ڕۆژئاڤا تەڵەیەکی مسەوگەر بۆ تورکیا

دانا هەڵەبجەیی

داوێکی مەترسیدار بۆ تورکیا دانراوە، ئەگەر لوتبەرزی و کەللەڕەقی تورک بەردەوام بێت و بچێتە ناو خاکی سوریاوە، و وا بزانێت ھەر وەک داگیرکردنەکەی عەفرین وایە، ھەروا بە ئاسانی بۆی ئەچێتە سەر، ئەوا چوونە ناو سوریای ئەمجارەی وەک ھاتنە دەرەوەی نابێت.

 
ھەر بۆیە بە ڕای من دنەی تورکیا ئەدەن کە ئەو ھەڵە گەورەیە بکات، ھەڵەی گەورەش سزای گەورەی بە دوادا دێت.

 
چۆن خۆرئاواییەکان شل بوون تا سەددام بچێتە ناو کوەیتەوە، ئاواش ئێستا نەرمی ئەنوێنرێت تا ئەردۆغان  بچێتە ناو سوریاوە، ئەوسا ھەوپەیمانییەک لە وڵاتانێک لە دژی دروست ئەکەن کە لە عەقڵی ھیچ تورانییەک و پاشکۆکانیدا نەبێت.

 
ھەرچەند تورک تا دوا ئۆقرەی بەرامبەر، یاری ئەکات و بۆی ھەیە پەشیمان بێتەوە، چونکە ئەو لە سەر کار و کاردانەوە ھەڵوێست وەر ئەگرێت... . من پێم وایە ئەگەر ێەردۆغان ئەم ھێرشە چاوەڕوانکراوە بکات کە ڕیکلامی بۆ ئەکات، ئەوا  کێشەی قبرس و یۆنان و جینۆسایدی ئەرمەنییەکانیشی بۆ زیندوو ئەکەنەوە، ئەوا دۆزی کوردی باکوریش باڵا ئەکات و  عەبدوڵا ئۆجەلانیش وەک چارەمەندێک بۆ دۆخی شێوای ناوخۆی تورکیا ئازاد ئەکەن.

 
تورکیا لە دۆخێکی قەرزاری و داڕمانی ئابوریدایە، ھەر ئەبێت ئەردۆغان جوڵەیەک بکات بۆ ئەوەی ئەو دۆخە و شکستی پارتەکەشی بشارێتەوە و تورکیا و ناوچەکە بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات.

ئەم جوڵەیە دوا تیری دوژمنە خوزگە ئەیوەشاند.


09/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر