‎سیاسەت بە وەعد و بەڵێن ناكرێت

ئارام سەعید

یەكێتی و پارتی مێژووی شاخ وەك سەرمایەكی 
رەمزی بەكار دەهێنن و لەسەری خۆیان لە دەسەڵات دەهێڵنەوە. كەئێستا نەوەیەك هەیە بڕوای بەو مێژوەش نیە، ئیسلامیەكان بە ئاین و بەڵێنی چەسپاندنی دادپەروەری بەشێوازی ئیسلامیانە سەرمایەی ڕەمزیەكەیان دەخەنە كار، گۆڕان گەنجان و نەوەی شاخ پێكەوە توانیان كاریگەری گەورە دروست بكەن، كە دواتر بڕیاڕی بەشداریكردنی دەسەڵاتیان دا. 
‎نەوەی نوێ وەك جوڵانەوەیەك كەهیچ كام لەم سەرمایە رەمزیەی نەبوو توانی وەك هێزێكی كاریگەر بێتە مەیدان ، ئومێدی دروستكرد كە لەماوەی ٤ بۆ ٨ ساڵی داهاتوو ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێكی كاریگەر و ئەو دەرفەتەش هەبوو، بەڵام كەلێنی ناوخۆ و پەیڕەوكردنی سیاسەتی تاكڕەویی و گوێ نەگرتن وایكرد هەر كە كەلێنێك دروستبوو بەئاسانی بەشی زۆری بچێتە گیرفانی دەسەڵاتەوەو وەك دەرفەتێكی زێڕین بەكاری بهێنن. زیرەكانەش و بە خەستی چونە هاوكێشەكەوەو جگە لە شكستی سیاسی شكستی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشیان بەسەر سیاسەتكردنی ئۆپۆزیسیۆندا هێنا. كە من هەمیشە ڕەخنەم هەبوەو روبەڕوو بە سەرۆكی جوڵانەوەكەم وتوەو زۆر جار تەنها بوم لە رەخنەكانمدا، ئێستاش دەیڵێم رەخنەو سەرنجی زۆرم هەیە و گەر نەوەی نوێ شكست بهێنێت پشكی زۆر بەر ئەو دەكەوێت، بەڵام قەت بڕواناكەم شاسوار عەبدولواحید كامێرای چاودێری بۆ هاوڕێكانی دابنێت و ئەمەش باجی هەڵە ستراتیژیەكانە، كاتێك وتاری توند و هەڕەشە ئامێز دەكرێت لە دەسەڵات و ئەوانەی رەخنە دەگرن . 

‎. رەنگە تای تەرازوو بەلایەكدا لاسەنگ بێت یان لایەك لەوی تر زیاتر زەرەرمەند بێت
‎بەڵام وەك هەمیشە لە سیاسەتدا ئەنجام گرنگە، ئەنجام بەچی گەیشت؟ بێگومان رەنگە چەند ڕۆژی داهاتوو ئاماژەكان نیشان بدات و رونتربێتەوە، بەڵام ئەوەی لای من گرنگە و ئەم جوڵەیە ئەوەی سەلماند سیاسەت لەسەر بنەمای بەڵێن ناكرێت، دەبێت بیر و هزری لەپشت بێت، ئۆرگانەكان ڕۆڵی خۆیان ببینن، متمانە هەبێت. دەبێت بڕیار لەسەر بنەمای پرەنسیپی پاراستن و بەرگری بێت لە هاوڵاتی و ئەوبەهایانە بێت كە لەسەری ڕێكدەكەون. بەڵام جگە لە وەعد و قسەی سەرزارەكی هیچ كام لەمانە نەبوون لە ناو حزبی كوردیدا. 
‎كاغەز و نوسین و شت زۆرە ئەگەر بە نمونە پیڕەوی ناوخۆیی حزبەكانی دەسەڵاتیش سەیركەین برگەی باشی تێدان، بەڵام عیبرەت لە جێبەجێكردندایە ، بەڵێنەكانی هەڵبژاردن زۆرن، بەڵام جێبەجێ ناكرێن. گرێ سەرەكیەكە ئەوەیە بۆ هیچ حزبێك پەیڕەوی خۆی جێبەجێ ناكات؟ ئەگەر پابەندی یاسایەك نەبێت كە خۆی دایناوە چۆن پابەندی بەڵێنەكانی بە هاوڵاتی دەبێت؟ بۆچی فیكر غائبە لە سیاسەتدا. 
‎پێدەچێت شكستی ئەمجارەش كاتێكی زۆری بوێت تا كۆمەڵگەی ئێمە بڕوا دەكات بەوەی حزب موڵكی گشیە نەك تاكە كەسێك ، بەداخەوە كە سیاسەت بۆگەنی كردوە و چیتر هاوڵاتی ئێمە بەئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو چالاكیە.
‎هەڵەی ستراتیژی ئەوەیە تەنها گوێ لەوانە بگیرێت كەسەر دەلەقێنن، زانیاریەكان بەهەڵە لێكبدرێنەوە، لەجیاتی گفتوگۆ و دروستكردنی دیبەتی گرنگ كاردانەوە هەڕەشە بێت ،رێگە چارە تەشهیری باندەكان بێت، كەواتە چاوەڕیی چی بین لەو سیاسیانەی پێیان وایە بەهەمان ئامرازی دەسەڵات دەتوانن ئەوان لەسەركار لابەرن. 
‎لەكۆتاییدا دەڵێم، گرنگە ئەمەش وانەیەك بێت بۆ قۆناغی داهاتوو كە بە بەڵێن ودروشمی بەتاڵ، بە وەعدی پۆپۆلیستیانەی سیاسیەكان هەلنەخەڵەتێن و سیاسەت وا ناكرێت. هوشیاری كۆمەڵگەی ئێمە ئەوكاتە دەركەوت كە هەڵبژاردنی رابردوو بەرەی بایكۆت بردیەوە و لە هەموان زیاتری هێنا. 

‎لە چاوەڕوانیداین بۆ نیشتنەوەی تەپوتۆزەكەو رونبونەوەی زیاتری راستیەكان. 
كەواتە دەبێ بپرسین ئەوەی روخا چی بوو؟ كێ زەرەرمەند بوو؟ كێی بێ هیوا كرد؟ ئەوەی بونیاد دەنرێت كێ دەیكات و چۆن دەیكات، بەڵێنەكانی چین؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن چەند رۆژی داهاتوو روون دەبێتەوە.


01/05/2019



وتارەکانی تری نوسەر