چاکسازی بێ ئازادی!

ئارام سەعید

لەگەڵ ئەوەی هەموو دیکتاتۆرێک رقی لە میدیای ئازادە و بەهەرەشەی دەزانن لەسەر مانەوەیان،هەندێ لە وڵاتە نادیموکراسیەکان میدیای نیمچە ئازادیان پێویستە، واتە نیمچە ئازادیەکیان پێدەدەن و لەبەرامبەردا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. .. ئەوەش لەمێژوودا پێی دەڵین گرێکەی(تەڵەزگە) گۆرباچۆڤ.. کە بریتیە لەوەی میدیایەکی کۆنترۆڵکراوی نیمچە ئازاد هەبێت بۆئەوەی حزب تەنها پشت نەبەستێت بە رەخنە ناوخۆییەکانی ، بەڵام هەمیشە ئاگاداربن کە دیموکراسی تەواو کێشەیە بۆیە دەبێت هاوسەنگی راگیرێت لەنێوان ئازادی تەواو و نیمچە ئازادیدا،واتە ئەو نیمچە ئازادیەی هەیە کۆنترۆڵ بکرێت و لەژێر چاودێریدا بێت..

لەساڵی ١٩٨٥دا گۆرباچۆڤ لەگەڵ کۆمەڵیک بیریار و ئەندامی باڵای حزبی کۆمۆنیستی روسیا کۆبۆوە بۆ تێپەراندنی قەیرانی (کورتهێنانی بودجە) بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، لەوکۆبونەوەیەدا بە ئامادەبوانی راگەیاند کەبەبێ بونی نیمچە ئازادیەکی رۆژنامەگەری و بەبێ بونی ئۆپۆزیسیۆن گۆرانکاری لەسیستمی بیرۆکراسیدا ناچالاک دەبێت واتە بیرۆسترۆیکا کە بۆ چاکسازی لەهەیکەلی وڵات و سیستمدا بوو سەرناگرێت بەبێ ئەوان، هەروەها نابێت بەتەنها پشت بەستن بە سیاسەتی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن لەناو خودی حزبدا، بەڵکو پێویستە لەدەرەوەی حزبیش رەخنە هەبێت بۆ گۆرانکاری لە حزبدا،واتە گوێ بیستی ئەوانی دەرەوەی حزبیش ببن، هەربۆیە وا وەسفی کرد کە ئازادی تەواو ترسناکە و سەرکوتی تەواویش هەڵەیە و راگرتنی ئەو هاوسەنگیە ئەرکێکی قورسە،دواتر بڕیاڕیدا سانسۆری سەر میدیاکان کەم بکاتەوە.

 زۆر لێکۆڵینەوەی گرنگ هەیەلەسەر ئەو هەڵوێستەی گۆرباچۆڤ، بیرۆسترۆیکا و ئەو چاکسازیەی بەنیازبوو لەرێگەیەوە کێشەکانی چارەسەربکات، یەکەم هەنگاوی گرنگیی لابردنی  سانسۆر بوو لەسەر میدیاکان، چونکە سەرباری ئەو هەرەشەیەی میدیای ئازاد دروستی دەکات بۆ دیکتاتۆرەکان دەتوانن وەک سەرچاوەیەکیش بەکاری بهێنن و لە رێگەیەوە ئەوانە بدۆزنەوە کە هەرەشە بۆ سیستمەکەیان دروست دەکەن، کێشەکان لەو میدیانەدا دەبینین و چارەسەرەکان درک پێ دەکەن بەر لەوەی بارودۆخ بتەقێتەوە دەتوانن کاری لەسەر بکەن.. لەهەرێمی کوردستانیشدا حکومەت خوازیارە چاکسازی بکات بێ مافی بەدەستهێنانی زانیاری، تەنها ئەو زانیاریانە دەخاتە بەردەست کە مەبەست دارن، هەرچەندە دەسەڵات هەموو ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستیدان بەکاردەهێنیت ، سەرچاوەی ئابوری، سەربازی و میدیایی هەمووی دەخاتە خزمەتی خۆیەوە بۆ ئەو چاکسازیەی کە بانگەشەی بۆ دەکات بەڵام هێشتا یەکێک لەپایەکانی ئەو چاکسازیەی درک نەکردوە کە بەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و  ئازادی رۆژنامەگەری چاکسازی سەرناگرێت وهەرێمی کوردستان بەرەو داڕمان دەبات. 

 یەکەم هەنگاو کە دەبیت بنرێت بۆجێبەجێکردنی چاکسازی،  ئازادی رۆژنامەگەریە کە ماف دەدات بە رۆژنامەنوسان دۆسیەکانی گەندەڵی ئاشکرا بکەن و لەوکەسانە بکۆلنەوە کەپلەو پۆستیان لەناو حکومەت و کایە گشتیەکاندا هەیە ،دەبیت میدیای سەربەخۆ بواری هەبێت و زانیاری بەدەستبهێنیت تا بتوانیت لەو کەسانە بپرسێتەوە کە لەحکومەتدان یان کۆمپانیا و بزنزیان هەیە و لەبواری گشتیدا کاردەکەن، بۆنمونە ئەگەر بەرپرسیکی حکومی گەندەڵی بکات یان کۆمپانیایەک ئەوا ئەرکی میدیایە ئەو گەندەلیە باس بکات و رای گشتی لێ ئاگاداربکاتەوەو حکومەت لێی بپرسیتەوە. دەبێت حکومەت رۆژنامەنوسان بپارێزیت لەهێرش و پەلامار، بەلام کاتێک هێزی پێکهێنەری خودی حکومەت هێرش دەکاتە سەر رۆژنامەنوس، ئەوا داڕمانی ئەو قەوارەیە مسۆگەرە.


19/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر