نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا

شادمان مەلا حەسەن

بەشی حەوتەم

11_ هەولدان بۆ ژیاندنەوە و دروستكردنەوەی متمانە بە سیستەمی بانكی .بەلام سیستەمێكی هاوچەرخ و پێشكەوتوو ,هەر وڵاتێك ئەگەر سیستەمێكی بانكی پێشكەتووی نەبێت و هاولاتیەكانی متمانە بەم بانكانە نەكەن هەرگیز ئەم وڵاتە نابێتە خاوەن ئابووریەكی سەربەخۆ و گەشەكردووی بەهێز و جێگیر . یەك لە هۆكارەكانی شكستی حكومەتی هەرێم لە رووی ئابووریەوە نەبوونی سیستەمی بانكی و متمانەی هاولاتیانە بەم بانكانەی كە هەیە .چونكە حكومەت لە قەبارەی نەختی و ئابووری خۆی ناگات .تاكو پلان و ستراتیج خۆی لەسەر دابنێت.

 
12_ كاركردن لەسەر گەشەپێدانی بەردەوام بە دانانی پلانێكی درێژخایەن واتە نەوەی ئەمڕۆ نەوەی داهاتووی لەبیربێت لە هێشتنەوەی سەرچاوەی سامانی سروشتی و پاك هێشتنەوەی ژینگە و چۆنیەتی زیاد بوونی ژمارەی دانیشتوان و پاراستنی تەواوی رەگەزە رەسەنە كشتوكالی و ئاژەلداری و پەلەوەریەكانی كوردستان .هەروەها پاشەكەوت كردنی سەرمایەی كەلەك كراو بۆنەوەكانی داهاتوو.

3_  گەشەی مرۆیی یەكێك بێت لەبەرنامە بنەڕەتیەكانی حكومەت ,چونكە لە ئێستادا خودی مرۆڤ خۆی سەرچاوەیەكی گرنگی ئابووریە .واتە پەروەردەیەكی تەندروست و بەرز و پڕ لە زانستی سەردەم بۆ ئەوەی مرۆڤێكی بەتواناو خاوەن زانیاری بەرهەم بێـت ,تاكو خزمەتی وڵاتی پێ بكرێت .مرۆڤێكی گەشە پێدراو و پەروەردەكرا و بەزانستی سەردەم زۆر بە كەلكتر و چالاكترە لە دە مرۆڤی پەروەردە نەكراو بەزانستی سەردەم.

 
14_  گرنگی دان بە پاراستن و پاك راگرتنی ژینگەی كوردستان لە پێناو مانەوە و بوونی سروشتێكی جوان و بەسوود بۆ مرۆڤی سەردەم.

 
15_ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بە شێوەیەك ببنەوە سەرچاوەی خۆبژێوی و بەرهەم هێنانی سەرچاوە خۆراكیە رەسەنەكانی كوردستان و هاوكاریكردنی  جووتیاران لە هەموو روێكی پێویستی بەرهەم هێنان و فەراهەم كردنی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بەشێوەیەك قازانج بكەن.

 
16_ سوود وەرگرتن لەسەرچاوە ئاویەكانی كوردستان .چونكە كوردستان خاوەنی  سەرچاوەیەكی ئاوی شیرن و پاك و زۆر باشە ,ئەم سەرچاوە ئاویانە ئەگەر بە باشی كۆنتڕۆل بكرێ‌ دەتوانرێ‌ لە رووی ئابووری و سیاسیەوە سوودی زۆر باشی لێببینرێ‌ ,هەم خۆراكی زۆری پێ بەرهەم بهێنرێ‌ هەم ووزەی كارەبا.هەمیش وەك چەكێكی كاریگەر لە دانوستانەكان دەكرێ وەك كارتی فشار سوودی لێببینرێ‌ بۆ وەدەست خستنی مافەكانی كورد لەگەل بەغدا.

 
17_ پاراستنی زەوی وەك یەكەیەكی بەرهەم هێنان نەوەك زەوی كشتوكالی بكرێت بە شوێنی نیشتەجێبوون یان سەوزایی كات بەسەر بردن .تێكدانی رەگەزی زەوی كشتوكالی بۆ كاری تر كە دەكرێ‌ لە شوێنی تر قەرەبوو بكرێتەوە ,نەوەك لەسەر زەوی كشتوكالی بەهۆكاری بێ بنەما.

 
18_ پاراستن و گەشە پێدانی ناوچە گەشتیاریەكان و پاراستنی سیمای سروشتی جوانی كوردستان بە شێوەیەك زیان بە تۆپۆگرافیای ناوچەكە نەكەوێت .وەك ئەوەی ئێستا دەكرێ‌ زیانی زۆر گەورە بەر دارستان و لێرەوارە سروشتیەكان كەوتووە ,بەهۆی خراپ بەكارهێنانی ئامیری هەلكەندن.

 
19_ جیاكردنەوە و پۆلێن كردنی سەرچاوەكانی كار ,واتە جووتیار جووتیاربێت و كرێكار كرێكاربێت و مووچە خۆری دەوڵەت نابێ‌ لە هەمووی پشكی هەبێـت.ئەمە وادەكات كار بەشی زۆرترین كەس بكات و هەر كەسە و باشتر كاری خۆی دەكات . بەمانایەكی تر واتە دابەشكردنی كار و بوونی مەری پسپۆڕی لە كار.

 
20_ باشتركردنی ئاستی خوێندن و فێركردن بەتایبەت خوێندنی بالا واتە پێوەری زانستی و سەردەمیانە هەبێت بۆ ئەوەی كادری خوێندنی بالا ئاستی زانیاری و مەعریفی زۆر زیاتر بێت لەوەی كە هەیە .نەوەك ئاستی زانیاری و مەعریفی بە بەراوورد لەگەل بڕوانامەكەی زۆر لە دواوە بێت .لە هەموو سێكتەرێك ئاستی زانیاری و مەعریفی تاقی بكرێتەوە بۆ ئەوەی لەگەل ئاستی بڕوانامەكەی بێتەوە .

 
21_ بە دیجیتاڵ كردنی حكومەت .واتە حكومەتی ژمارەیی .مەبەست لە دیجیتاڵی حكومەت واتە هەموو كاروبارەكانی حكومەت لە تەواوی دەزگاكان بە تۆڕی جالجالۆكەیی ئەنتەرنێتەوە گرێ‌ بدرێ‌ ,بۆ ئەوەی حكومەت زانیاری تەواوی لەسەر كۆی كاروبارەكانی خۆی و تەواوی تاكەكانی هەبێت .هەروەها هۆكارێكیشە بۆ بەخێرایكردن و رایكردنی كاروباری دەوڵەت و هاولاتیان و بوونی زانیاری تەواو لەسەر جولە و كار و كردەوەی هاولاتیان .ئەمەش رێگای زۆرشت كورت دەكاتەوە .هەروەها دەروزاەكانی ئەنجامدانی گەندەلی بەرتەسك دەكاتەوە .

 
ئەمانە و چەندین خالی تر دەكرێ‌ وەك بەرنامە و فەلسەفەی یەكێتی جێگای بكرێتەوە لە حوكمڕانی بەپێی ئەو رێژەی كە بەشدار و هاوبەشە لە حوكمڕانی كوردستان .ئەگەر یەكێتی نەتوانێ فەلسەفە و بەرنامەی خۆی لە حوكمڕانی جێبكاتەوە كەواتە بوونی لاوازتر دەبێ و پڕۆژەی نوێبوونەوەشی سست و لاوازدەبێت.

 
هەروەها دەبێ یەكێتی پێكۆل بكات بۆ رێكخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەی ئامار و سەرژمێری لە كوردستان,هەروەها رێكخستن و تەتەلەكردنی لیستی دەنگدەران تاكو لیستێكی پاك و بێگەرد بخرێتە بەردەستی كۆمیسۆنێكی چالاك و لێهاتوو  بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد بۆ ئەوەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەلگای كوردستان متمانە بە هەڵبژاردن و بەشداریكردنیان هەبێت و باوەڕیان بە دەورانی دەسەلات هەبێت لە پڕۆسە دیمۆكراسیەكاندا.ئەگەر پرسی دیمۆكراسی هەروەك ئێستا بە جلەوگیری و دەستەمۆیی بمێنتەوە ,ئەوە بەدلنیایەوە كوردستان دووچاری پوكانەوە و زیانی زۆر گەورە دەبێت و هیچ متمانە و پشتگیریەكی كۆمەلی نێودەولەتی نامینێ‌ .بۆیە پرسی دیمۆكراسی و رێكخستنەوەی دام و دەزگاكانی دەوڵەتداری بە شێوەیەكی ستاندار و سەردەمیانە باشترین هۆكارن بۆ سەرنج راكێشان و پشتیوانی و هاوكاری وڵاتانی رۆژئاواو پێشكەوتوو .



30/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر