بەشی هەشتەم
سەبارەت بە ناوچە دابڕێنراوەكان یان ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێم ستراتیجیەتی یەكێتی روون و ئاشكرایە كە ئەم ناوچانە كوردستانین و بەشێكی دانەبڕاون لە خاكی كوردستان . روونی دید و بۆچونی سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەم ناوچانە هەر لەسەرەتاوە دیاربووە .بۆیە لە گفتوگۆی ساڵی 1984 یەك لە هۆكارەكانی نەگەیشتن بە رێكەوتن لەگەل رژێمی بەعس كەركوك و خانەقین و ناوچەكانی تر بوو .لە ماوەی شۆڕشی نوێشدا یەكێـتی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە و لایەنگری لەم ناوچانە هەبووە ,چونكە ئامانج و بەرنامە و ستراتیجی یەكێتی ئەم ناوچانەی لە پێشینەی خەباتی خۆی دانابوو. ئەمەش نیشانەی روونی سیاسەتی یەكێـتی بووە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان . لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقی ساڵی 2003 .یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە لایەنگری یەكجار زۆرەوە لە سەرتا سەری ناوچە دابڕێنراوەكان دەركەوت .ئەمەش وایكرد هەمیشە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكێتی لەپێش هەموو حزبە كوردستانیەكانی ترەوە بێت .لە شەڕی داعش و گروپە تیرۆرستیەكانی تریش هەمیشە یەكێـتی رۆلی دیاری هەبوو لە پاراستنی ئەو ناوچانە . زۆرجار بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان راستیەك خۆی هەلدەكێشێ ئەویش ئەوەیە پڕۆسەی ریفراندۆم وەك پیلانێك بووە بۆ لەدەست دانی ئەم ناوچانە , تاكو پێگەی یەكێتی لاوازبكرێت و دۆست و لایەنگری كەمبكرێتەوە و هەژموونی یەكێـتی بێ كاریگەر بكرێت. ئەگەرچی دوای ئەم دۆخە نەخوازراوەی هاتە سەر كەركوك و ناوچەكانی ترلە دوای ریفراندۆمەسەقەتەكەی 25/9/2017 ,لەدواین هەڵبژاردینی ساڵی 2018 دیسان خەڵكی ناوچەكە متمانەیان زیاتر بەخشیەوە بە لیستی یەكێتی سەرەڕای ئەو هەموو فشار و پڕوپاگەندە بێ بنەما و كەم و كوڕیەی كە هەبوو لەسەر دەنگدەران .لە دواین جار دیدی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەم بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان دووپاتكردنەوەی مافە دەستووریەكانە كە لە ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیركراوە .ئەگەرچی دەبوایە تەواوی هەنگاوەكانی ئەم ماددەیە تاكو كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێ بكرابایە ,بەلام هەتاكو ئێستا سیاسەتی خراپی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا و خەم ساردی سەركردایەتی سیاسی كورد ئەوەی خۆی لە چوارچێوەی رەسمیاتی سەرۆكایەتیەكانی دەسەلاتی هەرێم و نوێنەران كورد لە بەغدا دەبینێتەوە زۆركەم تەرخەم بوونە بەرامبەر بە دۆسیەی ماددەی 140ی دەستوور . لەسەر مان و نەمانی هێزی دەستووری ئەم ماددەیە دادگای فیدڕاڵی عێراق رۆژی 31/7/2019 رایگەیاند كەوا ماددەی 140 ماددەیەكی دەستووریە و لایەنی جێبەجێكار كە حكومەتی عێراقیە كەم تەرخەمە لە جێبەجێكردنی ,ئەمەش ئەو راستیە دەسەلمێنێ كەوا رەوایەتی لە مافەكانی كورد لەم ناوچانەدا هەیە.بۆیە ستراتیجی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەی چوارەم لەسەر ناوچەدابڕینراوەكان روون ئاشكرایە كەوا سەركردایەتی یەكێتی دەبێ بە بەرنامە و پلانێكی تازەوە خەبات بكات بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری تاكو چارەنووسی كەركوك و ئەم ناوچانە یەكلایی ببێـتەوە . ئەو هەنگاوانەی وابڕیارە یەكێـتی بیانگرێتە بەر لەگەل ئەوەی پێویستە بەرنامە و پلانی هەمەڕەنگی هەبێت بۆ ئەم ناوچانە دەكرێ بەم شێوەیە بخرێتە روو .
1_ پێكهێنانی تیمێكی شارەزاو لێهاتووی بەردەوام لەكەسانی پسپۆڕ لە رووی مێژوو و یاسا و جوگرافیا كەوا بەردەوام لە بەغدا و ناوچەكان كاری تەنها فشار دروستكردن خستنە رووی بەلگە و دیكۆمینەتەكان بێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور.
2_ ئەندامانی لیستی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەهاوكاری لیستەكانی تری كوردستان هەموو دەم گروپی فشار بن لەسەر حكومەت و پەرلەمانی عێراق و دامەزراوەكانی تر بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ماددەی 140.
3_ پێویستە لە رێگای سەرۆك كۆمار و وەزیرە كوردەكانی ناو حكومەتی عێراقی هەمیشە فشاری بەردەوام هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور.
4_ دەبێ لە رێگای نوێنەرەكانی كوردەوە لەحكومەت و پەرلەمانی عێراق هەولبدرێ هەمیشە پڕۆژەی ئاوەدانی لەم ناوچانە بەردەوامی هەبێت تاكو خەڵكی رەسەنی ناوچەكە نیشتەجێ ببنەوە .
5_ سەقامگیری ئاسایش و دلنیایی زۆر پێویستە بۆ ئەم ناوچانە تاكو دانیشتوانەكەی هەست بە ئارامی و دلنیایی بكەن بۆ درێژەدان بەژیان و مانەوەیان وئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لەسەر زەویەكانیان .ئەمەش بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە بەشێكی گرنگی چارەسەر دەبێت.
6_ یەكلایكردنەوەی دۆسیەی زەوی و زاری جووتیارانی كورد لە رێگای دادگاكان بۆ ئەوەی هیچی تر عەرەبی هاوردە چاونەبڕێتە سەر زەوی و مال و حالی كورد ,چونكە بەعس لە پڕۆسەی تەعریب بەهۆی بڕیارەكانی زەوی كوردی خستۆتە سەرناوی عەرەبی هاوردە.
7_ گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری و سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەلایەتی دانیشتوانی ئەم ناوچانە ,بەشێوەیەك كەوا ئاشتی كۆمەلایەتی و لێبووردەیی زیاتر پەرە بسەنێ لە نێوان خەڵكی رەسەنی ناوچەكە بۆ ئەوەی هەماهەنگ و پشتیوانی كورد بن لە یەكلایكردنەوەی دۆسیەی ناوچەكە .
8_ رێگە گرتن لە دووبارە تەعریب كردنەوەی ناوچەكە ,چونكە لە رابردوو بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە بالانسی دانیشتوان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و عەرەبی هاوردەی زیاتر تێدا نیشتەجێ كراوە .
9_هەولدان بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ناوچە دابڕینراوەكان بۆ سەر زێدی خۆیان بۆ ئەوەی قولایی ستراتیجی جوگرافیا و دانیشتوانی كوردستان زیاتربكشێت ,نەوەك لەوە زیاتر بەرتەسك بێتەوە .بێگومان ئەمەش دەبێ لە ریگای حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكان كۆمەكیان پێبكرێ ,بۆ ئەوەی بتوانن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بنیادبنێنەوە .
10_ كاركردن بۆ راكێشانی پڕۆژەی وەبەرهێنان لەم ناوچانە تاكو كار و كەسابەتی زیاتر بۆ دانیشتوانەكەی فەراهەم بكرێ .هەروەها دامەزراندن بۆ دەرچوان تاكو سوورتر بن لەسەر مانەوەیان لەناوچەكانی خۆیان .