چێژ وەرگرتن لە درۆ!

ئارام سەعید

ئەوەی وادەکات سیاسیەک یان حزبێک بەهێزتر دەرکەوێت لەوانی تر سەرەرای هێز، ئەو گوتارەیە کە سەرکردەکەی پێشکەشی دەکات، ئەو لۆژیکەی قسەی پێدەکات، بۆئەوەی بەسەر هاوڕێ سیاسیەکانیدا سەرکەوتو بێت پێویستی بە توانا وکارامەیی هەیە لەگوتارداندا،کە بتوانێت سەرنجی جەماوەر رابکێشێت، بۆ ئەوەی گوتار و قسەکانی ئیلهام بەخش بێت پێویستی بەدروستکردنی وێنەیەکی پڕسەرنج و دڵڕفێنە، وەهم و خەونی گەورە، ئەبێت دوژمن بۆ گەل دروست بکات ونیشانی بدات شەری ئەو دوژمنە دەکات.

زۆرکات جەماوەریش لەزەت لەو درۆیانە دەبینێت کە سیاسیەکان بەشێوەیەکی جوان دەیهۆننەوە و دەیکەن، ئەوانیش بۆیە بەردەوامن لە درۆکردن و سەرنج راکێشانیان چونکە گوێیان لێدەگیرێت هەست دەکەن کە بەرامبەرەکانیان چێژ دەبینن لەو درۆیانە. رەنگە خەڵکیش زیاتر حەز بە گوێگرتنی درۆ بکەن چونکە رێگایەکی ئاسان و ئەفسوناویە وئاسانە، حەقیقەت رێگایەکی سەختە ومەرج نیە هەموو کەس حەز بە گوێگرتنی بکات، تەنانەت هەواڵێکی درۆ زۆر خێراتر لە هەواڵی راست بڵاو دەبێتەوە.
مەبەست لە درۆش بەشێکی دروستکردنی ترس و بێزاریە، یان دروستکردنی سەرسوڕمان کەئەمەش تیۆری پیلانگێڕی زیاتر بەهێز دەکات و بۆچونە زانستیەکان دوور دەخاتەوە، وەک ئامرازێکی گرنگیش وایە بەدەست سیاسیە ستەمکارەکانەوە بۆ دروستکردنی ترس و ئاشوب نانەوە لەناو کۆمەڵگەدا بۆدروستکردنی دوژمن.

قۆناغی یەکەم دروستکردنی ترسە لە دوژمن، ئەوکات مرۆڤ بیر لەبەرگری دەکاتەوە لەو دوژمنەی لێی دەترسیت، لەم ساتە وەختەدا کە سیاسیەک دێت دەڵیت دەبێت ئەو دوژمنە بروخێنین، تەقەی لێ بکەن، بۆ سیاسیی ئەوە ئاسانترە بۆ خەڵک بروا بکات و دوای ئەو سیاسیە بکەویت کە دەیەوێت دوژمن لەناوبەریت! بەڵام ئایا ئەو دوژمنە؟ یان تەنها بژاردە ئەوەیە کە تەقەی لێ بکرێت؟ یان وەک ئێلیزەر یودکۆڤسکی نوسەر لە وتارێکیدا دەپرسیت، "ئایا دوژمنەکەت دڕندەیە؟"

لە ساڵانی رابردودا نمونەی شەر و دوژمن زۆرە، شەر لەگەڵ بەغدا، شکست، رێکەوتن، جیابونەوەی مەلایی و جەلالی، شەڕی ناوخۆ، شەڕی ئیسلامیەکان، شەڕ لەگەڵ پەکەکە، پاشان ٣١ ی ئاب، ریفراندۆم، ١٦ی ئۆکتۆبەر... هتد. لەهەموو ئەمانەدا دوژمنێک هەبوو کە دەیانوت دەبێت لەناوی بەرین، هەریەکەیان لای خۆیەوە پاساوی دەهێنایەوەو ئامادەکاری دەکرد و شەڕ هەڵدەگیرسا.

یەکێک لەو نمونانە ریفراندۆم بوو، پارتی و ئەوانەی لەگەڵ ریفراندۆم بوون وێنەیەکیان دروستکردبوو کە دوژمنێک هەیە دەبێت لێی جیابینەوە، کاتی ئەوە هاتوە سەربەخۆ بین، بەڵێنیشیان دابوو کە دەوڵەتەکەیان دروستکرد ئەوانەش شاربەدەرکەن کە دژی ئەو ریفراندۆمە وەستابونەوە. دواتر شەر هەڵگیرسا و یەکێتی لە ١٦ ی ئۆکتۆبەر بە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا کۆتایی بەشەڕ هێنا، ئێستا پارتی بە ١٦ ی ئۆکتۆبەر دەڵێت خیانەت.

ئەوانە کامیان دوژمنن؟؟ کامیان خیانەتە؟ کامیان دڕندە بوون؟ لە پاش ٣١ی ئاب کە یەکیتی بە خیانەتی ناودەبات، هەر خۆیان لەگەڵ پارتی ریکەوتنامەی ستراتیژیان ئیمزاکرد، لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر کە پارتی بە خیانەتی ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتی ناودەبات ، ریفراندۆمچیەکان لەگەل بەغدا رێک کەوتنەوەو پۆستی سیادیان وەرگرت بە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی، بۆ بودجەو موچەی هەرێم پشت بەو دوژمنە دەبەستن، ئەی کوان ئەو دوژمنانەی ساڵانێک هاوڵاتی و مرۆڤی ئەم وڵاتە بۆی بوە سوتەمەنی؟ دەیان نمونەی تر هەن لەسەر ئەو دوژمنانەی کە بەناوی کوردایەتیەوە دروستکراون و ئێستا دۆستی گەورەشن نەک دوژمن.

زۆربەی ئەو دوژمنانەش ئەگەر بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی و ئەقڵانی هەبوایە دەکرا بە غەیری شەر بژاردەی تر هەبوایە و لەرێگەی گفتوگۆوە زۆری چارەسەر بکرایە، بەڵام بەرژەوەندی ئەوکاتی هێزێکی سیاسی وای خواستوە بە شەڕ ئەوکارە بکرێت. ئەوەی جێی داخیشە ئەوەیە پاش کۆتایی هاتنی ئەوشەرانە سیاسیەکان لە بیرەوەریەکانیاندا لەدوای چەند ساڵێک دەنوسن کە ئەوشەڕە هەڵەبوە و نەدەبوایە بمانکردایە. بەرێکەوتن و سازشکردنەکانیش دەڵین سیاسەت وا دەخوازیت.
جاران جیاکردنەوەی درۆ لە راستیی ئاسانتر بوو بەڵام ئێستا و لە سایەی سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی بەرفراوانی ئینتەرنیت وژمارەیەکی زۆری کەناڵی فەزایی و ناوخۆیی و دیجیتاڵ میدیا، تەوژمی گەورە لەسەر هەر روداویک دروست دەبێت کە درۆ و راستیی بە ئاسانی لەیەک جیاناکرێتەوە.

ئێستاش تازەترین دوژمن کورۆنایە کە ئیتر ئەبێت بەرگری بکەین و روبەروی ببینەوە.... کە بێگومان دوژمنە و دەبێت خۆپارێزی بکەین، سیاسیەک دەڵێ فشەیە، یەکێکی تر ئەڵی وەزعەکە لەدەست دەرچوو فریا کەون، یەکێک ئەلی کۆنترۆڵکرا... کەڕاستیەکەی ئەوەیە لەبەر شەرو کاولکاری ساڵانی رابردوو، بەهەدەردانی سامان و گەندەڵیی بەرفراوان نەیانتوانیوە سیستمیکی تەندروستی باش دروست بکەن توانای روبەروبونەوەی ئەو قەیرانەی هەبێت وەک هەموو بوارەکانی تر، دان بەو راستیەدا نانێن....


10/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر