خەمێکی سارد بۆ جەنگێكی گەرم

سامان وەستا بەکر

خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ خاکەکە دابەشکراوەکەت لە نێوان دوو داگیرکەرا دووبارە دابەش ئەکرێتەوە، ھەناسەیەکی ئارامی ھەڵکێشی و بڵێی سەرکەوتین!

 

خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کاتێ کۆمەڵ کوژ و بێ کەس کوژ ئەکرێی چاوەڕێ بکەی میلەتانی تر و خەڵکانی بێگانە بەهاناتەوە بێن و ڕاکێشانی سۆز باشترین چەکی بەرگریت بێت.

 

خەم ساردی میلەتێک ئەویە کاتێ دوژمن بە ئاشکرا و بێ پەردە باس لە گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێک لە خاکی کوردستان ئەکا بە جێگیرکردنی نەتەوەی عەرەب و تورکمان لە خەڵکانی توندڕەو بەڵام سەرکردەکانی کورد ئامادەنین پێکەوە دانیشن.

 

خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کاتێ بۆ لێکدابڕانی سێ بەشی خاکی کوردستان دوژمن پلانی دروست کردنی چەند هەرێمێکی داناوە کە پاشتر وەک وڵاتێک بناسرێ تا نەمانی پەیوەندی و لێکدابڕان لە نێوان کوردەکانی سێ پارچەیا ببێ بە بەربەست و  کز بوون و نەمانی هەستی یەک نەتەوەو یەک خاک، کەچی سەرۆکی کۆی حیزبە کوردییەکان لە ناویشیانا سەرۆکی هەرێم و داو دەزگا فەرمیەکان ئامادەنەبن ئەو پرسە بگەیەنە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەم پرسە پرسێکی گشتگیرەو لێکتێگەشتنێکی فراوانیشی لەسەر ئاستی دنیا بۆ دروست بووە و تەنها جوڵەی کوردی پێویستە!

 

خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە کە هیچ کۆمپانیا و  بازرگانێک ئامادەنەبێ و دەست لەبەرژەوەندییە تایبەتیەکانی هەڵگرێ و ببێتە پێشەنگ بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی و گەڕان بەدوای جێگرەویا و هاندانی خەڵک بۆی.

 

خەم ساردی میلەتێک ئەوەیە جارێ داگیرکاریەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا لە ترۆپکایە بەڵام ھەندێ کەناڵ و مێدیاکارو ئەندام پەرلەمان و لە بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسانێکی گرێدراو جا لە ڕێی ئابوری و بەرژەوەندی مادی یان لەڕێی جاشایەتی و سیخوڕی کردن بۆ دوژمن، یان نەزانانە و تەنیا لەبەر ئەوەی لەڕێی بازرگانی کردن لەگەڵ دوژمن و کۆمپانیا سیخوڕیەکانەوە داھاتێکی مفت و سامانێکی بێ شومار پێکەوە ئەنێن، خەڵکی ساردئەکەنەوە لەوەی کە (بایکۆت کردن)ی کاڵای تورکی نەک سودی نیە بەڵکو بەزەرەری خۆشمان ئەشکێتەوە، لە کاتێکا پێچەوانەکەی ڕاستە و بۆ یەکەم جارە کە کۆی کورد نەک یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بگرە یەک کرداریش پێکەوە ھەنگاوێکی پێکەوەی بەرەو سەرکەوتنێکی ئاست بەرزو زیرەکانە ئەنێن و زۆربەی ھۆشمەند و ئابوری ناسانی جیھانیش ڕژد لەسەر گرنگی کارێکی وا پێکەوەی ئەکەنەوەو دڵنیای ئەیەن کە تێکشانێکی زۆر ڕووبەڕوی ئابوری تورکیا و دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان و سەرکەوتنێکی مەزنی بێ خوێن ڕشتنی بەدواوە ئەبێ بەمەرجێک بایکۆتەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بێت ئەوا بەرەنجامێکی مەودا درێژی ئەبێ.

 

بایکۆت کردن چەندین سودی تری ھەیە، یەکێک لەوانە دابەزینی نرخی کاڵاکان بەجۆرێک کۆمپانیا تورکەکان ناچارئەبن کە نرخ زۆر دابەزێنن تا بازاڕی نوێ بۆ کاڵاکانیان بدۆزنەوەو بەو جۆرەش ڕکابەرێتی لە نێوان کۆی کۆمپانیا ناوخۆی و جیھانی و دراوسێکانا دروست ئەبێ و سەرەنجامی ئەمەش لە بەرژەوەندی کڕیارو ھاوڵاتیە.

 

بایکۆت وا لەھەر وڵاتێک یان کۆمپانیایەک ئەکا کە پێداچوونەوە بە ڕابردویا بکاو بگەڕێ بەدوای ھەڵەکانیا و سەرکێشی نەکا و کارێک نەکا کە کڕیار سزای بات.
خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کە دین پێش نەتەوە بخات و  هەر کاتێ سەرکردەیەکی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی و زانایەکی ئاینی وێنەی عەلی قەراغی تیا هەڵکەوێ لەبری سود بۆ نەتەوە بە پێچەوانەوە نەتەوە بکەن بەخۆراکی دین. ئاخر کە کورد تا ئێستاش سەرزەنشتی سەلاحەدین ئەکا  و گازندەی لێی هەیە بەڵام هیچی لەگەڵ ڕابردووا بۆ ناکرێ، بەڵام خۆ لە ئێستایا ئەتوانێ کورد بوون لە عەلی قەراغی وەرگرێتەوەو هەروەک چۆن بە ڕەگەزنامەی قەتەرییەوە سەردانی وڵاتانی دنیا ئەکا و شین بۆ موسڵمانانی بۆرما و فەلەستین عەرەبی و نزا بۆ سەرکەوتنی ڕابەری توندڕەوی دژ بە کورد ئەردۆغان ئەکا  هەرواش ئەکرێ هاوشێوەی کاڵای تورکی بایکۆتی ئەو کەسایەتیە بێ کەڵکە بۆ کورد ئەژمارکراوەی سەر کورد بکات و هیچ مێدیا و لایەنێک و کەسایەتیەک پێشوازی لێنەکات.

 

خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە خۆت دار بەیتە دەستی دوژمن تا بیکێشی بەسەرتا، ئاخر زۆربەی مێدیای کوردی وەک پیاهەڵدانێ بۆ فەرماندە مەزڵوم کۆبانی (فەرهاد شاهین عەبدی) چەندین جار مێژووی ژیانی ئەو فەرماندەیەیان لەسەر سینیەکی زیوی ئەخەنە بەردەست نەیار و دوژمنەکەی و بەزمان حاڵی کورد ڕژد لەسەر پەکەکە بوونی ئەو ئەکرێتەوە لە کاتێکا تورکیا بە هۆکاری پەکەکە بوون کەوتۆتە داگیکاری وێرانکردنی ڕۆژئاوا کە ئەکرێ دوژمن سود لەم بڵاوکراوانە وەرگرێ و لە دژی ڕۆژئاوا بەکاریبهێنێ لەکاتێکا پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەقەڵەم دراوە لە ئەمریکا و زۆرێک لە ئەوروپا، جا ئیتر ئێمە پێمان خۆشبێ یان نا ئەبێ لە ئێستایا لەگەڵ ئەوەیا هەڵکەین.

 

خەم ساردی نەتەوەیەک لەوەیایە کاتێ لە کوردستان وە بەتایبەتی لە تاراوگە پاش ماندووبوونێکی زۆر خۆپیشاندانێکی بیست هەزاری، ستۆکهۆڵم بە نمونە ڕێکئەخرێ کە ئەم ژمارەیە بۆ تاراوگە زۆر بە ئاستەنگ کۆئەکرێتەوە ئەبینی زۆرترین ئاڵا بە وێنەی بەڕێز ئۆجەلان بەرز ئەکرێتەوانێ، لە کاتێکا تۆ بۆ شەرمەزارکردن و ڕاوەستانی هێرشێکی نابەرابەرو ڕاکێشانی سۆزو سەرنجی خەڵکانێک کۆبوویتەتەوانێ کە کورد نین تا لەو ڕێیەوە بتوانی پەستان بخەیتە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتی خانەخوێ و جیهان، کۆکردنەوەی زۆرترین دۆست، بەڵام بە بەرز کردنەوەی وێنەو هاوارکردن بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان ئیتر پەیامەکە وەک خۆی ناگات بگرە بەزەرەریش ئەگەڕێتەوانێ چونکە ئێمە هەرچەند بەڕێز ئۆجەلان بە سەرکردەیەکی کوردی ئازادیخواز ببینین بەڵام لە زۆرینەی ئەوروپا و ئەمریکا لە لیستی تیرۆرا تۆمارکراوە کە ئەمەش ئەبێتە هۆکارێک کە زۆرێک لە خەڵکانی وڵاتی خانەخوێ بە تایبەتی سیاسی و باڵا دەستەکان بەشدار و هاوسۆز نەبن ئەگەرچی لەو باوڕەشابن کە بەڕێز ئۆجەلان زیندانێکی سیاسیە.

 

خەم ساردی میلەتێک لەوەیایە کە بەدرێژای مێژوو بەردەوام لە سەنگەری بەرگریابووبیت و ھەمیشە و ھێرش کراوەتەوە سەرت و بەردەوام بڵێی ئێمە ئاشتی خوازین و تەنانەت بۆ جارێکیش لە پێناوی بەرگری کردن لەخۆت ھێرش نەکردبێت! بێ ئاگا لەوەی (ھێرش کردن باشترین بەرگرییە).

ئاخر ئەگەر تەماشای ھەر میلەتێکی پێشتر خاک داگیکراوی دنیا بکەین ئەبینین بەبێ خوێن ڕشتن و (لەبری بەرگری ھێرشکردن) نەبێ سەربەخۆی خود و خاکیان بەدەست نەھێناوە.

 

ئەڵبەتە فایەق بێ کەس هەر زوو درکی بەوە کردووە کە سەربەخۆی فیداکاری گیانی پێویستە کاتێ ئەڵێ:

 

(داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ   سەربەخۆیی و فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ).

 

بێگومان بەندە لەو بەرەیەم کە هەمیشە ئاواتخوازم خەباتی مەدەنی و سیاسی و دیالۆگ و لێکتێگەشتن شوێنی هێرش و جەنگ و ئازاری بگرتایەتەوە بەڵام خەباتی لایەنی کەم سەدەیەک ئەوەمان پێئەڵێ دراوسێکانمان هەمیشە سوودیان لەو میانڕەی و ئاشتی خوازیەی کورد وەرگرتووە و بگرە هەمیشە هەر لە ناخی ئەو دڵە پڕ دۆستایەتی و هاوڕێیەتیەوە دزەیان کردۆتەوە ناو بیرو هزری نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کورد و وەک جاش بەکاریان هێناون، ئاخر ئەبێ ئێمە ئەوەش بزانین دراوسێکانمان نە سویسراو، نە سوید و نە نمونەکانی تری ئەم وڵاتانە نین تا بتوانی ووشەو متمانەیان لێوەرگیرێ بەڵکو هەر چوار وڵاتی داگیرکەر خەڵکانێکن لە ئیسلامی توندڕەو دڕندەترین و دڵ پڕ لە قین ترین نەتەوە و میلەتانی جیهانن بۆیە ئەبێ کورد لەبری بەرگری بیر لە میتودی ترو بگرە لە هێرش کردنیش بکاتەوە.

 

ئاخر ئەگەر میلەتێکی پەنجا ملیۆنی بیەوێ سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوەی بەدەست بھێنێ، بێگومان ئەبێ ئامادەبێ خوێنی نێوەی ئەو ژمارەیە ببەخشێ ھەتا نیوەکەی تریان سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوە بەچاو ببینن نەک نەوە بە نەوەی بسپێرێ و بڵێن ئێمە ھەر ئەوەنەمان پێکرا، لە کاتێکا  کە کاتێ لێی ئەکۆڵیتەوە ئەبینی بە چەند سەد شەھیدێک ماندوو شەکەت بوون و ئاڵای خۆبەدەستەوانیان بۆ دوژمن بەرزکردۆتەوە! لە دەستدانی کەرکوک و ٪‏٥١ی خاکی باشوری کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ئامادەبی بە پاشە کشێ کردن لە ٤٣٢٠٠٠ ھەزرا کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوردستان جا بیانۆکە هەرچییەکبێ هەرچەندیش ‌هێزەکان نابەرابەربن لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩گەواهی دەری نوێ ترین مێژووی تۆمارکراوی خۆبەدەستەوەدانی کوردن.

 

جا ئەگەر خوێنێک بۆ سەربەخۆی خاک و شکۆی نەتەوە نەڕێژرێ، ئەوا مانەوەی جەستە بە دەستەمۆ بوون و خۆ بەدەستەوەدان ژەھراوی ئەکا و وەها خوێنێک بە ھەر کەسێکیش ببەخشرێ بێ غیرەتی ئەکا.

 

سەمەرەیە ئەگەر تا ئێستا ڕامیاری کاری کورد و سەرکردەی باڵا دەستی کوردستان نەتوانن جیاوازی لە نێوان لەدەستدانی خاک بە بەرگری و خوێن ڕشتن و پاشەکشێ و بەدەستەواندانا نەزانن؟

 

جیاوازی ئەم دوو جۆرە لە خاک دۆڕاندن لەوەیایە ئەگەر ئێستا بێت و شەڕڤانان دژە ھێرش بکەنە سەر سەرێکانی و گرێ سپی و پێشمەرگە دژە ھێرش بکەنە سەر کەرکوک ئەوا کۆی دنیا سەرزەنشت ئەکا و بە پەیمان شکێن و ئاژاوەگێڕ باس ئەکرێی، چونکە لەبەرامبەر شتێکا پاشەکشێ و کردووە جا تەنانەت ئەگەر ئەو شتە نەڕژانی خوێنی خەڵکی سڤیل و پیرو مناڵیش بێت، "خۆزگەم کورد ئەوەی لە توانایا بوایە و بیکردایە و بیشی پاراستایە ئەوکات با ھەر بە ئاژاوەگێڕ باسکرایە". بەڵام ھەرکاتێ شەڕڤان گەر لەتوانایانابێ دژە ھێرش بکەنە سەر عەفرین ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھیچ دژە ھەڵوێستێ نانوێنی چونکە خاکێکی داگیراوەو ھەمیشە ماف لای مافخوراو خاک داگیرکراوە و گێڕانەوەی مافیش بە کارێکی ڕەوا ئەبینرێ.

 

گرنگە تاکی کورد ئەوە بزانێ قەپ لە ھەر پارچەیەک بگیرێ بەشێ لەلەشی تۆ ئەکرێتەوە.

 

ھەر پارچەیەک سوژنێکی پیاکرێ، ئازار بە ھەمان دڵ ئەگا.

 

پارچەیەک لە هەر لایەک بپچڕێنێ ھەر ھەمان دەم ئەقیژێنێ.

 

ھەر داگیرکەرێکیش بەشێکی زیاتر یان کەمتری بەرکەوێ ھەر لە جەستەی شەکەتی تۆ دائەماڵرێ.

 

لە هەر لایەک کچێک یان کوڕێکی کورد بکوژێ سکی هەمان دایک ئەسوتێنێ.

 

30/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر