بەشی سێیەم
.ئەنجامی حزبەكەی كاك نەوشیروان هەرچیەك بووبێ و لایەنگر و هەوادار و سوودمەندەكانی چۆنی لێك دەدەنەوە هەر ئەوە بوو نە چاكسازی پێكرا نە هیچی پێ گۆڕدرا بە ئاراستەی باشتر لەوەی هەبوو . بەلام ئەوەی پێكرا ئەوە بوو یەكێتی زۆر لاواز كرد و ریفۆرم و چاكسازی زۆر خستە دواوە ,گەندەلی زیادی كرد كەمی نەكرد ,چونكە ترسی میللەتی قۆرغ كرد ونەهێشت و بەتالی كردەوە لە قازانجی دەسەلات,لەهەمووی گرنگتر ئیمتیازێكی زۆر گەورەی دا بە پارتی دیمۆكراتی كوردستان ئەویش لە شوێنی خۆی پارتی كرد بە حزبی ژمارە یەك لە كوردستان .بەشێك لە سەركردایەتی ئەوكات هەمیشە فشاری دەكرد بۆ ئەوەی نەوشیروان مستەفا و گروپەكەی زیاتر دوور بكەونەوە لەناو بەدەنەوی یەكێتی ,بەهەمان شێوەش لای كاك نەوشیروان گروپ و خەڵكی تازە پەیدا بوو بۆ خۆ رەپێش كردن زیاتر كاری لە سەر گەورەكردنی كێشەكان و دوورخستنەوەی مام جەلال و نەوشیروان لە یەكتر ,ئەمە وایكرد یەكێتی هەم لاواز بوو هەم ژمارەی كورسیەكانی لە هەردوو پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان هاتە خوارەوە ,بەناچاری زیاتر لەگەل پارتی خۆی گونجاند و رۆچووە خوارەوە .
پایزی ساڵی 2009 لە هۆلی تەلاری هونەر یەكێتی پلینۆمی خۆی بەست كۆمەلێك لەوانەی شاگەشكەی دەرچوونی نەوشیروان مستەفا بوون لەناو یەكێتی هەر لەوێ بیرۆكەی دەركردنی ئەوانەیان هێنایە كایەوە لە رێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.لە جیاتی ئەوەی فوڕسەتێك یان بەقەولی ئێستا ئۆفەرێك بدرێ بزانین ئەمانە دێنەوە ناو یەكێتی یان بیر لە چارەسەرێكی تر بكرێتەوە .ئەمە وایكرد نێوانی یەكێتی و گۆڕان زیاتر كەلێنەكەی گەورە بێـت .هەروەها نێوانی مام جەلال و كاك نەوشیروانیش زیاتر ساردی تێبكەوێت.حوزەیرانی ساڵی 2010 یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی سێیەمی خۆی بەست ,ئەگەر بە چاوێكی كەمێك حزبیانە كۆنگرەی سێیەم هەلبسەنگێنین دەتوانین بلێین ئەو كۆنگرەیە كۆنگرەی حزبێك نەبوو كە جودابوونەوەیەكی گەورە لێیی روویدابێ ,بەلكو زیاتر لە خۆپیشاندان و قەرەبالغیەك دەچوو ,رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە زیادی دەكرد ,لەوسەریش سەركردایەتیەك دەرچوو لە ئەنجامی ئەو زۆری و بۆریەی كۆنگرە .
لە هەموو حالەتێكدا كۆنگرەی سێیەم كۆنگرەی خۆنیشاندان بوون بوو بەوانەی لە یەكێتی جودابووبوونەوە لەگەل هێزە عێراقی و كوردستانییەكان كەوا حزبی سەرۆك كۆمار هەتاكو ئێستا بە باشی بەسەرپێوەیە .ئەنجامی كۆنگرەی سێیەم ئەنجامێك بوو نە ئەوەندە لە ئاست ویست و داواكانی جەماوەری یەكێتی بوو نە ئەوەندەش لە ئاستی ویستەكانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو, بۆیە دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال لە كۆتایی ساڵی 2012 ئیتر یەكێتی ناو سەركردایەتی یەكێـتی هەمیشە لە قەیران و دڕدۆنگی و بەیان و راگەێنراوی دژ بەیەك بوو .سەرەنجامەكەی رۆیشتن و دەرچوونی چەند كەسێكی لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لێكەوتەوە و دەركەوت جاسوس و چاوساغی پارتی بوونە ,چونكە یەكسەر چوونە ناو پارتی . دوای هەموو ئەو رووداو و كێشانەی هاتنە پێش یەكێتی نیشتمانی كوردستان توانی بە ئارامی و دوور لە كێشەی گەورە بچێتە ناو كۆنگرەی چوارەم . كۆنگرەی چوارەم چۆن هات وچۆن رۆیشت لای من هەر ئەوەندە هەلدەگرێ لە لێكدانەوە ئەویش ئەوەیە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەوەندە زیاتری پێنەدەكرا لەم قۆناغەدا چونكە لەسەر بەدەنەیەكی شەكەت و ماندوو كۆنگرەی بەستا), بۆیە كۆنگرەی چوارەم یەكێتی و یەكگرتوویی هەتا رێژەیەكی باش بۆ ریزەكانی حزب گەڕاندەوە .
ئەگەر كۆنگرەی چوارەم كۆنگرەی نوێ بوونەوە بوو ,كەواتە نوێبوونەوە واتە چاكسازی كردن لە ناوەڕۆك و بەدەنەی یەكێتی .یەكێـتی دوای كۆنگرە ئۆرگانەكانی سەرەوەی دەربازكردووە .بەلام ئەوەی ماوەتەوە لەسەرسەركردایەتی یەكێتی چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی و نوێكردنەوەی یەكێتیە .چاكسازی و نوێبوونەوە تەنها لە ناو و جێگۆڕكێیەكی میكانیكی چەند كاراكتەرێك نیە ,بەلكو نوێكردنەوە و چاكسازی لە تەواوی جومگە سەرەكی و كایەكانی ئەم حزبەیە, نوێبوونەوەیە لە بیروبۆچوون و بەرنامە و پەیامی تازە و نوێ و كاریگەر بۆ جەماوەرەكەی و كۆمەلگای كوردی .هەنگاوی یەكەم بۆ نوێبوونەوەی یەكێتی ئەوە بوو كۆنگرەی بەست و سەركردایەتی تازەی هەلبژارد و پاشان بەرپرسیارەتیەكانی تری دیاری كرد .