١٦ ی ئۆکتۆبەر..!!

ئارێز عەبدولآ

‎لێدوان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی پارتی هێندە بالۆرەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان دووبارە کردۆتەوە ئەو ڕووداوە گەورەیان زۆر لە قەبارەی خۆی بچوکتر کردۆتەوە. هەر کە باسی شازدەی ئۆکتۆبەردەکرێ، دەڵێی ٣١ی ئاب دووبارە بۆتەوە. ئەو کوتانەوەیە بە بەرنامەیە ئایا پاکانەیە لە ئۆباڵی ئەنجامی ریفراندۆم یان بۆ هاوسەنگییە؟

‎دەگوترێ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت کراوە، گریمان زانیاریەکی وا لەبەر دەستە، بەڵام خۆ دامودەزگا نیشتیمانیەکان لەبەردەستی پارتیبوون و ئێستاش هەر لەبەر دەستیدان، ئایا بۆچی لەسەر ئاستێکی باڵا کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوە دانەنراوە تاکو ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن و ئەگەر دەرکەوت کەسێک یان لایەنێک خیانەتی کردووە سزا بدرێ و دواتریش لە ناو کۆمەڵ ڕیسوا بکرێن؟

‎١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو ڕۆژەیە کە هێزی پێشمەرگە لە خانەقینەوە تاکو شنگال بە درێژایی نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە برامبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پاشەکشەی کرد. ئایا ئەگەر کەرکووک بە هۆی خیانەتەوە کەوتبێ ئەی شنگال، دەشتی نەینەوا، مەخموور و گەرمەسێر بۆ؟

‎بە کورتی ئەو دۆسیەیە پێویستە یەکلایی بکرێتەوە یان ئەوەتە لەسەر ئاستێکی باڵا لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێ و ئەنجامەکەی دەربخرێ یان چیتر تۆمەت بۆ هیچ کەسێک هەڵنەبەسترێ.

‎من پێم وایە ئەگەر کەسانێک هەبن پەنجەی خیانەتیان بۆ درێژبکرێ لەوە گەورەتر بە دوادانەچوون و جێبەجێ نەکردنی ئەرکە نیشتیمانی و ئەخلاقی و یاساییەکانە. پێویستە ئەو بابەتە لە بنەڕەتەوە یەکلایی بکرێتەوە. پارتی دەڵێ ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشداربوونە بۆیان نییە پۆستی باڵا وەربگرن!... جارێ لە پێشەوە پرانسیپێکی یاسایی هەیە دەڵێ تۆمەتبار بێتاوانە تا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەکرێتەوە، ئەی کەواتە ئێوە چۆن لە ڕەشەوە خەڵک تۆمەتبار دەکەن و بەبێ ساغ کردنەوەش سزای دەدەن؟! ئەگەر لە ڕەشەوەش نییە بۆچی بابەتەکە بەشێوەیەکی یاسایی یەکلایی ناکەنەوە؟

‎من دەپرسم ئەگەر لەمەودوا مەرجی یەکێتی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەوەبێ کە نابێ هەر کەسێک بەشداری ٣١ی ئاب کردبێ پۆستی باڵا وەربگرێ، کاردانەوەی پارتی چی دەبێ و چی لەم وڵاتە دەقەومێ؟ 

‎لە کۆتاییدا دووبارە دەڵێم ئەرکی سەرۆکی هەرێم، حکومەت، حزبەکان، داواکاری گشتیە کە ڕاستی و نا ڕاستیەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەربخەن، دەنا ناکرێ چیتر یەکێتی لەو تۆمەیە گەورەیە بێدەنگ بێ.

09/06/2019



وتارەکانی تری نوسەر