لە هەلومەرجێكدا كە هەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێكەوتە باشەكانی رێككەوتن و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ هەواڵی گواستنەوەی نزیكەی هەموو فەرمانبەرە یەكێتیەكان و چەند پارتیەكی ناو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ وەزارەتەكان بڵاوكرایەوە. ئەو هەواڵە لە ئەنجامی بڕیارێك بوو كە بە ئیمزای سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەركراوە. بەراستی ئەو بڕیارە جێگای نیگەرانیە، چونكە:
یەكەم: ئەو فەرمانبەرانە دەمێكە لەوێ كاردەكەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی سەرۆك و كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بوان.
دووەم: ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە كە حكومەتێكی هاوپەیمانی پێك دەهێندرێ و خەڵكی چاوەڕوانی كەمكردنەوەی ناكۆكیەكان و بەیەكەوە كاركردنن، نەك پاكتاوكردنی دامەزراوەكان و تاپۆكردنیان لەسەر لایەنێكی دیاریكراو.
سێیەم: سەیركردنی كارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەلەی حزبایەتی كارێكی نەشیاوە، ئەبێ هەموو لایەك بزانین كە دامەزراوەكانی دەوڵەت موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانن و ناكرێ لایەنێك یان چەند لایەنێك لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بكەن.
چوارەم: لە هەرێمی كوردستان ئازادی بیر و باوەڕ و حزبایەتی ئازادە، ناكرێ بەهۆكاری بیروبۆچونی جیاواز هاوڵاتیان بەگشتی و كارمەندانی حكومەت بەتایبەت لە مافەكانیان بێ بەش و جیاكاریان پێبكرێ.
پێنجەم: سزادانی بەكۆمەڵ كارێكی نا دەستوری و رێكارێكی نایاساییە و نابێ ئەو جۆرە هەنگاوانە بندرێن.
شەشەم: راستە چەند ئەندامێكی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەكێتیەكانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاكتاوكردن كراونەتە قوربانی؟
حەوتەم: سەرەڕای ئەوەش هەواڵێكی وا هەیە كە هەندێ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆكایەتی هەرێم و هەندێ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشكردن دەكرێن. ئەوەش هەنگاوێكە كە نە لەڕووی سیاسی و نە لە روِوی یاسای لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێ.
لە كۆتاییدا هیوادام سەرۆكی حكومەت ئێستا و سەرۆكی ئاییندەی هەرێم چاوێك بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەكێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ، چونكە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوكێ و ترس لەناو خەڵكی كوردستان دروست دەكەن.