ھەڕەشە و سەرنج !

ئارێز عەبدولآ

یەکەم: رێککەوتنی یەکێتی و پارتی لە ئەنجامی ھیچ ھەڕەشەیەک نەبووە، چونکە یەکێتی ھەرگیز لە ھەڕەشەکان نەترساوە و ناشترسێ، لەسەرەتاشەوە ئامادەیی بۆ بەشداریکردن دەربڕیوە، لەو پێناوەشدا چەند مانگێکە لە  گفتوگۆدایە. ئەگەر لە رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەو رێککەوتنە راگەیەندرا پەیوەندی بە ئەنجامی گفتوگۆکانەوە بوو نەک ھەڕەشە. دەنا خۆ پارتی زووتریش دەیتوانی لەگەڵ گۆڕان حکومەت پێک بێنێ، پێک نەھێنانی حکومەتیش کەمتر پەیوەندی بەیەکێتیەوە ھەبووە.
دووەم:  رێککەوتن لە کوردستان و یەکھەڵوێستی لە عێراق بۆ خەڵکی کوردستان زۆر گرنگن، بەڵام دەبێ ئەو رێککەوتنانە بنەمای سەقامگیر و تەبایی ھەمیشەیی بن نەک بەنج کردن و دابەشکردنی پۆستەکانی دەسەڵات و بەرژەوەندیە حزبییەکان.
سێیەم: یەکێتی و پارتی لەسەر شێواز و چۆنیەتی بەشداریکردن رێککەوتن، بەڵام ئەگەر بابەتی سیستمی پەرلەمانی، پەسەندکردنی دەستور، چاکسازی.....  بەرنامەی کاری یەکێتی و پارتی و حکومەت نەبن ئەوا ئێمەی یەکێتی ئۆباڵی جێگیرکردنی سیستمێکی نا پەرلەمانی و نا دیموکراتیمان دەکەوێتە ئەستۆ. ئەو رێکەوتنەش بۆ ئەمڕۆ ھەر چەندە گرنگ بێ ماوەکەی لە سێ ساڵ و نیوی تر تێناپەڕێ. بۆیە پۆستێکی باڵا زیاد یان کەم بۆ یەکێـتی لە بەرامبەر سیستمێکی مۆدێرن و دیموکراسی نەک بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو بۆ یەکێتیش ھیچ بەھایەکی نییە، مەگەر بۆ ئەو کەسە نەبێ کە پۆستەکە وەردەگرێ.
چوارەم: دەبێ ئێمەی یەکێتی بیسەلمێنین کە پابەندی دروشمەکانی خۆمانین و گفتوگۆکانیشمان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت تەنیا لە پێناوی ژمارەی وەزارەتەکان و دۆزینەوە ھەلی کار نەبووە بۆ چەند ھەڤاڵێک  و لەو بارەیەشەوە ئەرکمانە ئەسپی خۆمان تاوبدەین.

06/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر