سیاسەتی ژێربەژێر

ئارام سەعید
لە سادەترین پێناسەدا، ئەرکی حکومەت بریتیە لە:
"پاراستنی هاولاتیان لە توندوتیژی، پیادەکردنی سەروەری یاسا، پاراستنی ئاسایش و هێمنی هاونیشتمانیان، دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی کە هاوڵاتیان خۆیان ناتوانن دابینی بکەن، پەەرەپێدان و بونیادنانی پرۆژە گەورەو ستراتیژیەکان، پاراستنی مافی کەمئەندامان، بەساڵاچوان، توشبوانیی نەخۆشیە درێژخایەنەکان، کەمکردنەوەو نەهێشتنی بێکاری.... هتد "
پێم ناڵێن حکومەتی هەرێم لە کام لەو بوارانەدا کە لەسەرەوە نوسراوە سەرکەوتوو بوە!!
کەواتە ئەگەر حکومەت پێک بێت یان پێک نەیەت چ جیاوازیەک دروستدەکات؟ لە چ بوارێکدا؟ ئەمە سەرەرای ئەوەی لە کوردستاندا شتێک نیە پێی بڵێن حکومەتی کاربەرێکەر، حکومەت وەک نە بای دی بێت نە باران هەڵبژاردن دوابخریت و پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت هەر فەرمانرەواو کاربەدەستن و ئیش و کارەکان دەکەن وەک ئەوەی دەیانەوێت.
لەکاتێکدا هەندێک لەوهێزانەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی دەیانەوێت بە هەندێک دەسکەوتی بچوک بچنە دەسەڵاتەوەو دەستەمۆ بوون بە وەرگرتنی بەڕیوەبەرێک،وەکیل وەزیرێک یان وەزیرێک، تەنانەت رێخۆشکەربوون بۆ ئەوەی پارتی بتوانیت ئیرادەی خۆی فەرزبکات ... ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت کە خوازیاری بوو( یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم) ، بەلام بە هاوکاری هێزەکانی تری بەناو ئەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن بە ئاسانی بۆی چووە سەر. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە ئەم روداوانەی ئێستا رودەدەن پاش شکستی ریفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەر دێت! دوای دەرکردنی سەرۆکی پارلەمان، دوای دەرکردنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پاش ئەو هەموو کارەساتە هێشتا پشتی ئەولایەنانە دەگرن کە کوردستانیان گەیاندە لێواری کەوتنەخوارەوەو داڕمان. سەرئەنجام بە پیادەکردنی ئەم سیاسەتە بارزانی ئێستا کە سەرۆکی هەرێم نیە دەسەڵاتەکانی لەوکاتە زیاترە کە سەرۆکی هەرێم بوو کە ئەوکات شەرعیەتی یاسایی هەبوو.
ئەوهۆکارانەی باسمان کردن بەشێکن لەو ئەنجامانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا ئەی بینین.
بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیە هێزی سیاسی بوێر و راستگۆ بێت و راشکاوانە بەرگری لەو سیاسەتە بکات کە بروای پێیەتی و کاری بۆ دەکات، نەک لە گوتارە میدیایەکانیدا بەریگاربێت لە هەڵویستێک و لەژێرەوە کاربۆ پێچەوانەکەی بکات. سیاسی سەرکەوتوو لەمێژودا ئەوانە بوون کە راشکاو و راستگۆ بوون بەرامبەر هاوڵاتیان و بەرگریکار بوون لە بیرورای ئازایانەی خۆیان.

07/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر