دەیگری و دەیگرم.. لەنێوان هەردوو فەنتەڵۆسی هەرێمی کوردستان

عادل عەلی
دەستکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ جگە لە کوشتنی سەدان کەس و برینداربوونی سەدانی تر و ئاوارەبوون و لێکترازانی شیرازەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و ماڵوێرانییەکانی تر،بەدوای خۆییدا لەبەردەوامی کارو کاردانەوەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار نەریت و کلتورێکی سەقەتی تۆڵەسەندەوە چێ بووە کە لە هی قۆناغی فیئۆداڵی دەچێت..گەڵا جاڕەکە ئەسوتێنی ئەیسوتێنم ،کلکی کەرەکەم ئەبڕی پیاوەکانت ئەکوژم یان ئەتکت ئەکەم و بەشە ئاوەکەت ئەبڕم و رێگا نادام  هیچ کەسێکتان پێ بنێتە فەنتەڵۆسی منەوە...
لەدوای (۳۱) ئابەوە بەئەمری واقیع ئەم هەرێمە بۆتە دوو کانتۆنی جیاواز ،ئەگەرچی حکومەت لە مێژە یەکیگرتۆتەوە یان لەیەکدراوەتەوە، بەڵام ئاسەواری دوو ئیدارەیی و دڕدۆنگی و بێ متمانەیی نەک کۆتایی نەهاتووە بەڵکو تۆختر بۆتەوە...لە بچوکترین گرژی وئاڵۆزییدا ئەم دوو هەژموونەی دەسەڵاتی هەرێم یەکتری بەر هەڕەشە ئەدەن بۆ سەلماندنی ئەم راستیانە هەزاران نموونە لەبەردەستتان.لە گەرمیانەوە هەتا زاخۆ تەماشا بکەن و لەوسەرەوە وەرنەوە بۆ دێگەڵەو بە سماقوڵیدا تێپەڕن و نێوان  کەمتر لە دوو دۆنم بە باری درێژی راستی دوو کانتۆنیت بۆ بەرجەستە ئەبێت...
خۆئەگەر تەماشای سەرلەبەری پەیکەری ئیداری هەرێمی کوردستان بکەی لە هەیکەلەی وەزارەتەکان بترازێ لە وەزیرو  بەرێوەبەری گشتی بترازێت ، لە هیچ پێگەیەکی ئیدارییدا لەناو هەولێری پایتەخت و پارێزگاکانی تر بە قەزاو ناحییەکانەوە تا دەگاتە سادەترین بەرێوەبەری قوتابخانە، نە لە زۆنی زەرد کەسێکی لیستی سەوز بەرپرسیارێتی هەیەو نە زۆنی زەردیش لەلیستی سەوز بەرپرسیارێتی هەیە..تەنانەت بارەگا سەرەکییەکانیش لە خۆیان دڵنیا نین  لەو نێوەندەدا سەدان جار بارەگاکانی  هەردوو حیزب بەردەستڕێژی گوللە دراون و هەرەشەیان لێکراوە..ئاسایشی زۆنی زەرد لای پارتیەو  ئاسایشی زۆنی سەوز لای یەکێتیە.کاغەزی ئەملا لای ئەولا ناخوات و بە پێچەوانەوە...
لەدوایین روداوەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردودا بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە دوو دەسەڵات هەیەو دوو ئاراستەی بیرکردنەوە حوکم دەکات...راستیی روداوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە شتێک نیە ناوی ئیدارەی سەربەخۆو یەکگرتوو بێت..یاساکانیش بە میزاج و ئاوازی کارو کاردانەوە رێ دەکەن..لەساییەی ئەم ئەتمۆسفیرە سیاسی و حیزبییەدا خەڵک واقی وڕماوە لێرە لە زۆنی سەوز لە پای نەهامەتیەکان خەڵکی ئەڕژێنە سەر شەقام و زۆنی زەرد کە بەرپرسیاریی یەکەمینە بەخەیاڵیدا نایەت و هیچ فشارێکی لەسەر دروست نابێت و کارناکاتە سەر بەرنامەکانی حکومەت بە ئاراستەی چاکسازی...
هەرچی سەرنجێک ئەدرێت لەسەر دیاردەکان بە عەقڵیەتی دوژمنکارانەی دوو کانتۆنی دژ بەیەک کار ئەکەن..لەو رۆژانەی دواییدا لە هەردوولا  ژمارەیەکی کادری حیزبی بە بارمتە گیران و بە بەرچاوی یاساوە سوڵحی عەشایەری حیزبییان بۆ کراو ئازاد کران. کە ئەوەش ئاماژەیەکی هەرە دواکەوتوانەی حوکمڕانی بەرجەستەکات و رەوایی یاساو سەروەرییەکەی ئەخاتە ژێر پرسیارەوە،چونکە لەهەمبەر ئەو روداوەو کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی فزەیان لێوە نەهات..
ئەم جۆرە حاڵەتانە  بەرەو زێدەتر ئەڕۆن و ئەبنە دیاردەیە ئەڵبەتە دیاردەش لە کلتوری باوی کۆمەڵگەوە سەرچاوە ئەگرێت.ئەگەر باسێکیش لە چارەسەر بکرێت ئەوا دەبێت باسی فاکتەرەکانی  سەهەڵدانی ئەم دیاردە بکرێت ،کە رەگ و ریشەی دەگەرێتەوە بۆ دەستکەوتەکانئ شەڕی ناوخۆ ،کە بەدیوەکەی تریدا هێشتا ئەو شەڕە کۆتایی نەهاتووەو شەڕە گەرمەکە گۆڕاوە بۆ شەڕی ساردو ناوبەناو گەرم ئەبێتەوە..
بەردەوامی دان بەم ستایلە لەشەڕی سارد دوو ئامانجی هەیە یان هێشتا رۆحیەتی تۆڵەکردنەوە لە یەکتری بەردەوامە،یاخود  سەرحاڵکردن و سەرقاڵکردنی خەڵکیە بۆ دورخستنەوەو لەبیربردنەوەی کێشە بنەرەتیەکانی موچەو ژیان و گوزەرانە..دەنا هیچ پاساوێک نییە بۆ درێژەدان بەم نەریتە دواکەوتوو کۆنەپەرستانەیە..کە دەیگریی و دەگرم و ئازادی دەکەی ئازادی دەکەم..لەساییەو سێبەری درێژەکێشانی ئەم جۆرە مامەڵەو هەڵسوکەوتانەدا دەیان تاوان و لەیاسا لادا جێگای دەبێتەوەو سەروەری یاسا بەیەکجاری فەرامۆش ئەکرێت و حورمەتێکی بۆ نامێنێتەوە لە ژێر هەژموونی هەردوو فەنتەڵۆسدا...

07/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر