ئەنجومەنی نوینەران نەیتوانی زۆرینە بێت کە ئەوەش گرفتێکی دیکەیە لەبەردەم جێبەجێبەجێکردنی بەشی زۆری بەرنامەو برارەکانی ترامپ...لەلایەکی تریشەوە پێدەچێت سەرکردایەتی پارتی کرێکارانیش ئەوبریارە نوێیەی بەهەند وەرنەگرتبێت..سەرجەم بریارو پلانەکانیش پەیوەستە بەئاڵوکۆرەکانی داهاتوو لەناوچەکەو گۆرینە بەردەوامەکانی باڵانسی هیزو بەرژەوەندییەکان...

28/11/2018



وتارەکانی تری نوسەر