لە پەراوێزی ووتە بەنرخەكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر

شادمان مەلا حەسەن
لە ژیانم زۆر رقم لەو ووتارانە دەبۆوە كە نووسەرە دەربارەكان دەیان نووسی بەناوی لە پەراوێزی ووتارە بەنرخەكەی فلانە سەركردە و سەرۆك.بەلام ئەم جارە لە پەراوێزی ووتە بەنرخەكەی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ووتارێك دەنووسم .كاتێ دەلێ (تاكو كادیرەكەمان بەرنەدەن كادیرەكەیان بەرنادەین)ئەم بەرێزە بەحیساب دكتۆراشی هەیە .لە راستیدا راستی ووتووە ,چونكە هەموومان واقعی كوردستان دەزانین دەزگا ئەمنیەكان بەگشتی و ئاسایش بەتایبەتی هی حزبە و حزب ئیدارەی دەدات .بەلام ئەم بەرێزە دیارە سیاسی نیە ,چونكە زۆرجار سیاسیەكان باس لەوە دەكەن گوایە دامەزراوەكان نیشتمانین یەكێك بلێ میلیشای حزب ئیتر دونیا وێران دەكەن بەتایبەت نووسەرەكانی پەراوێز .بەم پێیە بێت لەمەولا بەئاسایی وەربگرن كاتێ :

_ پۆلیسی هاتووچۆ رێگات پێ بگرێ بلێ ئەم شەقامە هی ئەندامەكانمانە و نابێ تۆ بەسەریدا بڕۆی .
_ بەئاسایی وەربگرە شارەوانی خۆل و خاشاك و زبری ماڵەكەت نەبات بلێ تۆ ئەندامی ئێمە نیت .
_ بە ئاسایی وەربگرە ئاسایش بازاڕت لێ قەدەغە بكات و بلێ بازاڕ تەنها بۆ ئەندامانی خۆمانە .
_ بە ئاسایی وەربگرە كارەبا و ئاوت نەدەنێ بلێن تەنها بەشی ئەندامانی خۆمانە.

_ بە ئاسایی وەربگرە دادگا ژنت لێ مارە نەكات و بلێ تەنها ژن هێنان و شوكردن مافی ئەندامانی حزبەكەی خۆمانە .
_ بەئاسایی وەربگرە مندالەكەت لە قوتابخانە و زانكۆ دەربكەن و بلێن تەنها بۆ مندالانی حزبەكەی خۆمانە .
_ بە ئاسایی وەریبگرە لە شار و گوندەكەی خۆت دەرت بكەن و خانووەكەت لێبسەنن بلێن ئەوە تەنها بۆ ئەندامانی حزبەكەى خۆمانە .
_ بەئاسایی وەربگرە بڕیارێك دەربچێ و بلێ نابی ئەو جلانە لەبەر بكەی كە ئەندامانی حزبەكەی ئێمە لەبەری دەكەن و جل و بەرگتان جودابكەنەوە .

_ بەئاسایی وەریبگرە لە مزگەوت دەرت بكەن و بلێن نابی لێرە خواپەرستی بكەی چونكە ئەوە تەنها بۆ ئەندامانی حزبەكەی خۆمانە .
لەدوای ئەم ووتە بەنرخە و ئەو ئاكارەی لە كوردستان روودەدات هەموو شتێك بە ئاسایی وەربگرن ئەگەر رویدا .

05/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر