موچەو کۆرۆنا

د.محمد علی

یەکەم: ئێستا لە هەموو کات زیاتر خەڵک پێویستی بەپارەو خەرجییە، ئەگەر ڕۆژانی ئاسایی هاوڵاتیان بەشی ئەو ڕۆژە یان چەند ڕۆژێک پێویستییەکانی ژیانیان کڕیبێت، ئێستا ئەبێت مشوری زیاد لە هەفتە و بگرە مانگیش بخۆن، چونکە لەبەردەم دۆخێکی نادیاردان و دیارنییە تاکەی ئەم دۆخە درێژە دەکێشێت.

 
دوەم: کورد دەڵێت: کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە. دابەشکردنی موچەو باشبونی دۆخی ئابوری، گەورەترین ھۆکارن بۆ چارەسەری کێشە مادی و تەنانەت دەرونییەکانیش. بەڵام وادیارە سەرباری ئەو دۆخە هەستیارەی بەرۆکی ھاوڵاتیانی گرتوە، حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی زۆر نابەرپرسانە نەک دۆخی ئابوری و ھاوڵاتیانی بێ دەرامەت باشناکەن، بەڵکو دەبنە مایەی تێکدانی دۆخی دەرونی و دروستکردنی جۆرێک لەترس و دڵەڕاوکێش.

 
سێیەم: ئەم حکومەتە حکومەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕانەو ھەرسێ حیزب بەرپرسن لەباشبون یاخود خراپبونی حکومڕانی، بۆیە دەست سڕین بەیەکتر بەرپرسیارێتی لەسەر هیچ لایەکیان کەمناکات.

 
چوارەم: ھیچ نھێنیەکی گەورە نیە بۆئەوەی بزانین کە وەزیری دارایی ھیچ بەرنامەو پلانێکی ئابوری و دارایی نەبوەو نیە، ئەگەر ھەیە، فەرمون بڵاویبکەنەوە.
پێنجەم: ناکۆکیەکانی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی، ھیچ نیە جگە لەداواکردنی پۆستی زیاتر بۆ کادرەکانیان و بەردەوامیش پۆستی زیاتر دەپچڕن بۆ کادیرە گوێڕایەڵەکانیان. ئایا دەشێ پۆستت ھەبێ و تەحەمولی مەسئولیەتی شکستیش نەکەیت..؟!

 
شەشەم: قسەکردن لەسەر مافی خۆت غەوغا و فەوزاچێتی نییە، پێویستیشی بە دەستی کەس نییە لەپشتییەوە بێت. پێشتر زۆرمان گوێ لەم تۆمەتە بێمانایانە بوەو ئەوانەشی داوای مافی خۆیان دەکەن، بەناوی خۆیانەوە دەنوسن. ئەوە ئێوەن بون بەحیزبی کۆمپانیای وشەو سەرقاڵی بازرگانی و بەرژەوەندین. ئەگەر داواکردنی موچە و مافی خۆت غەوغایی بێت، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەڕابردودا داھێنەرو ئیمتیازیشی ھەیە لە غەوغابوندا!


17/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر