كوردایە‌تیی لە‌نێوان محە‌ویلە‌ و گڵۆ‌پە‌كانییدا

ئارام سەعید

ئە‌وە‌ی ناوی لێنراوە‌ «شۆرشی کورد» و من یە‌ك دونیا سە‌رنج و تێبیینیم لە‌سە‌ری ھە‌یە‌، ئەگەر لە شاخ رەفتاری ئیستایان بزاندرایە ئەوکات کەس خۆی بە کوشت نە‌دە‌دا و شەهید نەدەکرا. ئەگەر بیانزانیایە کە رۆژێک دادێت شۆڕشگێرەکانی كوردایە‌تیی لاف و گەزافی شۆرش و تە‌مە‌ڕودی چە‌كداریی لێدەدەن، ئازادیی خەڵک زەوت دەکەن و بە‌ عە‌مالە‌تی ئیقلیمیی شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنن، ئەوکات کەس لەو هەموو قوربانییانە‌دا، ئازایانە کەمئەندام و شەهید و بێسەرو شوێن نەدەکران وەک لە ئەنفال رویدا.

رەفتارەکانی ئێستا زۆر پێچەوانەی دروشمەکانی ئەوکاتن. چونكە‌ ئێستایان حە‌قیقە‌تی ئە‌وكاتانە‌مان وە‌ك فیلم پیشاندە‌داتە‌وە‌.. كۆمە‌ڵێ ئاغاواتی سیاسیی بوون و لەماوەی ھە‌شتا ساڵی رابردوودا بەناوی قە‌ومچی و کوردایەتیەوە کوڕی ئەم وڵاتە بە کوشت دەدەن. سەروەت و سامانی ئە‌م خە‌ڵكە‌ دەدزن و بەفیڕۆی دەدەن، لەهەر قۆناغێکدا بیانویەک، شەڕێک، فە‌وزا و بە‌لبە‌لە‌یە‌ك دەدۆزنەوە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک. مێژووی ڕە‌شی ھە‌شتاساڵە‌ی كوردایە‌تیی، جگە‌ لە‌ سوكایە‌تیی و ماڵوێرانیی ھیچ دیارییە‌كی تری بە‌ مرۆڤ و كورد و قە‌زیە‌ سیاسییە‌كە‌ی پێشكە‌ش نە‌كرد، کوردایەتیی جیاوازیەکانی یەکنەخست، دامەزراوەی نیشتیمانیی دروست نەکرد، ئەوەشی بڕیار بوو دروست بێت و بانگە‌شە‌ی قە‌ڵە‌ویان بۆدە‌كرد، زە‌عیم و ڕائیدەكانی كوردایە‌تیی ھە‌رخۆیان وێرانییان کرد، كوردایە‌تیی سیستمە‌کانی پەروەردە، تەندروستیی، ژینگە، ئابووریی و سیاسیی نە‌ك ھە‌ر چاک نەکرد، بە‌ڵكو دایڕزاند و لە‌بە‌ریە‌ك ھە‌ڵیوە‌شاندنە‌وە‌، ئەی کەواتە بۆ کوردایەتیی باشە و کوێی ئەم کوردایەتیە باش بووە؟ ئەگەر ئەنجامەکانی کوردایەتیی ئەم ئابوورییەی ئێستا بێت، ئەم سیاسەتکردنە بێت، ئەوە‌ شکست و فە‌شە‌ل، سیمای سەرەکیەتی.

ئە‌م ناسیۆنالیزمە‌ كوردییە‌ چونكە‌ بە‌ عە‌مالە‌ت و مورتە‌زیقە‌یی ئیقلیمیی ھاتووە‌، چونكە‌ بە‌ سە‌فە‌قاتی ژێربە‌ژێری ئابووریی ھاتووە‌، چونكە‌ لە‌چوارچێوە‌یە‌كی خێڵە‌كیی و عە‌شایە‌ریی دە‌رنە‌چووە‌، ببینن لە بواری ناوخۆیی، پەیوەندیە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتیی جگە لە خێزان و چەند کەسێکی دەوروبەریان کەس لێی ئاگادارنیە، ئە‌م پە‌یوە‌ندییە‌ ئیقلیمییانە‌ بەشی زۆریان بریتیین لە خزمەتکردن بە چە‌ند وڵاتێكی دراوسێ، ئە‌م ناسیۆنالیزمە‌ سابڵاغییە‌ چونكە‌ ھیچ كاتێك لە‌ غە‌می مەسەلەی سیاسیی، مێژوویی و نیشتیمانییە‌كە‌ی كورد نە‌بووە‌، ھیچ كاتێ مامەڵەی تەندروستی لەسەربنەمای ڕێزگرتن لە مافە نیشتیمانییە‌كانی گە‌لی كورد نە‌كردووە‌.

كوردایە‌تیی وە‌ك محە‌ویلە‌ی ئە‌م قە‌رسەنە‌ ئابوروییە‌، مێژووە‌كە‌ی بریتیی بووە‌ لە‌یە‌ك شكستی ئە‌خلاقیی گە‌ورە‌، شکست لە پێکەوەژیانی راستەقینە، شكست لە‌ ئابوورییە‌كی بە‌ھێز، شكست لە‌ پە‌یوە‌ندیی دیپلۆماتیی، شكست لە‌ سیاسە‌تی ناوخۆیی، شكست كە‌ دە‌ستوور و دامە‌زراوە‌ی دە‌ستووریی.. شكست و شكست و شكست.. لەسایەی ئەم دەرئەنجامە‌‌ ترسناكانە‌دا، پێویستیمان بە خوێندنەوەی تازە هەیە لەسەرئەوەی چ سیحرێکە کوردایەتیی کە رەوتی ژیانی ئێستای گەلی کوردی گەیاندۆتە لێواری کارەسات، بەشێوەیەک دوژمنی سەرسەختی ئابووریی بەهێزە، دوژمنی گەشەپێدان و بەڕێوەبردنی سەرکەوتووە، ئەخلاقی لە سیاستدا شێواندوە، بەشی زۆری سیاسیی، هونەرمەند، نوسەر، رۆژنامەنوسی کردووە بە شاگرد و خۆیان لەسەرەوە پارەی نەوت و ئابوری وڵات تاڵان دەکەن.

درۆیەکی گەورەیە ئەگەر وابزانین ئەمڕۆ رەمزی قە‌زیە‌ سیاسییە‌كە‌ی كورد فڵان یان فیسار حزبە، هەموو ئەوانە لەدەوری پارتیی کۆبونەتەوە، دە‌بێ ئە‌و ڕاستییە‌ بزانن كە‌ سویچی سەرەکیی کوردایەتیی لای پارتیە. لەمبارەیەوە هاوڕێیە‌کم پێیگوتم " ئەگەر کوردستان بە گەڕە‌كێك بشوبهێنین ئەوە‌ سەرجەم حزبەکانی دەرەوەی پارتی ئێستا گڵۆپەکانی کۆڵانی گەرەكە‌كە‌ن و محاویلەی سە‌رە‌كیی گەڕەكە‌كە‌ پارتیە، بۆیە دەبێت ئەو محاویلەیە بتە‌قێندرێتە‌وە‌ نەک شکاندنی گڵۆپێک یان دوان. لێرە‌وە‌ پێویستە‌ بگوترێ راستە حزبەکانی تر بەرپرسیارن، روون و ئاشکرایە ئەوانەی بەرگریی لە سیاسەتەکانی پارتی دەکەن بەشدارن لە شکستەکانی کوردایەتیی، بەڵام بەرپرسیاری سەرەکیی لەهەموو ئەوانەی ئێستا و لەمەودوا روودەدەن پارتیە وە‌ك مە‌لۆتكە‌ی ناو بازاڕە‌ شێواوە‌كە‌ی كوردایە‌تیی و ناسیۆنالیزمی نە‌وت.

18/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر