ئایاسۆفیا! تێکشکاندنی پەیکەری کەمالیزم یان مانۆڕێکی دی هەمان ڕێباز؟

ئارێز عەبدولآ



دوای ٨٦ ساڵ ئەمڕۆ جارێکیتر نوێژی هەینی لە ئایاسۆفیا کرایەوە. ئەو بڕیارەی ئەردۆگان لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا و جیهانیش مشتومڕێکی گەورەی لە نێوان لایەنگر و دژ دروستکردووە، بەڵام ئەردۆگان لەم هەلومەرجەدا پێویستی بەو هەنگاوە بوو، بۆیە بێ دوو دڵی دامودەزگاکانی دەوڵەتی ناچارکردن ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن. هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێک کە لە لایەن ئەتاتورکەوە درابێ  کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەسەڵاتی ڕەهای ئەردۆگان و عەقیدە ئیسلامیەکەی ئەو زەمینەیان بۆ ڕەخساند کە ئایاسۆفیا بکاتەوە بە مزگەوت. لە مێژ نییە ئەردۆگان هەنگاوێکی دی لەم شێوەیەی نا،ئەوەتا بە بیانووی کردنەوەی فڕۆکەخانەی گەورەی ئیستانبوڵ، فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی داخست و ناوەکەشی بۆ فڕۆکەخانە نوێیەکە نەگواستەوە!


دیارە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەردۆگان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا لانیکەم هەندێ لە کۆتوبەندە کەمالیزمیەکان نەهێڵێ و بەو هۆیەشەوە ڕێگای کرانەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بگرێتە بەر، لە ناویشیاندا کێشەی کورد. لەسەر ئەو ئاراستەیە هەندێ هەنگاوی نا، بەڵام دواتر لەو هەنگاوانە نەک هەر پەشیمان بووەوە، بگرە توندتر لە هەندێ لە کەمالیستەکانی پێشخۆی ڕووبەڕووی کورد بووەوە. واتە، لە جیاتی چارەسەرکردن کێشە ناوخۆییەکانی قوڵتر کردنەوە و لەسەر ئاستی دەرەوەش کێشەی لەگەڵ هەموو وڵاتە دراوسێکانی درووست کرد. دەپرسین ئەوە بۆچی؟


وەڵامی ئەم پرسیارە باسی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام بە بۆچوونی خۆم:


یەکەم: ئەو دەیەوێ بە هەر شێوەیەکبێ تا سەر لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە، لەو پێناوەشدا بە لایەوە گرنگ نییە گەلانی تورکیا چەند باج دەدەن.


دووەم: سیاسەتێکی فراوانخوازی هەیە و نایشارێتەوە کە دەیەوێ میراتی دەوڵەتی عوسمانی وەربگرێتەوە، لانیکەم لە کوردستانی باشور، کوردستانی ڕۆژئاوا، سوریا، دەریای سپی ناوەڕاست و تەنانەت لیبیاش.


سێیەم: ئەو دەرفەتی ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی نێوان هەردوو زلهێزی ڕوسیا و ئەمەریکای قۆستۆتەوە و تا ئێستا توانیویەتی بەو هۆیەوە بەشێک لە مەرامەکانی وەدی بێنێ.


چوارەم: ئەو لە لایەک لە ژێر دروشمی فراوانخوازی هەندێک لە ئاسەوارەکانی ئەتاتورک دەسڕێتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەش لەگەڵ بەرەی نەژادپەرستی تورک هاوپەیمانیەتیەکی تۆکمەی درووستکردووە. ئەو هاوپەیمانیەتیەش لەسەر بنەمای فراوانخوازی و ڕووبەڕوو بوونەوەی خواستە ڕەواکانی گەلی کوردستانە، بۆیە نەژادپەرستە کەمالیستەکان نەک هەر لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی بێدەنگن بەڵکو چەپڵەشی بۆ لێدەدەن.


بە کورتی، ئەو زۆر بە ڕوونی پارێزگاری لە هەموو ئەو ڕێسا و پرانسیپە کەمالیستیانە دەکا کە لە دژی کورد و نەتەوەکانی تری تورکیا نزیکەی سەد ساڵە کاریان پێ دەکرێ، بەڵام بە ڕاکێشانی سۆزی ئیسلامیست و نەژادپەرستەکانی تورک و ئیخوانیە جیهانییەکان دێ لە ناو ئایاسۆفیا قورئان دەخوێنێ!


کەواتە ئەردۆگان مەبەستی تێکشکاندی پەیکەری ئەتاتورک و کەمالیزم نییە، بەڵکو ئەوەی ئێستا دەیکا مانۆڕێکە لە چەندین مانۆڕیتر بە ئامانجی مانەوەی خۆی لە دەسەڵات و فراوانکردنی نەخشەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣.
 

24/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر